دوای سێ رۆژ لە بڕیاری خەرجکردنی پارەی مووچەی
مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەڵام تائێستا بەغدا یەک دیناری بۆ هەرێم نەناردووە بەهۆی
نەبوونی پارەی نەختینەییەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش داوا دەکات، بەغدا
بەزوترین کات پارەی مووچەی هەرێم بنێرێت.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو ئەمڕۆ 23ی 7ی 2025، وەزارەتی
دارایی عیراق مووچەی مانگی ئایار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەك
بۆ دابەشكردنی مووچە نەخرایە سەر هەژماری دارایی هەرێم.
كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە
پەرلەمانی عێراق بە میدیای رەسمی حزبەکەی راگەیاندووە، نە ناردنی مووچەی مانگی ئایار
لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێم، پەیوەندی بە نەبوونی پارەی كاشەوە هەیە
لە وەزارەتی دارایی و هەوڵەكان بۆ بەدەستخستنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن
دارایی عێراقەوە بەردەوامن.
دەشڵێت: حكومەتی عێراق نایەوێت دەستكاری لە پارەی دیاریكراوی مووچەی مانگی حەوتی
مووچەخۆرانی عێراق بۆ هەرێم بكات و كورتهێنانی لە مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بۆ دروست
ببێت، بۆیە بەناچاری ناردنی مووچەی بۆ هەرێمی كوردستان بە هۆكاری جیاواز راگرتووە.
لەبارەی وادەی ناردنی مووچەوە وتی: وەزارەتی
دارایی بەنیازە ئەمڕۆ و سبەی ئەو كورتهێنانەی كە بۆ مووچەی هەرێم هەیەتی لەلایەن
بانكی مەركەزییەوە پڕبكاتەوە و مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، پاشانیش بەردەوامبێت لە دابەشكردنی
مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی.
نزیكەی 85 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە،
ئەمڕۆیش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەموو
پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە،
بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا مووچەی سێ مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی
نەناردووە.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، ئەنجوومەنی
وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە بواری داهاتی نانەوتیدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی
کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی
فیدراڵی. هاوکات لیستی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی بە وردبینیکراوی رەوانە
کردووە و تەواوی داتاکانی داهات و خەرجی بەشێوەیەکی شەفاف خستووەتە بەردەم تیمەکانی
چاودێریی دارایی.
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت ئەنجومەنی وەزیران
ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ لیژنەی وەزارەتی
نەوتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی
هاوبەش لەسەر پڕۆتۆکۆڵی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی
نەوتیشی بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان.
لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، ئەنجوومەنی
وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان
بنێرێت و رایگەیاند، مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێبەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان،
کە مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بیانوویەک ئەم مافە پێشێل
بکرێت.
داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 411% و داهاتی مانگانەش 91% بەرز بوونەتەوە، بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکە بەهۆی داخڵکردنی پارەی کارەباوەیە و پارەکەش لەگەڵ کۆمپانیایەک پاکتاوی قەرزی پێ کراوە.
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ ئەمڕۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ ئەمڕۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار.
داهاتی مانگێک پێشتری هەمان سنوور، بەگوێرەی شەفافیەت 62 ملیار و 14 ملیۆن و 735 هەزار و 857 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 56 ملیار دینار زیادیکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکان لە ماوەی هەفتەیەکەدا بۆ داخڵکردنی 80 ملیار دیناری پارەی کارەبا دەگەڕێتەوە کە بەشێوەی مەقاسە یان پاکتاو بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic سەرچاوەی ئەو داهاتە قەرزی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەلای چەند کۆمپانیا و کارگەیەکی گەورەی سنوری سلێمانی.
کۆمپانیاکان پارەکەیان بە کاش نەگەڕاندوەتەوە بەڵکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پاکتاوی قەرزی لەگەڵ کردوون، بەپێی زانیارییەکان ئەو 80 ملیار دینارە پارێزگای سلێمانی پاکتاوی قەرز بووە لەگەڵ کۆمپانیای ماس.
کۆمپانیای ماس کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4 ملیار دیناری قەرزارە لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیاکە قەرزاری حکومەتە لە بەرامبەر پێدانی کارەبا بۆیە حکومەت ئەو پارەیەی لێ وەرنەگرتوونەتەوە بەڵکو خستویەتیە بری بەشێکی ئەو قەرزانەیان کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پارێزگای سلێمانی نزیکەی 40%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، بەڵام وەک سەرچاوەیەک ئاگادار لە داهاتی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، سلێمانی نزیکەی 60%ـی پارەی کارەبا دەدات و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش پێکەوە کە نزیکەی 60%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن نزیکەی 40%ـی پارەی کارەبا دەدەن.
پارێزگای سلێمانی لە رێگەی شەش گەنجینەوە داهاتی نانەوتی کۆدەکاتەوە کە گەنجینەکانی سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەن.
داهاتی ساڵی رابردووی هەر شەش گەنجینەکە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە، ئەم ساڵیش تا ئەمڕۆ زیاترە لە 530 ملیار دینار.
بە پەپێی یاسای کارگێڕی دارایی (الاداره المالية)ـی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 مادەی 29، دەبێت ئەو داهاتە لە 50%ـی بگەرێیتەوە بۆ داهاتی نانەوتی، تا ئەو کاتەی ئەو فەرمانگە خۆبەڕێوەبەرییانە( تمويل ذاتي) داهاتیان بە گشتی لە خەزێنەی دەوڵەت جیا دەکرێتەوە.
بەپێی ماددەی 45ـی هەمان یاسا پاکتاوپێکردنی پارەکە بۆ خەرجی وەبەرهێنان و فرۆشتنی وزەی کارەبا دەبێت،بەڵام نابێت هەمو خەرجیەکانی بە تەنها و بە گشتی لەسەر داهاتی یەک شار بن.