هەواڵ

هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە چاوەڕێی مووچەی مانگی حوزەیران دەکات

Mic
2025-08-23

شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچنەوە بەغدا، بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەی داهاتی ناوخۆ و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی گرفتی بەردەم ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران.

چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات، هەفتەی داهاتووش دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست دیجیتاڵ میدیای MIC کەوتووە، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتی ناوخۆ و هاناردەکردنەوەی نەوت سەردانی بەغدا دەکەن، گرفتەکانی بەردەم ناردنی مووچە لادەبەن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان پێشبینی دەکرێت؛ هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەندامی ئەو شاندە دەبن کە دەچنە بەغدا بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتی ناوخۆ و هەناردەکردنەوەی نەوت.

رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریاریدا مووچەی مانگی حوزەیران خەرجبکات ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ و نەوت رادەست بکات.

ئامانجی یەکەمی شاندەکەی هەرێمی کوردستان یەکلایکردنەوەی پرسی داهاتی ناوخۆیە بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مانگی شەش لا بچن.

رۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

پێشتریش تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند بوو، هەرکات هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بنێرێت و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی بدات پارەی مووچەی مانگی حوزەیران خەرج دەکات.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، 120 ملیار دینارەکەیان ئامادەیە و هەرکات بەغدا مووچە خرجبکات؛ ئەوانیش پارەکە رادەست دەکەن.

لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی، هەولێر و بەغدا رێککەوتوون و تورکیاش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، تەنها رازیکردنی کۆمپانیاکانی نەوت ماوە، کە ئەویش نزیکە لەوەی رازی بکرێن.

پێشتریش سەرچاوەیەک بە MIC راگەیاندبوو، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی ئامادەیە و هەرکات لە بەغداوە پارە هات، لیستەکە بڵاودەکاتەوە و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکات.

بەپێی دوایین رێککەونی هەولێر و بەغدا، دەبێت مانگانە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار رادەستی بەغدا بکات و رۆژانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراق پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.


More News

Most Popular

هەواڵ

گیایەکی هەرزان و چەکێکی سروشتی دژی خانەکانی شێرپەنجە

Mic
2025-08-21



سەرەڕای ئەوەی لە زۆربەی بازاڕەکان بە نرخێکی هەرزان بەردەستە، بەڵام زۆربەیان گرنگی ڕەیحانە پشتگوێ دەخەن، گەڵای سەوزی بۆنخۆشە کە سوودی تەندروستی سەرسوڕهێنەری هەیە و دەتوانێت ژیانت بگۆڕێت.

ڕەیحانە رەنگە تامێکی تایبەت بە پیتزا یان پاستا نابەخشێت، بەڵام گەنجینەیەکی خۆراکە، کە دەتوانێت جەتەی مرۆڤ لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان بپارێزێت، لەوانە شێرپەنجە و بەرزی پەستانی خوێن.

توێژینەوەکان دەریخستووە کە پێکهاتەی خۆراکی و ماددەی چالاکی تێدایە، کە دژی هەوکردن و بەکتریا دەجەنگێت و تەندروستی جەستەیی و دەروونی بەهێز دەکات.

جیلیان کۆلبێرتسۆن پسپۆڕی خۆراک لە کلینیکی کلیڤلاند ڕوونی دەکاتەوە، کە ڕەیحانە یوجینۆڵ تێدایە، ڕۆنێکی سروشتی کە یارمەتی شلکردنەوەی دەمارەکانی خوێن دەدات و یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی سروشتی.

سەرنجڕاکێشترین لایەن ڕۆڵی ڕەیحان لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەیە، توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2016 لە گۆڤاری Molecules بڵاوکرایەوە دەریخست، کە زەیتی ڕەیحانە ڕێگری لە گەشەی خانەکانی شێرپەنجەی کۆلۆن دەکات.

دەرکەوتووە کە پێنج جۆری جیاوازی ڕەیحانە تایبەتمەندی دژە شێرپەنجەیان هەیە، چونکە ڕێگری لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەکەن و لەناویان دەبەن، هەرچەندە توێژینەوەکان هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە، بەڵام ئەنجامەکان پێگەی ڕەیحانە وەک گیایەکی پارێزەری پێویست دووپات دەکەنەوە.

هەروەها ڕەیحانە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە لە دژە ئۆکسیدەکان، کە ماددە سروشتییەکانن کە خانەکان دەپارێزن لە زیانەکانی ڕادیکاڵە ئازادەکان، کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەک هەوکردنی جومگەکان، نەخۆشییەکانی دڵ، ئاوی سپی چاو و تەنانەت شێرپەنجە.

شارەزایان دەڵێن خواردنی ڕێحان بە بەردەوامی لەوانەیە وەک قەڵغانێکی بەهێز بێت بۆ پاراستنی جەستە لە کاریگەرییەکانی سترێس، پیسبوونی ژینگە و بەرکەوتنی تیشکی خۆر.

لە کۆتاییدا، گەڵای ڕەیحان لەوانەیە وەک زیادەیەکی سادە دەربکەوێت بۆ قاپەکە، بەڵام لە ڕاستیدا چەکێکی سروشتییە و سوودی زۆری هەیە.