عێراق ئامادەکاریی بۆ خەرجکردنی مووچەی
مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، پەرلەمانتارێکیش
دەڵێت: لەگەڵ مووچەی مانگی حەوت، عێراق مووچەی مانگی شەشی هەرێم-یش خەرج دەکات.
لەبارەی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و
مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان، لە بەدوادا
چوونێکدا دیجیتاڵ میدیای MIC زانیویەتی، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق وربینی لە لیستی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان دەكات.
سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ هەواڵەکەی بۆ MIC پشتڕاستکردەوە
و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن لەم چەند ڕۆژەدا وردبینی لەلیستی مووچەی مانگی شەشی تەواو ببێت
کە ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق کاری لەسەر دەکات و لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی
حەوت، عێراق مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات.
"پێشتر ڕێککەوتن لەسەر ناردنی مووچەی
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، ئەگەر گرفتی تەکنیکی
نەیەتە پێشەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوو عێراق مووچەی مانگی شەش دەنێرێت"، وەک ئەوەی
سروە محەمەد دەیڵێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی مووچەی مانگی شەش سەردانی بەغداد بکات.
هەفتەی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی
کوردستان و فیدراڵ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی مانگانە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت و 120ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات و لە
بەرامبەریشدا حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.
بەهۆی هێرشی درۆنەکان لە دوو هەفتەی ڕابردودا بۆسەر
کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، توانای بەرهەمهێنانی نەوت بە ئاستێکی بەرچاو
کەمی کردوە، کە بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە، ئەگەر عێراق ئەمە نەکاتە بەهانە، دەبێت لە چەند
ڕۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی شەش و بەدواشیدا حەوت بنێرێت.
ماڵپەڕی شەفافیەت زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic لەبارەی هۆکاری زیادبوونی داهاتی سلێمانی لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پشتراستدەکاتەوە و دەڵێت، پارەکە وەک داهات هەژمار ناکرێت.
شوان جەبار سەپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، ئەو 80 ملیارەی وەک داهاتی بڵاوکراوەتەوە پارە نییە بۆ سلێمانی، بەڵکو پاکتاوکردنە لەگەڵ کۆمپانیاییەک.
وەک پێشتر دیجیتاڵ میدیای Mic بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ماس کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، باجی پارەی کارەبای سنوری پارێزگای سلێمانی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەت قەرزاریەتی پارەکەی نەداوە بەڵکو باجەکەی خستووەتە بری قەرزەکانی.
سەرپەرشتیاری شەفافیەت لەبارەی هۆکاری داخڵکردنی ئەو پارەیە وەک داهاتی سلێمانی باسی لەوەکرد، "ئەو 80 ملیارە لە ئەنجامدا داهاتێکە بۆ خەزێنەی گشتی بۆیە تۆمارمان کردووە، بەڵام داهاتەکە لای حکومەتە و ئەوان خستوویانەتە بەر ئەو قەرزانەی کۆمپانیاکە لایان بووە".
بە پەپێی یاسای کارگێڕی دارایی (الاداره المالية)ـی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 ماددەی 45ـی پاکتاوپێکردنی پار بۆ خەرجی وەبەرهێنان و فرۆشتنی وزەی کارەبا دەبێت، بەڵام نابێت هەمو خەرجیەکانی بە تەنها و بە گشتی لەسەر داهاتی یەک شار بن.
شوان جەبار سەپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت وتی،"لەو پاکتاوانەی کە بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەکرێت دەبێت دادپەروەری جێبەجێ بکرێت، بۆیە دەبوو ئەو پارەیەی لەسەری بووە بەشێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی کارەبای سنوری سلێمانی تەرخان بکرایە نەوەک هەمووی بدرێتەوە قەرز، چونکە زیانە ژینگەییەکانی بۆ ناوچەکەیە".
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار.
بەپێی داتاکانی مالپەڕەکە داهاتی هەفتەی رابردووی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 411% و داهاتی مانگانەش 91% بەرز بوونەتەوە.