هەواڵ

ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنە 100 ملیار دۆلارییەکەی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان راگەیاند

Mic
2025-05-21


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌باره‌ى گرێبه‌سته‌كانى هه‌رێم ‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كانەوە دەڵێت: بەگرێبەستی نێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان ‌و هەرێمی کوردستان خۆشحاڵین و بە بەشێک له‌فراوانبونى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیه‌كانى هه‌ولێرو واشنتۆن ناوی دەبات.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بەو ڕێککەوتنە فراوانتر دەبێت‌ و بە ئیمزاکردنی گرێبەستیش لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ‌و فراوانبونی پەیوەندیی بازرگانیی نێوانمان خۆشحاڵین.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەى به‌وه‌شكردوه‌، ئەم جۆرە هاوبەشییانە بەرهەمهێنانی گاز لەعێراق بەهێزتر دەکات، سود بەهەردولا دەگەیه‌نێت.

ئێوارەی ڕۆژی 19ی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و لەڕێورەسمێکدا لەژوری بازرگانیی ئەمریکا لەواشنتۆن، سەرپەرشتی‌و چاودێریی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەبواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energyو وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بەجیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورەو گرنگیان لەبواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێم، لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئیمزاکرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە.

رۆژێک دوای ئەنجامدانی گرێبەستەکە، کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی وزەی لەگەڵ حکومەتى هەرێمی کوردستان کردووە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەو گرێبەستانە ئاسایشى وزەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات و داهاتەکەى دەگاتە 70 ملیار دۆلار.

کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس، لە راگەیەندراوەكەدا دەڵێت: کۆمپانیاکەیان بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکات، شانازی دەکات بە بەدەستهێنانی گرێبەستەکەیان لە کێڵگەی تۆپخانە کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانى وزە.

ئاماژە بەوەشکراوە، گرێبەستەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاسایش و فراوانکردنی وزەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشدار دەبێت لە پلانە گۆڕانکارییەکانی حکومەتی هەرێمى کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ ملیۆنان هاونیشتمانى.

کۆمپانیا ئەمریکییەکە، باسى لەوەشکردووە، کێڵگەکانی تۆپخانە و کوردەمیر بڕی پێنج تریلیۆن پێ سێجا گازى سروشتى و 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی تێدایە.

More News

Most Popular

هەواڵ

عێراق: سۆلار بۆ باڵەخانە حکومییەکان بەگەڕدەخرێت

Mic
2025-05-22



حکومەتی عێراق هەوڵدەدات هاوڵاتیان هانبدات کارەبای بەرهەمهاتوو بە وزەی خۆر بەگەڕبخەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا لە وڵاتەکەدا، بۆ ئەومەبەستە پرۆژەیەکی نوێی راگەیاندووە بۆ کاراکردنی خزمەتگوزاریی سۆلار (بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر) بۆ فەرمانگە حکومییەکان.

لە یەکەم قۆناغدا پرۆژەی سۆلار بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی بەگەڕدەخرێت، پاشان لە یەکەم هەنگاودا زیاتر لە هەزار بینای حکومی لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە سۆلاریان بۆ دادەنرێت، وەک بەشێک لە ستراتیجی پشت بەستن بە وزەی خاوێن و نوێبۆوە.

نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی محەمەد شیاع سودانی، وەکو سەرۆکی حکومەتی عێراقی، پڕۆژەیەکی بە بڕی 90 ملیار دینار پەسەندکرد بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەکانی سۆلار و سودوەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ باڵەخانە حکومییەکان.

لە دوو ساڵی رابردوودا، بە سودوەرگرتن لە تواناکانی کەرتی تایبەت، کارەبای 546 باڵەخانەی حکومی کۆڕدرا بۆ وزەی نوێبۆوە، ئەوانیش باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و کۆشکی حکومەت.

لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی نەوتی عێراق پڕۆژەیەکی نوێی لە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر راگەیاند، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە قەیرانی دابینکردنی کارەبا بەهۆی لاوازی بەرهەمهێنانەوە کە بەزۆری پشت بە گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە دەبەستێت و زیاتر لە 35٪ ی پێداویستییەکانی عێراق پێکدەهێنێت.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی کارەبای عێراق رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی مۆرکرد، بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی وزەی خۆر به توانای هەزار مێگاوات له بەسره، بەڕێوەبرایەتی وەبەرهێنانی بەسرە ئاشکرای کرد، کە تێچووی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەکە کە بەشێکە لە گرێبەستێکی 27 ملیار دۆلاری نزیکەی 820 ملیۆن دۆلارە.

رۆژی 20ـى ئایار، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وێستگەیەکی وزەی خۆری کردەوە، کە تایبەتە بە کۆشکی حکومەت کە توانای بەرهەمهێنانی دوو مێگاوات کارەبای هەیە.

سودانی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی لەسەر گرنگی پڕۆژەکە کردەوە، لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و وەبەرهێنانی وزەی خاوێنە لەپێناو زیادکردنی کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبا، هەم بۆ هاووڵاتیان و هەم بۆ دامەزراوە پیشەسازییەکان.

راشیگەیاند، حکومەت پلانی هەیە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەمەجۆر بکات و تاقیکردنەوەیەکی دەستپێکردووە، بە ئامانجی بەرهەمهێنانی 48.5 مێگاوات کارەبا لە بارەگای وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی و نەوت و گواستنەوە و پلاندانان کە کۆی گشتی بەرهەمهێنانی 10.5 مێگاوات دەبێت.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، سەرۆک وەزیران لەگەڵ تیمی نیشتمانی وزەی نوێبۆوە کۆبووەوە و ئاماژەی بە ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ئەم پڕۆژە گرنگانە کرد، هاوکات دەرفەتی کارکردن بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان دا.

هەروەها، رەزامەندی سەرەتایی درا بۆ دامەزراندنی دوو وێستگەی وزەی خۆر لە ناوچەکانی رەسافە و کەرخ بە توانای 20 مێگاوات بۆ هەر وێستگەیەک، جگە لەوەش وەزارەتی کارەبا دەستیکرد بە دامەزراندنی دوو وێستگەی دیکە بە توانای سێ مێگاوات هەریەکەیان وەک بەشێک لە پڕۆژەی وێستگەی کەناڵی سەربازی لە بەغدا.

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رۆژنامەی العربیە جدیدی راگەیاند، وەزارەتی کارەبا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لە دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان لە بواری دابینکردنی پەناڵ و پلێتە سۆلارییەکان، کارئاسانیییەکانیان پێ راگەیاندراوە بۆ ئەوەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق سود لە وزە خاوێنەکان وەربگیرێت.

باقر ساعدی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کردنەوەی پڕۆژەی وزەی پاک لە کۆشکی سەرۆکایەتی و چەند شوێنێکی دیکە، لەڕێگەی تۆڕێکی پشت بەستن بە سۆلار، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئاڕاستە و باوەڕی حکومەت بۆ گواستنەوەی تێڕوانینی خەڵک بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر لە دەستخستنی کارەبا و گەرمکەرەوەکان.

ساعدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی حکومەت دەستی پێکردووە سەرەتایەکە بۆ خزمەتکردنی 1000 باڵەخانەی حکومەت لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2025دا بۆ کارکردن بە سۆلار لە زووترین کاتدا، و ئەگەری فراوانکردنی پلانەکە هەیە بۆ زیاتر لە 5000 بینا لە ساڵانی داهاتوودا.