هەواڵ

ئەمریکا و ئێران لەسەر ماڵێک شەڕدەکەن کە هی خۆیان نییە

Mic
2025-08-13

ئەمریکا ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا رەتدەکاتەوە، ئێرانیش دەڵێت، دەستوەردانی واشنتن لە عێراق قبوڵکراو نییە، عێراقیش ڕەتی دەکاتەوە پاشکۆیەتی هیچ وڵاتێک بکات.

 

هێشتا شەڕی واشنتن و تاران لەسەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، کۆتایی نەهاتووە؛ شەڕێکی نوێی نێوان هەردوو وڵات لەسەر لێکتێگەیشتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دەست پێ کرد.

ململانێی نێوان تاران و واشنتن لەسەر عێراق مێژوویەکی 20 ساڵەی هەیە، هەریەک لە ئەمریکا و ئێران کار بۆ باڵادەستی هەژموونی وڵاتەکانیان دەکەن لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی لە عێراق.

سەرەڕای ململانێکانی ئەمدواییەی هەردوو وڵات لەسەر تیپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، ڕێککەوتنی ئەمنی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان تاران و بەغدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای نیگەران کردوە.

ڕۆژی 11ـی ئابی 2025 یاداشتێکی لێکتێگەیشتن ئەمنی هاوبەش لە نێوان عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، واژۆکرا.

لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکە ئەمریکای نیگەرانکردوە، پێیوایە هەژموونی ئێران بەسەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق زیاتر دەکات و لێکتێگەیشتنەکە ڕەت دەکاتەوە.

واشنتن بەردەوام جەختی لەوەکردوەتەوە، ئەوان پشتیوانی لە بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق دەکەن و بەتەواوی پشتیوانی سەروەری عێراقن و دژی ئەوەن بەغدا ببێتە پاشکۆی تاران.

باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا، لێدوانەکانی تامی بروس، وتەبێژی وەزرەتی دەرەوەی ئەمریکای سەرکۆنەکرد و بە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە پەیوندییەکانی نێوان عێراق و ئێران وەسفکرد.

ئێران پێیوایە ئامانجی لێکتێگەیشتنەکە بۆ پتەوكردنی هاوکاری ئاسایشی هەردوو وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، نابێت واشنتن دەستوەردان لە سەروەری نێوانیان بکات.

پێشتریش باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن دووپاتی کردەوە، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەواوەو، مافی ئەوەی هەیە بەپێی بڕگەکانی دەستور و یاسا نیشتمانییەکانی و بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی، رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن ئەنجام بدات.

لەدوای 2003 و روخانی ڕژێمی بەعس لەلایەن هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەردەوام تاران و واشنتن لە ململانێدابوون بۆ سەپاندی هەژموونی خۆیان لە عێراق.

 

More News

Most Popular

هەواڵ

مەزڵوم عەبدی ئەو فەرماندە کوردە ئاشکرا دەکات کە ئەبوبەکرد بەغدادی لەناوبرد

Mic
2025-08-14



مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە بۆ یەکەمجار زانیاری لەسەر چۆنێتی ئاشکراکردنی شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی و کوشتنی ئاشکرا دەکات.

فەرماندەی گشتی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە دەڵێت: شەهید نورەدین سۆفی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە ئۆپەراسیۆنی سەر ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیری داعش.

عەبدی ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەو فەرماندە کوردە، بە وردی چاودێری راپۆرتە هەواڵگرییەکانی کرد و پێداگری لەسەر بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە کرد.

ئیبراھیم عەواد ئیبراھیم عەلی سامەڕایی ناسراو بە ئەبوبەکر بەغدادی، یەکەم خەلیفەی داعشبوو، لە ساڵی 2014 بەشێک لە خاکی عێراق سوریای داگیرکرد، لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئیدلیب، لە ئۆپراسیۆنێکدا و لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا و کۆتایی بە خەلافەتەکەی هێنرا.

ئەو فەرماندە کوردەی شوێنی ئاشکراکرد و سوربوو لەسەر کوشتنی، نورەدین سۆفی، فەرماندەی باڵا و دامەزرێنەری یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو لە رۆژئاوای کورستان.

نورەدین سۆفی ساڵی 2021 بووە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی سوپای تورکیا بۆ سەر چیای گارا و شەهیدبوو، رۆژی 12ـى ئاب لە مەراسیمێکی گەورەدا لە رۆژئاوای کوردستان تەرمەکەی بەخاک سپێردرا.