نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە دوو سەردانی جیاواز دەچنە ئەمریکا و تاران، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پرۆسەی ئاشتی، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکەن.
ئەم هەفتەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەولێر بەرەو تاران و واشنتن بەجێدەهێڵن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پرۆسەی ئاشتی، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەری سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەبێت.
بە وتەی محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە دوو رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەچێتە تاران.
ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران، کە لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێکدەخرێت.
کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت، لە 53 وڵاتی جیهانەوە شاند بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆڕبەندەدا بانگهێشت کراون.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، نیچیرڤان بارزانی لە پەروێزی گەشتەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆدەبێتەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پرۆسەی ئاشتی و دۆسیەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لەگەڵدا تاوتوێ دەکات.
هەرچی تایبەتە بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها گەشتەکەی بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic پشتراستکردەوە و هیچ زانیارییەکی لەبارەی سەردانەکەوە ئاشکرا نەکرد.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەوەری کۆبونەوەکانی مەسرور بارزانی دەبن.
یەکێتی کۆتایی بە نیگەرانییەکانی لەسەر "هەژماری من" هێنا و پشتیوانی بۆ پرۆسەکە راگەیاند، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، پڕۆژەکە دەستبەکار دەبێت.
"هەژماری من" یەکێک بوو لە ناونیشانی ناکۆکییەکانی بانگەشەی توندی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بەڵام ئێستا هەردوولا لەسەری کۆکن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی لە دوایین لێدوانیدا پشتیوانی بۆ " هەژماری من" راگەیاند و وتی،"پڕۆژەکە دەستبەکار دەبێت".
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، ئەو نیگەرانییانەی ئەوان لە رابردوو لەسەر پڕۆژەکە هەیان بووە، یەکلابوونەتەوە بۆیە پڕۆژەکە دەستبەکار دەبێت.
دوایین هەڵبژاردن "هەژماری من" تەوەری گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بوو، بە بڕیاری مەسرور بارزانی پڕۆژەکە لە نوسینگەکەیەوە گوازرایەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
هەنگاوەکە وەک بەشێک لە لێکتێگەیشتنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیی لەسەر خێراکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت نەبووە.
یەکێتی لەسەرو هەموویانەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەڵمەتێکی چڕیان دژ بە پرۆژەکە ئەنجامدا.
تەنانەت بە بڕیاری یەکێتی، نوسینگەکانی پرۆژەکە لە ناو بانکە حکومییەکانی سلێمانی داخران و داوا لە هاوڵاتییان کرا لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق "تەوتین" بکەن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، دوای کۆتایهاتنی ناکۆییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر " هەژماری من" ئێستا هەنگاوەکانی بەشداربوونی مووچەخۆران لە سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین خێراتر کراوە.
رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بە جۆرێک کۆتایی بە چیرۆکی "تەوتین" لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق هێناوە، ئێستا کەمن ئەو مووچەخۆرانەی باسی "تەوتین" دەکەن، لە کاتێکدا لە رابردوو جیاواز لە خۆپیشاندانەکان فەرمانبەران بە مانگرتن لە خواردن داوای جێبەجیکردنیان دەکرد.