هەواڵ

ماکرۆن لە ئیلیزێ پێشوازیی لە عەبدی دەکات

Mic
2025-07-24

شاندێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەزڵوم عەبدی لە فەڕەنسایە، بڕیارە بە نێوەندگیری ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا کۆببنەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەستەی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسان لەگەڵ شاندێکی حکومەتی سوریا  کۆدەبنەوە.

پێشبینی دەکرێت ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا سەرۆكایەتیی شاندی وڵاتەكەی بكات، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکان گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی ڕێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع و چارەنووسی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سوریای نوێ و چۆنییەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە.

ڕۆژی چوارشەممە پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویكردەوە، فەڕەنسا ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی لایەنەكانی سووریا لە پاریس دەكات بە ئامادەبونی ئیمانوێل ماكرۆن.

بڕیارە سبەینێ هەیینی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ بەشێوەیەکی فەرمی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی و شاندی دانوستانکار هەردولا بکات.

هەسەدە بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک قەوارەیەکی سەربە حکومەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بمێنێتەوە و وەک هێزێکی سەربەخۆ تێكەڵ بە سوپای سوریا بکرێت و لە چوار چێوەی سوپای سوریا خۆی پارێزگاری لە ناوچەکانی بکات.

میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەوە بەوەدەکەن، لە ڕۆژانی ڕابردو جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ، لە عومان لەگەڵ تۆماس باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و نوێنەرانی سوریا کۆبونەتەوە.

هەروەها میدیاکان ڕۆژئاوا کۆبوونەوەکە عومان بە ئەرێنی وەسف دەکەن و باس لەوەدەکەن حکومەتی دیمەشق و خۆبەڕێوەبەری، لەسەر ئیدارەدانی هاوبەشی دەروازە سنورییەکان ڕێککەوتون و لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرینیش گەیشتون بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

لە عومان، لەنێوان شاندی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دیمەشق، گفتوگۆ لەسەر دۆسییە بەڕێوەبردنی نەوت و دەستگیرکراونی هەردولا و چەندین دۆسییەی دیکە کراوە، کۆبونەوەکەی پاریس درێژکراوەی ئەو کۆبونەوەیە دەبێت.

تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا، دۆسیەی نەوت، دەروازە سنورییەکان و هاڵوگۆڕی زیندانیان، فڕۆکەخانەکان، گەڕانەوەی ئاوەرە سورییەکان و ژمارەیەک دۆسییەی دیکە لەگرنگترین ئەو پرسانەن کەدەبێت دیمەشق و هەسەدە لەسەری ڕێکبکەون.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە 10 مانگی ئاداری ڕابردوودا ڕێككەوتنێكی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا واژوو كرد، بەندی یەكەمی ڕێككەوتنەكە دووپات لەسەر مسۆگەركردنی مافی هەموو سوورییەكان دەكاتەوە لە نوێنەرایەتیكردن و بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە بنەچەی ئایینی و نەتەوەییان.

لە چوار چێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا تەکەز لەسەر ئەوە کراوە کۆمەڵگەی کوردی بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی سویا و دەبێت مافەکانی کورد و تەواوی کەمایەتییەب نەتەویی و ئاینییەکانی دیکەی سوریا بپارێزرێت.

ڕووداوەكانی سوەیدا، پێگەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بەهێزتر كرد و تۆماس باراك نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا، لە دوا كۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، نەرمیی زیاتری نواندووە.  فەڕەنساش وەك دۆستێكی كورد متمانەی زیاتر بە هەسەدەیە و هەمیشە هەوڵی پشتیوانی داوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

داهاتی سلێمانی چۆن لە ماوەی هەفتەیەکدا 411% زیادییکرد؟ لەگەڵ کۆمپانیایەک پاکتاو کراوە

Mic
2025-07-26

داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 411% و داهاتی مانگانەش 91% بەرز بوونەتەوە، بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکە بەهۆی داخڵکردنی پارەی کارەباوەیە و پارەکەش لەگەڵ کۆمپانیایەک پاکتاوی قەرزی پێ کراوە. 

 

 بەپێی  ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ ئەمڕۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە.

هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ ئەمڕۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار.

داهاتی مانگێک پێشتری هەمان سنوور، بەگوێرەی شەفافیەت 62 ملیار و 14 ملیۆن و 735 هەزار و 857 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 56 ملیار دینار زیادیکردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکان لە ماوەی هەفتەیەکەدا بۆ داخڵکردنی 80 ملیار دیناری پارەی کارەبا دەگەڕێتەوە کە بەشێوەی مەقاسە یان پاکتاو بووە. 

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic سەرچاوەی ئەو داهاتە قەرزی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەلای چەند کۆمپانیا و کارگەیەکی گەورەی سنوری سلێمانی.

کۆمپانیاکان پارەکەیان بە کاش نەگەڕاندوەتەوە بەڵکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پاکتاوی قەرزی لەگەڵ کردوون، بەپێی زانیارییەکان ئەو 80 ملیار دینارە پارێزگای سلێمانی پاکتاوی قەرز بووە لەگەڵ کۆمپانیای ماس. 

کۆمپانیای ماس کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4 ملیار دیناری قەرزارە لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیاکە قەرزاری حکومەتە لە بەرامبەر پێدانی کارەبا بۆیە حکومەت ئەو پارەیەی لێ وەرنەگرتوونەتەوە بەڵکو خستویەتیە بری بەشێکی ئەو قەرزانەیان کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

پارێزگای سلێمانی نزیکەی 40%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، بەڵام وەک سەرچاوەیەک ئاگادار لە داهاتی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، سلێمانی نزیکەی 60%ـی پارەی کارەبا دەدات و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش پێکەوە کە نزیکەی 60%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن نزیکەی 40%ـی پارەی کارەبا دەدەن. 

پارێزگای سلێمانی لە رێگەی شەش گەنجینەوە داهاتی نانەوتی کۆدەکاتەوە کە گەنجینەکانی سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەن. 

داهاتی ساڵی رابردووی هەر شەش گەنجینەکە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە، ئەم ساڵیش تا ئەمڕۆ زیاترە لە 530 ملیار دینار.

بە پەپێی یاسای کارگێڕی دارایی (الاداره المالية)ـی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 مادەی 29، دەبێت ئەو داهاتە لە 50%ـی بگەرێیتەوە بۆ داهاتی نانەوتی، تا ئەو کاتەی ئەو فەرمانگە خۆبەڕێوەبەرییانە( تمويل ذاتي) داهاتیان بە گشتی لە خەزێنەی دەوڵەت جیا دەکرێتەوە.

بەپێی ماددەی 45ـی هەمان یاسا پاکتاوپێکردنی پارەکە بۆ خەرجی وەبەرهێنان و فرۆشتنی وزەی کارەبا دەبێت،بەڵام نابێت هەمو خەرجیەکانی بە تەنها و بە گشتی لەسەر داهاتی یەک شار بن.