حکومەتی سوریا کشانەوەی
لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە
لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا-
ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا
لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.
بەرپرسە سورییەکە بە
توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.
حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە
بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی
نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی
ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی
ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری
تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.
لە دوای دەست
بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن
بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.
رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی
باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان
بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی
ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.
تورکیا کە لەدوای
ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو
ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە
مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.
هەڕەشەکانی
داخستنی گەروی هورمز عێراقی ترساندووە، هەر بۆیە بەغدا هەوڵی نۆژەنکردنەوەی بۆری
نەوتی کەرکوک- بانیاس دەدات و بۆ ئەو مەبەستە وەزیری وزەی سوریا سەردانی بەغدا
دەکات.
لە
دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڕەشەکانی تاران بۆ داخستنی گەروی
هورمز کە تاکە سەرچاوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە، بەغدا بیر لەوە دەکاتەوە ڕێگەی
هەناردەی نەوت بە فرەیی بکات.
لەو
چوارچێوەیەدا عێراق هەڵدەدات بە هەماهەنگی لەگەڵ سوریا بۆری نەوتی کەرکوک- بەندەری
بانیاس نۆژەنبکاتەوە.
بڕیارە
بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە، محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی
سوریا سەردانی عێراق بکات.
هاوکات
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو تورکیا ڕایگەیاند، ساڵی داهاتوو ڕێککەوتنی بۆری نەوتی
ئەنقەرە و بەغدا کۆتایی دێت و پێویستە هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆبکەن و
عێراق سوود لە هەموو توانای بۆرییەکە بۆ گواستنەوەی نەوت ببینێت.
هەڕەشەکانی
داخستنی گەروی هورمز ترسی خستوەتە دڵی عێراق، بۆیە هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە دەرچەی دیکە
بۆ هەناردەی نەوت بدۆزێتەوە و خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت.
بەپێی
ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، تێچووی سەرەتایی نۆژەنکردنەوەی بۆری کەرکوک-بانیاس کە لە
2003 زیانی بەرکەوتووە، بە نزیکەی 300 بۆ 600 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
بۆری
کەرکوک- بانیاس لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراوە و لە ساڵی 1952 بە فەرمی
خراوەتە کار، درێژییەکەی نزیکەی 800 کیلۆمەترە و توانای گواستنەوەی 300 هەزار
بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە.
عێراق ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، سەرچاوەی
سەرەکی هەناردەکردنی گەروی هورمزە، بۆیە هەرمەترسییەک بۆ سەر گەروەکە دروست ببێت
ڕاستەوخۆ مەترسییە بۆسەر ئابووری عێراق کە بەتەواوی پشت بە نەوت دەبەست.