هەواڵ

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدەدات

Mic
2025-07-21

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاگرەکەی پارێزگای واست کۆدەبێتەوە.

کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی تەمموزی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدەات.

بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، گفتوگۆ لەبارەی دوو تەوەر دەکرێت، تەوەری یەکەم ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای واست کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 70 کەس تاوتێوێ دەکرێت.

 بەرەبەیانی ڕۆژی 17ـی ئەم مانگە ئاگرێكی گەورە لە هایپەر مارکێتێكی شاری كوتی پارێزگای واست كەوتوە و بەهۆیەوە 70 كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیكەش بریندابون.

لەسەر ڕووداوەکە حکومەتی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا، بەهۆی کەمتەرخەمی چەند بەرپرس و ئەفسەرێک دەستگیرکران و دەیان کەسی دیکەش لە کارەکانیان دورخرانەوە.

لە تەوەری دووەمدا پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و مەترسی لەسەر ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغداد لەبارەی ناردنی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت.

هەفتەی ڕابردوو زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەهۆیانەوە زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکان کەوتوون، کارکردن لە بەشێکی زۆریاندا ڕاگیراوە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بە ئەنجامدەری هێرشەکان تۆمەتبار دەکات، حکومەتی عێراق بەبێ ناوهێنانی لایەنی ئەنجامدەر ڕایگەیاندووە هێرشەکان لە ناوخۆوە ئەنجامدراون.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەهۆی پرۆژەیەکی دامەزراوەی ڤیژنەوە چەند سەرمایەدارێک کۆمەکی دارایی پێشکەشی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن

Mic
2025-07-24


دوای ئیڤێنتێکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەسەر رەوشی کەرتی تەندروستی لە سلێمانی و ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەی هیوا، چەند سەرماییەدارێک لەسەر ئەرکی خۆیان پێداویستییەکاننیان دابینکرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەند سەرمایەداريکی شاری سلێمانی بڕیاریاندا کە ئەرکی چاککردنەوەی ئامێری تیشکی (MRI) نەخۆشخانەی هیوا بگرنە ئەستۆ، ئەوەش دوای ئەوەی د. یاد نەقشبەندی ـ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لە ئیڤێنتێکی دامەزراوەی ڤیژن دا باسیلەوەکرد کە ئامێرەکە لەکارکەوتتوە و بەهۆی نەبوونی بودجەوە چاک نەکراوەتەوە.

سەرمایەدار جەمالی حاجی علی و بازرگانانی بازاری شەوکەتی مەلا ئەرکی چاککردنەوەی ئامایرەکەیان لە ئەستۆ گرتووە کە ٢٦٥ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینارە.

شەممەی رابردوو دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، سیمینارێکی بە ناونیشانی "کەرتی تەندروستی لەنێوان ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکانی گەشەسەندندا" ريکخست کە تێیدا سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی چەندین ئامار و داتای پەیوەست بە کەرتی تەندروستی خستەڕوو. هاوکات د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لە گرفتەکانی بەردەمیان کرد .

یەکێک لە کێشەکانی نەخۆشخانەکەش لەکارکەوتنی ئامێری تیشک بوو کە بەهۆیەوە هەزاران نەخۆش ناچاربوون روو لە تاقیگو ئەهیلیەکان بکەن.

دامەزراوەی ڤیژن لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاوی کراوەدا بانگهێشتی بەرپرسانی باڵای حکومەت دەکات، بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا، بە ئامانجی رەخساندنی شەفافیەت و بەشداری زیاتری هاوڵاتیان و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان.