هەواڵ

ىڕیارەکەی تورکیا کاریگەریی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نابێت

Mic
2025-07-21

سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاریدا ڕێککەوتنی بۆری نەوتی خاوی تورکیا و عێراق نوێ نەکاتەوە، پسپۆڕێکی بواری گرێبەستە نەوتییەکانیش دەڵێت، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر لێکتێگەیشتنەکەی ئەم دواییەی هەولێر و بەغداد نابێت.

بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی توركیا، کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوكراوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، بڕیاریداوە رێککەوتنی بۆری نەوتی خاوی تورکیا و عێراق نوێ نەكاتەوە، كە ساڵی داهاتوو كۆتایدێت.

بریارەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنی بۆری نەوتی خاوی عێراق تورکیا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و یەکسەر پرسیاری ئەوی بەدوای خۆیدا هێنا ئایا کاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت؟.

بڕیارەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر لێکتێگەیشتنەکەی ئەم دواییەی هەرێم و بەغداد لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نابێت، وەک ئەوەی محەمەد کاوانی، پسپۆڕی گرێبەستە نەوتییەکان بۆ دیجیتاڵ میدیای MIC باسی لێوە دەکات، وتیشی: ڕێککەوتنەکەی بەغداد و هەولێر بۆ چەند مانگێکی کەمی ئەمساڵە و تا بودجەی 2026 دەر دەچێت کاری پێ دەکرێت.

ئەو پسپۆڕەی بواری گرێبەستە نەوتییەکان، وتی، هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق و ناتوانێت جارێکی تر سەربەخۆ نەوت هەناردە بکاتەوە، مەگەر حکومەتی ئێستای عێراق بگۆڕێت، یان بڕیارێکی سیاسی دۆخەکە بگۆڕێت.

لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بۆری نەوتی تورکیا عێراق لەدوای کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنەکە، محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابوریی ناسانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای MIC ڕاگەیاند: نازانن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بیر لە چی دەکاتەوە، بێ گومان دەبێت ڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی بەکارهێنانی بۆرییەکە بێتە ئاراوە.


رێککەوتنی بۆری نەوتی خاوی تورکیا و عێراق لە بەرواری 27/8/1973، کە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە بەرواری 22/4/1975 پەسەند کراوە، بڕیاردرا بە گوێرەی مادەی (3) لە مەرسومی سەرۆكایەتی ژمارە (9) بەکۆتاییهێنان بەكاركردن بە رێككەوتنەكە لە 27/7/2026 بە رێککەوتنی تەواوکەری رێککەوتنی بۆری نەوتی خاو کە لەلایەن بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە.

ڕێککەوتنەکە لە لە 19ـی ئەیلولی 2010 هەموارکرایەوە، کە رێگە بە هەر لایەنێک دەدات رێککەوتنی 15ساڵە هەڵبوەشێنێتەوە، بە ناردنی ئاگادارییەکی نوسراو بۆ لایەنی بەرامبەر ساڵێک پێش وادەی بەسەرچونی.

ئامانجی تورکیا لەم هەنگاوە، وەک ئەوەی نەبێل مەرسومی، پسۆڕی ئابوریی عێراق دەڵێت: دامەزراندنی هێڵێكی بۆری نوێیە بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی لە بەسرەوە بۆ بەندەری جەیهان.
وەک مەرسومی دەڵێت: توانای پڕۆژە نوێکەی تورکیا 2,2  ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە و ئامانجی ئەنقەرە ئەوەیە ببێتە ناوەندێکی گەورەی وزەی ناوچەیی بەهێز.

تورکیا چاوی لەوەیە بە کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنەکە، رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ عێراق لەبواری گواستنەوەی نەوت واژۆ بکات، پێداچونەوەش بە نرخی گاواستنەوەی نەوت بکات بە ئاڕاستەی بەرزکدنەوەی کرێ گواستەوە و سوودی زیاتری ئابووریی.

More News

Most Popular

هەواڵ

وابڕوات فریا ناکەون.. پارتی و یەکێتی دەیانەوێت پێش هەڵبژاردنی عێراق حکومەت پێکبهێنن

Mic
2025-07-26


دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێی وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێ رادەگەیەنن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە بۆ کۆبونەوەی ئەو دوو حزبە و رێککەتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت.

دوو مانگە کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت وەستاوە، جیاوازی تێڕوانینی هەردوولا بۆ دابەشکردنی پۆستەکان هۆکاری رێکنەکەوتنیانە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

یەکێتی پرۆژەیەکی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان خستووەتە بەردەم پاتی، کە تێیدا پۆستەکانی پۆلێن کردووە بۆ سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان و دەستە و فەرمانگەکان، لەبەرامبەردا پارتی دەیەوێت بەپێ بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و رازینییە بە پرۆژەکەی یەکێتی.

رۆژی 8ـى نیسان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: "گفتوگۆی ئێمە بۆ ئەوەیە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت، هیچ نییەتێک نە لەلایەن ئێمە نە لەلایەن یەکێتییەوە بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکومەت نییە".

زیاتر لە سێ مانگ بەسەر قسەکانی نێچیرڤان بارزانیدا تێپەڕیوە، کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی پارتییە، بەڵام هیچ ئاسۆکی روون نییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەپێی زانیارییەکان، هیچ وادەیەکی نوێ بۆ کۆپبونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکههێنانی حکومەت دیاری نەکراوە.

رۆژی 19ـى تەمموز، لەمیانی کۆبونەوەی لەگەڵ بباڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت.

هەروەها رۆژی 24ـى تەمموز، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانیان بەو ئاڕاستەیەن کە حکومەتی نوێ پێش هەڵبژاردنی عیراق پێکبهێنین.

وابڕارە رۆژی 11ـى 11ـى ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، لە ئێستادا سێ مانگی ماوە، لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی هەنگاوی کردەییان نەناوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، رێکارەکانی کۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە دوو مانگی پێویستە.