داهاتی نانەوتی ئەو خاڵە ناکۆکە بوو کە هەولێر
و بەغدا لە کۆتا ساتەکاندا لەسەر رێککەوتن، ئێستاش مەترسی هەیە هەر بەهۆی ئەو خاڵەوە
کێشە بۆ ناردنی مووچە دروست بێت.
بەپێی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی
فیدراڵی، دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار یان زیاتر وەک داهاتی نانەوتی
بۆ حکومەتی عێراق بنێرێت.
هەرێمی کوردستان لە یەکەم هەنگاودا پابەندی رێککەوتنەکە
بوو، بڕی 120 ملیار دیناری رێکی وەک داهاتی نانەوتی بۆ حکومەتی عێراق نارد و مووچەی
مانگی ئایاری وەرگرت.
هەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە پابەندی رێککەوتەنەکەی
لەگەڵ حکومەتی عێراق بێت، بەڵام مەترسی هەیە داهاتی نانەوتی کێشە بۆ ناردنی مووچە
دروست بکات.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری داهاتی
نانەوتی هەرێمی کوردستان مانگانە 300 - 350 ملیار دینارە کە رێژەی 15%ـی بە شێوەی
کاش نییە.
هەر بەپێی ئەو داتاکان، 160 ملیار دیناری ئەو
داهاتە بۆ خەرجی وەزارەتەکان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەم
داهاتە دەدرێت.
ئەگەر داتاکانی وەزرەتی دارایی و ئابوری وەربگرین
دەردەکەوێت کە خەرجکردنی 280 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ئاشكرایە(160 ملیار بۆ خەرجی
و 120 ملیار دینار بۆ عێراق) و نزیکەی 70 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە.
ئەگەر ئەو رێژەیەشی لێ دەربکەین کە بە کاش نییە
و بڕەکەی لە نێوان 45 - 47 ملیار دینارە، هێشتا گرفتێک لە ناردنی 120 ملیار دینار
بۆ بەغدا نابینێرێت.
بە داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی
کوردستان دەردەکەوێت کە دەتوانرێت هەموو مانگێک لەسەر داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا
بکرێت بە مەرجێک بڕی داهاتەکە کەمنەکات.
داتاکان پێچەوایەی ئەو بانگەشانەی دەکرێت، دەرییان
خستووە کە داهاتی نانەوتی تا ئێستا نەبووەتە کێشە و مەترسییەک بۆ راگرتنی ناردنی
پارە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئێستا گرفتە رادەستنەکردنی نەوت.
عێراق داوای 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات،
بەڵام هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمی نەوت کەمی
کردووە ناتوانێت ئێستا ئەو بڕە رادەست
بکات، دیاریش نییە کەی بەرهەمهێنانەوەی نەوت ئاسایی دەبێتەوە.
ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ
بکات بەغدا بەڵێنی داوە لە ناردنی مووچە بەردەوام بێت، ئەگەر پابەندیش نەبێت مووچە
نانێرن.
داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 411% و داهاتی مانگانەش 91% بەرز بوونەتەوە، بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکە بەهۆی داخڵکردنی پارەی کارەباوەیە و پارەکەش لەگەڵ کۆمپانیایەک پاکتاوی قەرزی پێ کراوە.
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ ئەمڕۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ ئەمڕۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار.
داهاتی مانگێک پێشتری هەمان سنوور، بەگوێرەی شەفافیەت 62 ملیار و 14 ملیۆن و 735 هەزار و 857 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 56 ملیار دینار زیادیکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکان لە ماوەی هەفتەیەکەدا بۆ داخڵکردنی 80 ملیار دیناری پارەی کارەبا دەگەڕێتەوە کە بەشێوەی مەقاسە یان پاکتاو بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic سەرچاوەی ئەو داهاتە قەرزی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەلای چەند کۆمپانیا و کارگەیەکی گەورەی سنوری سلێمانی.
کۆمپانیاکان پارەکەیان بە کاش نەگەڕاندوەتەوە بەڵکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پاکتاوی قەرزی لەگەڵ کردوون، بەپێی زانیارییەکان ئەو 80 ملیار دینارە پارێزگای سلێمانی پاکتاوی قەرز بووە لەگەڵ کۆمپانیای ماس.
کۆمپانیای ماس کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4 ملیار دیناری قەرزارە لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیاکە قەرزاری حکومەتە لە بەرامبەر پێدانی کارەبا بۆیە حکومەت ئەو پارەیەی لێ وەرنەگرتوونەتەوە بەڵکو خستویەتیە بری بەشێکی ئەو قەرزانەیان کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پارێزگای سلێمانی نزیکەی 40%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، بەڵام وەک سەرچاوەیەک ئاگادار لە داهاتی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، سلێمانی نزیکەی 60%ـی پارەی کارەبا دەدات و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش پێکەوە کە نزیکەی 60%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن نزیکەی 40%ـی پارەی کارەبا دەدەن.
پارێزگای سلێمانی لە رێگەی شەش گەنجینەوە داهاتی نانەوتی کۆدەکاتەوە کە گەنجینەکانی سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەن.
داهاتی ساڵی رابردووی هەر شەش گەنجینەکە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە، ئەم ساڵیش تا ئەمڕۆ زیاترە لە 530 ملیار دینار.
بە پەپێی یاسای کارگێڕی دارایی (الاداره المالية)ـی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 مادەی 29، دەبێت ئەو داهاتە لە 50%ـی بگەرێیتەوە بۆ داهاتی نانەوتی، تا ئەو کاتەی ئەو فەرمانگە خۆبەڕێوەبەرییانە( تمويل ذاتي) داهاتیان بە گشتی لە خەزێنەی دەوڵەت جیا دەکرێتەوە.
بەپێی ماددەی 45ـی هەمان یاسا پاکتاوپێکردنی پارەکە بۆ خەرجی وەبەرهێنان و فرۆشتنی وزەی کارەبا دەبێت،بەڵام نابێت هەمو خەرجیەکانی بە تەنها و بە گشتی لەسەر داهاتی یەک شار بن.