هەواڵ

پێش جەژنی قوربان موچە دابەشدەکرێت

Mic
2025-05-19


ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، پێش جەژنی قوربان، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ئاستەنگێک بدات لەبەردەم پرۆسەی دابەشکردنی مووچەکەدا.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: "پێش جەژنی قوربان، موچەی مانگی پێنج (ئایار)ی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی رونیکردەوە، حکومەتی عێراق تاوەکو 25ی مانگ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی خۆی دابەشدەکات، دواتر دەست بە خەرجکردنی بودجە دەکات، تاوەکو ئێستا ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت لە چوارچێوەی خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەدا، نەک مووچە.


جەمال کۆچەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، دەڵێت "دوای تەواوبوونی وردبینی و رێکارەکان، وەزارەتی دارایی عێراق، پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات و مووچەکە دابەش دەکرێت".

مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرباری ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم، هێشتا بەچەندین پاساو ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دوادەخەن یان ئاستەنگی بۆ دروستدەکەن، ئەوەش نادڵنیاییەکی لەلای مووچەخۆرانی هەرێم دروستکردوە.

مانگانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 960 ملیار دینارە بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام مانگانە بەپێی وردەکارییە ئابوریی و داراییەکان لە بەغدادەوە گۆڕانکاریی لە بڕی پارەی نێردراودا دەکرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

پارێزگاری کەرکووک لا دەبرێت؟… هاوپەیمانییە پێکهێنەرەکەی ئیدارەی کەرکووک دەبێتە کەمینە

زانیار بەهادین
2025-05-21

دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە بیانووی " جێبەجینەکردنی رێککەوتن" لە هاوپەیمانیی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک کشانەوە و هاوپەیمانێتییەکە بووە کەمینەی ئەنجومەنی پارێزگا. بەپێی یاسا زۆرینەی رەهای ئەندامان دەتوانن حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان هەڵبوەشێننەوە. 

 
هەریەک لە رەعد ساڵح و شێخ زاهر ئەنوەر عاسی، کە دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکن، بە بیانووی "جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی" کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانێتی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکووک راگەیاند.

زیاتر لە 9 مانگە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکهێندراوە،بەڵام ئەو دوو ئەندامەی دەستلەکارکێشاوەیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، "ئێمە جیدیبوونمان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی سیاسی بەدینەکردووە".

تائێستا پێنج ئەندامی عەرەبی و دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو نوێنەری بەرەی تورکمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە.

بە کشانەوەی ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ژمارەی ئەو ئەندامانەی بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە بووە 9 ئەندام لە کۆی 16 ئەندام.

ئێستا بەرەی بایکۆت زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پێکدەهێنن، ژمارەی ئەندامانی هاوپەیمانی پێکهێنەری ئیدارەی نوێی پارێزگاکە بووەتە 7 ئەندام.

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵدەوەشێتەوە؟ 
بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق زۆرینەی ڕەهای کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەتوانن حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان پێکبهێنن و هەڵیشی بوەشێننەوە.

دیجیتاڵ میدیای Mic قسەی لەگەڵ بەشێک لەو ئەندامانە کردووە کە بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە، ئەوان رەتیانکردەوە کە هیچ پلانێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک هەبێت.

ئەگەرچی لە ماوەی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریکردنی لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک رەتکردبووەوە، بەڵام ناوەڕاوستی ئەم مانگە 8 ساڵ دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم پۆستی ئیداری لە پارێزگای کەرکووک وەرگرتەوە. 

دکتۆر شاسوار باوەیی، لەسەر پشکی ئەو حیزبە وەک یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک دەستبەکاربوو، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گەڕانەوەی ئەو حزبە بۆ ناو ئیداریی شارەکە دادەنرێت.

هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک

ڕۆژی 10ـی ئابی 2024، لە هۆتێل ڕەشیدی شاری بەغداد، بە ئامادەبوونی وەزیری دادی عێراق، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە بەشداری 9 ئەندام لە كۆی 16 ئەندام بەڕێوەچوو و تێیدا ڕێبوار تەها وەك پارێزگار و محەمەد حافز وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

دواتر پارتی، بەرەی تورکمانی و بەشێکی پێکهاتەی عەرەب، کۆبوونەوەکەیان بە نایاسایی ناوبرد و ڕاکان جبوری وەک لایەنە عەرەبیە ناڕازییەکان و حەسەن توران سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاساییان تۆمارکرد، بەڵام دادگا سکاڵاکانی رەتکردەوە. 

هاوپەیمانی سیادەش وەک هەڵوێستیێک، محەمەد حافز سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی لە هاوپەیمانێتیەکەی دورخستەوە و ڕایگەیاند، پابەندی سیاسەتی پارتەکە نەبووە و بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کردوە.

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك
دوای 18 ساڵ تێپه‌ڕینی به‌سه‌ر یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكدا، ڕۆژی 18ـی كانونی یه‌كه‌می 2023، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقدا، له‌ پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، له‌ سنوری كه‌ركوك، 871 هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی 16 نوێنه‌ر. كۆی گشتی 248 كه‌س خۆیان كاندید كردبوو، 318 بنكه‌ش بۆ ده‌نگدان ته‌رخان كرابوو.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسیی کۆتای لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەستهێناوە.