هەواڵ

رێککەوتن کراوە.. تەنها دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ماوە

Mic
2025-08-19

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی؛ بەم نزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، ئەدامێکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق-یش، دەڵێت، ئەم هەنگاوە سەرچاوەکانی گەنجینەی فیدراڵی زیاد دەکات.

پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتدایە و لەوبارەیەوە، باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا میكانیزمێكی روونی دیاریكردووە بۆ رادەستكردنی نەوت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، بەم نزیکانە هەناردەی نەوت دەست پێدەکاتەوە.

غرێباوی لە چاوپێککەوتنەکەی لەگەڵ عەرەبی جەدیدە ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک بەرپرسیار دەبێت لە وەرگرتن و گلدانەوەی نەوتەكە بەشێوەیەكی ناوەندی، دوای تەواوبونی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ لایەنی تورکیا.

بەپێی دوایین رێککەونی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی بەردەست لە ئێستدا، جگە لە بڕی 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ، تا ئەو کاتەی دۆخی بەرهەمهێنان دەگاتەوە ئاستی ئاسایی کە 280 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.

ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز باسی لەوەشکردوە، ئەم میکانیزمەی هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتوون، ڕێگە خۆشدەکات وردە وردە هەناردەی نەوت لە چەند ۆژی داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە و ئەوەش رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر داهاتی گشتی دەبێت و سەرچاوەکانی گەنجینەی فیدراڵی زیاد دەكات.

پێشتر کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاندبوو، کۆمپانیاکەیان هەموو ئامادەکارییەکی تەکنیکی بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە، بۆری و وێستگەکان هەمووی ئامادەن؛ بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان نەوتی رادەست نەکردووە.

خاڵێکی ئەرێنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیرکردنی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی کردەیی دەبێت بۆ چارەسەربوونی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە دیارترینیان پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە.

More News

Most Popular

تەندروستی

10 سوودی گرنگی ڕێکردن بزانە

Mic
2025-08-19

ڕێکردن ژمارەیەکی زۆر سوودی تەندروستی هەیە بۆ هەموو تەمەنەکان، کە ئەمانەی خوارەوە گرنگترین سوودەکانین:

1. سووتاندنی وزە: یارمەتیت دەدات لە سووتاندنی وزە و بەدەستهێنانی کێشێکی تەندروست.

2. بەهێزکردنی دڵ: لانی کەم 30 خولەک ڕێکردن ڕۆژانە، پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، ئەگەری تووشبوونت بە تەسک بوونەوەی خوێنەرەکانی دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 19 کەم دەکاتەوە.

3. دابەزاندنی شەکری خوێن: بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە شەکرەیان هەیە، ڕێکردن بۆ ماوەیەکی کورت لە دوای نان خواردن یارمەتی دابەزاندنی شەکری خوێن دەدات.

4. نەهێشتنی ئازاری جومگەکان: یارمەتی پاراستنی جومگەکان دەدات، بەتایبەت جومگەکانی ئەژنۆ و سمت، ئەمەش لە ڕێگەی چەورکردن و بەهێزکردنی ئەو ماسولکانەی کە پاڵپشتی جومگەکان دەکەن.

5. بەهێزکردنی بەرگری جەستە: ئەگەری تووشبوونت بە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا کەم دەکاتەوە.

6. زیادکردنی توانا و تاقەت: ئەگەر هەستت بە ماندوویی کرد، ڕێکردن بۆ ماوەیەک دەکرێت زۆر زیاتر لە خواردنەوەی کوپێک قاوە توانات پێ ببەخشێتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی زیاد بوونی ڕێژەی ئۆکسجین بۆ تەواوی جەستە، و بەرزبوونەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ و ئیپینفرین و نۆرئیپنفرین کە یارمەتی زیاکردنی توانا و تاقەت دەدەن.

7. ئارام کردنەوەی دەروون: تەندرووستی عەقڵ و هۆش دەپارێزێت و یارمەنی کەمکردنەوەی قەلەقی و خەمۆکی دەدات.

8. درێژکردنی تەمەن: بەتایبەت بە هەنگاوی خێرا، ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 24 کەم دەکاتەوە.

9. بەهێزکردنی ماسولکەی قاچەکان: یارمەتی بەهێزبوونی ماسولکەی قاچەکان دەدات، بەتایبەت ڕێکردن لە شوێنە لێژەکان وەک گرد، هێزێکی زیاتر بە ماسولکەی قاچەکان دەبەخشێت.

10. زیادکردنی توانای بیرکردنەوە: توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێکردن توانای بیرکردنەوە و بیرۆکە زیاد دەکات.