دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،
پارتی و یەکێی وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێ رادەگەیەنن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی
کردەیی نەنراوە بۆ کۆبونەوەی ئەو دوو حزبە و رێککەتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
دوو مانگە کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر
پێکهێنانی حکومەت وەستاوە، جیاوازی تێڕوانینی هەردوولا بۆ دابەشکردنی پۆستەکان هۆکاری
رێکنەکەوتنیانە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
یەکێتی پرۆژەیەکی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان خستووەتە بەردەم
پاتی، کە تێیدا پۆستەکانی پۆلێن کردووە بۆ سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان،
وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان و دەستە و فەرمانگەکان، لەبەرامبەردا پارتی دەیەوێت بەپێ
بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و رازینییە بە پرۆژەکەی یەکێتی.
رۆژی 8ـى نیسان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی
کوردستان وتی: "گفتوگۆی ئێمە بۆ ئەوەیە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت، هیچ
نییەتێک نە لەلایەن ئێمە نە لەلایەن یەکێتییەوە بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکومەت نییە".
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر قسەکانی نێچیرڤان بارزانیدا تێپەڕیوە،
کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی پارتییە، بەڵام هیچ ئاسۆکی روون نییە بۆ پێکهێنانی
حکومەت، بەپێی زانیارییەکان، هیچ وادەیەکی نوێ بۆ کۆپبونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر
پێکههێنانی حکومەت دیاری نەکراوە.
رۆژی 19ـى تەمموز،
لەمیانی کۆبونەوەی لەگەڵ بباڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکی
حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت.
هەروەها رۆژی 24ـى تەمموز، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی
کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانیان بەو ئاڕاستەیەن کە حکومەتی نوێ پێش هەڵبژاردنی
عیراق پێکبهێنین.
وابڕارە رۆژی 11ـى 11ـى ئەمساڵ هەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، لە ئێستادا سێ مانگی ماوە، لەگەڵ ئەوەی پارتی و
یەکێتی هەنگاوی کردەییان نەناوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، رێکارەکانی کۆبونەوەی پەرلەمان
و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە
دوو مانگی پێویستە.
داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 411% و داهاتی مانگانەش 91% بەرز بوونەتەوە، بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکە بەهۆی داخڵکردنی پارەی کارەباوەیە و پارەکەش لەگەڵ کۆمپانیایەک پاکتاوی قەرزی پێ کراوە.
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ ئەمڕۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ ئەمڕۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار.
داهاتی مانگێک پێشتری هەمان سنوور، بەگوێرەی شەفافیەت 62 ملیار و 14 ملیۆن و 735 هەزار و 857 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 56 ملیار دینار زیادیکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic هۆکاری زیادبوونی داهاتەکان لە ماوەی هەفتەیەکەدا بۆ داخڵکردنی 80 ملیار دیناری پارەی کارەبا دەگەڕێتەوە کە بەشێوەی مەقاسە یان پاکتاو بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic سەرچاوەی ئەو داهاتە قەرزی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەلای چەند کۆمپانیا و کارگەیەکی گەورەی سنوری سلێمانی.
کۆمپانیاکان پارەکەیان بە کاش نەگەڕاندوەتەوە بەڵکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پاکتاوی قەرزی لەگەڵ کردوون، بەپێی زانیارییەکان ئەو 80 ملیار دینارە پارێزگای سلێمانی پاکتاوی قەرز بووە لەگەڵ کۆمپانیای ماس.
کۆمپانیای ماس کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4 ملیار دیناری قەرزارە لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیاکە قەرزاری حکومەتە لە بەرامبەر پێدانی کارەبا بۆیە حکومەت ئەو پارەیەی لێ وەرنەگرتوونەتەوە بەڵکو خستویەتیە بری بەشێکی ئەو قەرزانەیان کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پارێزگای سلێمانی نزیکەی 40%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، بەڵام وەک سەرچاوەیەک ئاگادار لە داهاتی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، سلێمانی نزیکەی 60%ـی پارەی کارەبا دەدات و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش پێکەوە کە نزیکەی 60%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن نزیکەی 40%ـی پارەی کارەبا دەدەن.
پارێزگای سلێمانی لە رێگەی شەش گەنجینەوە داهاتی نانەوتی کۆدەکاتەوە کە گەنجینەکانی سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەن.
داهاتی ساڵی رابردووی هەر شەش گەنجینەکە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە، ئەم ساڵیش تا ئەمڕۆ زیاترە لە 530 ملیار دینار.
بە پەپێی یاسای کارگێڕی دارایی (الاداره المالية)ـی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 مادەی 29، دەبێت ئەو داهاتە لە 50%ـی بگەرێیتەوە بۆ داهاتی نانەوتی، تا ئەو کاتەی ئەو فەرمانگە خۆبەڕێوەبەرییانە( تمويل ذاتي) داهاتیان بە گشتی لە خەزێنەی دەوڵەت جیا دەکرێتەوە.
بەپێی ماددەی 45ـی هەمان یاسا پاکتاوپێکردنی پارەکە بۆ خەرجی وەبەرهێنان و فرۆشتنی وزەی کارەبا دەبێت،بەڵام نابێت هەمو خەرجیەکانی بە تەنها و بە گشتی لەسەر داهاتی یەک شار بن.