وەزارەتی نەوتی عێراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی نوێترین گرێبەستە واژۆکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە لە دوو رۆژی رابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئیمزای کردبوون.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا، ئاماژە بەوەدەکات، لە هەندێک دامەزراوەی میدیاییەوە ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکراوە کە بەهای بڕەکەی دەگاتە دەیان ملیار دۆلار.
وەزارتی نەوت ئەوە دەڵێت، مامەڵەی تاکلایەنەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لە کێڵگەکانی "میران" و "تۆپخانە - گردەمیر" لە پارێزگای سلێمانی، لەبەرئەوەی پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراقە کە رێگە دەگرێت لە ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ.
بەپێی داوای یاسایی ژمارە 59ی فیدراڵیی لە ساڵی 2012 و پاشکۆی ژمارە 110ی فیدراڵی لە 2019، سەرجەم دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەسەنێتەوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ لەبواری سامانە سروشتییەکاندا و ئەو دەسەڵاتە دەگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی.
وەزارەتی نەوت لە راگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەرچی عێراق پێوستییەکی زۆری بە قەبەکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی غازدا، بۆ کارپێکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتدا، بەڵام رێکارەکانی حکومەتی هەرێم لەوبوارەدا بە "بە ئاشکرا دژی یاساکانی عێراقە"، لەبەرئەوەی سامانە سروشتییەکان بە موڵکی هەموو خەڵکی عێراق ئەژمار دەکرێن و هەموو مامەڵەیەک لەو بوارەدا دەبێت لەرێگەی حکومەتی عێراقەوە بێت.
لە کۆتایی رونکردنەوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە، سەرجەم
ئەو گرێبەستانە پوچەڵن، بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای
فیدراڵیی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و (کۆمپانیای ئێچ كهی ئێن و گرووپی ئۆنێکس) لە
ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بە مەبەستی پەرەپێدان بە
کێڵگەی غازی میران، گرێبەستیان واژۆکردووە.
راگهیهنراوهكه ئاشکراشی دەکات، له كێڵگهكهدا مهزنده دهكرێت ههشت ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی ههبێت و ئەم گرێبەستە رێگەخۆشکەر دەبێت لە درێژخایەندا داهاتی بگاتە 40 ملیار دۆلار.
ئەمریکا پشتیوانی ئەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان دەکات کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆی کردووە و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە دەڵێت، ئۆتۆنۆمی کورد کۆڵەکەیەکی ئەو تێڕوانینەیە بەرامبەر عێراق هەمانە، هەروەها بەرپرسانی عێراق ویستی خۆیان بۆ پەیوەندییەکی باشتر و نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە.
نزیکەی 150 کۆمپانیای ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە چەند بوارێکی جیادا کار دەکەن، ئەگەرچی هەولێر و واشنتن خواستی زیادکردنی ژمارەکانیان هەبووە، بەڵام روبەروی ئاستەنگ بوونەتەوە.
لە 15 ساڵی رابردوودا بە چەندین هۆکار کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە و رێگە خۆشکراوە بۆ وەبەرهێنانی وڵاتانی دیکەی رکابەر لە عێراقدا.
ئێستا ئەمریکا خواستی گەڕانەوەی بەهێزی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی هەیە بۆ عێراق، مارکو روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دوایین لێدوانیدا لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس، رایگەیاند، بۆ بەرپرسانی عێراقیان روونکردووەتەوە بنەمای سەرەکی پەیوەندییەکانیان رێزگرتنە لە کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەو وڵاتە و کەمکردنەوەی کاریگەریی دەسەڵاتی ئێران لەسەر سروشتی کارەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
وەک خۆی وتی،" کاریگەی ئێران لەناو هەندێک لە جومگەکانی عێراق لە زیادبووندایە، بەڵام بەرپرسانی عێراق ویستی خۆیان بۆ پەیوەندییەکی باشتر و نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە".
باسی لەوەشكرد، "گفتوگۆمان لهگهڵ بهرپرسانی عێراق كردوه و جهختمانكردۆتهوه لهسهرئهوهی، ئۆتۆنۆمیی كوردەکان بریتییه له کۆڵەکەیەکی ئهو تێڕوانینەی بۆ عێراق ههمانه".
رۆژی 19ی ئابی رابردوو، لە ژوری بازرگانی ئەمریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی مەراسیمی واژۆکردنی دوو گرێبەستی کرد لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکایی، بۆ وەبەرهێنانی گاز و سامانە سروشتییە نوێبۆوەکان، بەڵام رۆژی 20ی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو گرێبەستانەی رەتکردەوە و بە (پوچەڵ و نایاسایی) وەسفیکرد کە دژی یاسا و دەستوری عێراقن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەیدا، جۆ ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بەو گرێبەستانە رایگەیاند، رژێمی تاران کاریگەری لەسەر بەغدا داناوە و هەنگاوەکانی بەغدا کۆنترۆڵ دەکات. بۆیە ئێران دەستوەردەدات و هەوڵدەدات رێککەوتنەکان رابگرێت".
لێدوانەکەی مارکو رۆبیۆ، لەچوارچێوەی بەرگرییکردنی بوو لە مافی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆئەوەی بتوانن بەبێ هیچ ئاستەنگێک وەبەرهێنان لە عێراق بکەن، هەروەها پشتیوانییەکی یەکلاکرەوەی ئەمریکاش بوو بۆ هەرێمی کوردستان کە هاوتەریبە لەگەڵ گەشەی کاری کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمریکا تا ئێستا خۆی وەک گەورەترین کۆمەکبەخش و پاڵپشتیکاری عێراق دەناسێنت. بەپێی داتاکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو، ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (USAID) زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری ئەمریکی وەک کۆمەکی گەشەپێدان بۆ باشترکردنی کۆمەڵگەکان پێشکەشکردووە.
ئەمە هاوکاری عێراقییەکان بووە بۆ دامەزراندنی سەدان بزنس و دروستکردنی هەزاران هەلی کار و بونیاتنانی 150 قوتابخانەی نوێ و 25 بنکەی خزمەتگوزاری تەندروستی و 130 پرۆژەی ئاو.
لە ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلاری ئەمریکیان دابینکردوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە عێراقییەکان و پەنابەرانی کەمدەرامەت لە بوارەکانی چاودێری تەندروستی و دەرمان و ئاوی پاکی خواردنەوە و ئاوەڕۆی باشتر.
لە ساڵی 2017ەوە وەبەرهێنانیان بە بڕی157 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە پرۆژەکان کردوە بە سەرپەشتی عێراقییەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن عێراقی.
لەبارەی ئاسایشەوە، لە ساڵی 2012ەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ بونیاتنانەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراق، ئەمریکا پێداویستییە گرنگەکانی وەکو چەکی پێشکەوتووی فرۆکەی ئێف 16 و زرێپۆشی جەنگی ئەبرامز و هەروەها ڕاهێنانی پیشەیی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایشی عێراق پێشکەش دەکات.
ئەلینا رۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی ئەو هاوکارییانەوە رایگەیاندووە، ئەو هاوکارییانە بۆ ئەوە بووە هێزە ئەمنییەکان نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی فرەچەشنی عێراق بکەن و وەڵامدەرەوەی حکومەتی خاوەن سەروەری عێراق بن و بتوانن بەرگری بکەن لە عێراق و رۆڵی لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمریکا چەند پرۆگرام و پرۆژەی جیاوازی بۆ عێراقییەکان بە هەرێمی کوردستان هەیە، بەپێی داتاکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە عێراق، هەزاران عێراقی سوودمەندن لە پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕییە پەروەردەیی و کەلتورییەکان.
زیاتر لە 5000 گەنجی عێراقی گەشتیان بۆ ئەمریکا کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەمجاندانی کاری گەورە لە عێراق، لە ساڵی (2024) 400 گەنجی تری عێراقی سەردانی ئەمریکایان لەڕێگەی پرۆگرامە ئاڵوگۆڕەکانەوە کردووە، لەوانەش پڕۆگرامی فولبرایت و پرۆگرامی ئاڵوگۆڕیی سەرکردەکانی گەنجی عێراقی و پرۆگرامی نێودەوڵەتی سەرکردەی سەردانکەر
ئەلینا رۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت رۆڵی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی لە عێراق باسی لەوەکردووە، بە دڵنیاییەوە وڵاتانی تری لە دەرگای عێراق دەدەن و بانگەشەی جێگرەوە دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوبەشانمان پێشکەشی دەکەن، بەڵام وەک باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، من نابینم هیچ یەکێکیان ئەوەندەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو رۆژێک پێشکەشی خەڵکی عێراق دەکات ئەوان پێشکەشی بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەیشکردووە، هیچ یەکێکیان ناتوانن هاوبەشییەکی هاوتای راستەقینە و یەکسان پێشکەش بکەن کە عێراق ببەستێتەوە بە جیهان و گەشەسەندنی عێراق بەهێز بکات، ئێمە پردی پەیوەندی لەنێوان خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی عێراق دروست دەکەین کە بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت.
هەڵوێستەکانی ئەمریکا دەریدەخەن، وڵاتەکە دەیەوێت بە ناردنی کۆمپانیاکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمی ئەو خەرجیانە بچنێتەوە کە لە عێراق دەیکات.
هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە پەیامەکان و دەتوانێت بە فروانکردنی کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق پێگەی فیدراڵی خۆی لە عێراقدا بەهێزتر بکات.