هەواڵ

پرۆسەی ئاشتی هێرشەکانی تورکیای بە رێژەی 97% لە هەرێمی کوردستان کەمکردوەتەوە

Mic
2025-08-10

تورکیا لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتیدا ئۆپراسیۆنێکی نوێی لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە رایگەیاندووە، رێکخراوێکی ئەمریکی دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا لە مانگی تەممووزدا بەراورد بە مانگی حوزەیران بە رێژەی 97% کەمبووەتەوە. 

 

 پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت، بەڵام هێشتا هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی Cptـی ئەمریکی لە مانگی تەممووزدا تورکیا 18 جار ‌هێرشی کردووەتە سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان.

پشکی شێری هێرشەکان بەر سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کەوتوون، بەشێوەیەک 17 هێرشیان تەنها لەو سنورانە بووە و یەک ‌هێرشیش لە سنوری قەزای پێنجوێنی سلێمانی بووە. 

بەپێی راپۆرتەکەی Cptـی هێرشەکەی سنوری پێنجوێن تاکە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیایە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی تاک لایەنانە لەلایەن پەکەکەوە. 

تا ئێستا گومان لەسەر ناسنامەی هێرشکارەکەی سنوری قەزای پێنجوێن هەیە کە رۆژی 19ـی تەممووزی 2025 ئەنجام درا و بەهۆیەوە ئەندامێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) تێیدا کوژرا و یەکێکی دیکەشیان برینداربوو. 

یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، کە باڵی سەربازی پژاکە، ئێرانی بە هێرشەکە تۆمەتبار کردووە و راگەیاندووە، ، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژی وڵاتی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج. 

 تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) بەدواداچوونیان بۆ هێرشەکە کردووە، کامەران عوسمان ئەندامی تیمی رێکخراوەکە بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، شایەتحاڵەکان وتوویانە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە خۆکوژ نەبووە، درۆنەکە لە دوای بە ئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلەکە، ماوەیەک بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە، پاشان ناوچەکەی جێهێشتووە. 

باسی لەوەشكرد، هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ڕەتیان کردەوە کە هیچ پارچەیەکیان لە پاشماوەی درۆنەکە دۆزیبێتەوە، ئەمەش گومان دەخاتە سەر ئەو بانگەشەیەی کە فڕۆکەی بەکارهاتوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بووبێت، بۆیە شایەتحاڵان و شیکارییەکان، گومانی ئەوەی کە هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدرابێت زیاتر دەکەن. 

ئۆپراسیۆنی نوێی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
رۆژی 29ـی تەممووزی 2025، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی زەمینی بە بەشداری 250 سەرباز دژی گەریلاکانی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

گوندەکانی (شیلانێ، بانکێ، لێهڤانێ، ئەڤلەهێ و پیربیلا) لە ناوچەی باتیفا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک ناوچەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا بوو. 

بەپێی راپۆرتەکەی Cpt، لەگەڵ راگەیاندنی ئۆپراسیۆنەکەدا گوندنشینان پێیان ڕاگەیاندراوە کە لەماڵەکانی خۆیان نەیەنە دەرەوە و هەموو هاتوچۆیەکیش بۆ ناو ئەو گوندانە قەدەغەکراوە و دوای تەواوبوونی ئۆپراسیۆنەکە بارەگاکان نەکشێندراونەتەوە. 

هێرشەکانی تورکیا لە ساڵی 2025

بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی Cpt بڵاویکردوونەتەوە، تورکیا لە 1ـی کانوونی دووەمەوە تا 31ـی تەمموزی 2025، بە شێوەیەکی گشتی هەزار و 696 جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. 

هەزار و 249 هێرشیان تۆپباران بووە، 398 ) هێرشیان ئاسمانی "فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان" بووە، 43 هێرشییان هەلیکۆپتەربوون و  (پێنج) هێرشیان لە ڕێگەی تەقەکردن و (یەک) هێرشیش لە ڕێگەی تەقینەوە بووە. 

دابەشبوونی جوگرافیای هێرشەکان؛ هەزار و 501 هێرش و تۆپباران بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک، 140 هێرش لە سنوری پارێزگای هەولێر، 55 هێرشیش بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی بوون.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، 9 هاوڵاتی مەدەنی (3 شەهید و 6 بریندار) بوونەتە قوربانی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا.

پرۆسەی ئاشتی 
پرۆسەی ئاشتی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.

بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.

پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەمساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سوتاند.

More News

Most Popular

هەواڵ

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە کێشەی تێکەوتوە

Mic
2025-08-11

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا کێشەی نوێی بۆ دروستبووە و چوار خاڵی ناکۆک لەنێوان هەردوو حکومەت ناردنی مووچەی دواخستووە، فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش رۆژەکان دەبژێرن بۆ وەرگرتنی مووچە.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو هەولێر و بەغدا لێکتێگەیشتنێکی گشتگیریان واژۆکرد، ئێستا میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە بووەتە کێشە و مووچەی ڕاگرتووە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکان میکانیکی ناونانی هەناردەکردنی نەوتە، بەغدا ناوی ڕادەستکردنی لێناوە و هەرێم ڕازینییە و دەڵێت، هەناردەکردنە نەک ڕادەستکردن.

ناکۆکییەکی دیکە ئەوەیە بەغدا داوای داهاتی پاڵاوتنی بڕی نەوتی ناوخۆ واتە 50 هەزار بەرمیلەکە دەکات و هەولێر ڕازی نییە، هەروەها عێراق داوای هەموو داهاتی ناوخۆ دەکات و هەرێم دەڵێ نەخێر نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانتان دەدەینێ.

یەکێکی دیکە لەو کێشانەی بەلای هەرێمی کوردستانەوە ئەساسییە کاتی خەرجکردنی مووچەیە، هەولێر دەڵێت لە کاتی خۆی مووچە بنێرن بەغدا ڕەتی دەکات و دەڵێت، تا نەوت و داهاتی ناوخۆ ڕادەست نەکەن مووچە نییە.

ئەم چوار خاڵە بوونەتە هۆی راگرتنی مووچە و نەناردنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، مووچە خۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان-یش لە چاوەڕوانیدا ڕۆژەکان دەژمێرن، تا ئەم خاڵە ناکۆکانەش چەرەسەر نەکرێت ناردنی مووچە ئەستەم دەبێت. 

ئەوە لە کاتێکدایە، نزیکدەبینەوە لە ناوەراستی مانگی ئاب، هێشتا فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزیان وەرنەگرتووە و دیاریشنییە کەی وەری دەگرن.

بەپێی دوایین ڕێککەونی نێوان هەولێر و بەغدا، لەبەرامبەر ناردنی مووچە لە عێراقەوە دەبێت هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بە عێراق بدات و مانگانەش لە داهاتی ناوخۆ 120 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماریی وەزارەتی دارایی عێراق.