هەواڵ

کاریگەرییەکانی چین؟… سزاکە جێبەجێ بکرێت نەوەی نوێ بێ سەرۆک بەشداری هەڵبژاردن دەکات

Mic
2025-08-13

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانە و سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، ئەگەر سزاکە جێبەجێ بکرێت شاسوار عەبدولواحید ناتوانێت بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن بکات و ئەوەیش نەوەی نوێ ڕووبەڕووی چەند ئاڵەنگارییەک دەکاتەوە.

سزادانی شاسوار عەبدولواحید بە شەش مانگ زیندانیکردن هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیە دەبن کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەبێ سەرۆک بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات.

شاسوار عەبدولواحید لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە پێش دەستگیرکردنی تۆماری کردووە و دوای دەستگیرکردنی بڵاوکراوەتەوە، زیندانیکردنی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا وەک ئەگەرێک باس کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، شاسوار عەبدولواحید وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو ئەگەرە چەند ڤیدیۆیەکی تۆمار کردووە و بڕیارە لە ماوەی زیندانیکردنیدا بڵاوبکرێنەوە.

رۆژی 10ـی ئابی 2025، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، ئەگەر ئەم هەفتەیە مووچە نەیەت، هەفتەی داهاتوو چاوه‌ڕێی‌ هه‌ڵوێستێكی‌ زۆر گرنگ بن له‌ نه‌وه‌ی‌ نوێوه‌.

ئەم پەیامەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە چوارچێوەی هەمان ئەو هەڵمەتەدا دەبینرێت کە بۆ ماوەی دەستگیرکردنی ئامادەیی کردووە، چونکە بەپێی وتەی خۆی و نوسراوەکانی دادگا پێش بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامەکە لە دەستگیرکردن ئاگادارکراوەتەوە.

دەستگیرکردن و ئەگەرە بەهێزەکان بۆ بەشدارینەکردنی شاسوار عەبدولواحید لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە مانگی 11 ئەنجام بدرێت، نەوەی نوێ روبەڕوی چەند ئاڵەنگارییەکی سەرەکی دەکاتەوە.

یەکەم ئاڵەنگاریی؛ نەبوونی فیگەر و لیدەری هەڵبژاردن دەبێت کە بتوانێت پەیامی نەوەی نوێ ئاراستە بکات و کاردانەوە دروست بکات.

هۆکاری سەرەکی ئاڵەنگارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شاسوار عەبدولواحید تاکە بڕیاردەری نەوەی نوێیە، لە دەرەوەی ئەو کەس دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە.

جوڵانەوەکە جگەلە فراکسیۆنەکان، هیچ پەیکەرەییەکی بەڕێوەبردنی نییە و لە ماوەی رابردوودا لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە هەڵوەشێندراونەتەوە

ئاڵەنگارییەکی دیکە؛ هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتییە چونکە کەسێتی شاسوار عەبدولواحید بە جۆرێکە هەر کارێک ئەگەر خۆی نەیکات بە هەڵەی دەزانێت و رۆڵ بە کەس نادات.

پێنەدانی رۆڵ بە کەسانی دیکە لە ئامادە نەبوونی شاسوار عەبدولواحیدا، نەوەی نوێ روبەڕوی قەیرانی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە و کەس ئامادە نابێت لە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت کە شاسوار عەبدولواحید لە هەڵبژاردنەکاندا لە ئەستۆی گرتووە هەموو باش و خراپییەکانی بە دەستکەوتی خۆی زانیووە.

نەوەی نوێ و خودی شاسوار عەبدولواحیدیش ئەو ئاڵەنگارییانە ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە، دەتوانن بەبێ ئامادەبوونی ئەویش گرەوی هەڵبژاردن ببەنەوە.

شەوی رابردوو شاسوار عەبدولواحید دوای چەند ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لەلایەن دادگاوە دەستگیرکرا، وەک لە نوسراوێکی دادگای سلێمانیدا هاتووە، دەستگیرکردنەکە پەیوەستە بە دۆسیەی هەڕەشەکردنەوە و بەپێی ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.

سکاڵاکە لە ساڵی 2021 لەلایەن ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار کراوە، دادگا دوای چەند دانیشنتنێک بە نائامادەیی سزای 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحیدا سەپاندووە بەشێوەیەک کە کەفالەتیش نایگرێتەوە

وەک پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید دەبرێتە بەردەم دادوەر و وتەی لێ وەردەگێرێت کە دەکرێت کاریگەری لەسەر ماوەی دەستگیرکردنی هەبێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

مەزڵوم عەبدی ئەو فەرماندە کوردە ئاشکرا دەکات کە ئەبوبەکرد بەغدادی لەناوبرد

Mic
2025-08-14



مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە بۆ یەکەمجار زانیاری لەسەر چۆنێتی ئاشکراکردنی شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی و کوشتنی ئاشکرا دەکات.

فەرماندەی گشتی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە دەڵێت: شەهید نورەدین سۆفی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە ئۆپەراسیۆنی سەر ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیری داعش.

عەبدی ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەو فەرماندە کوردە، بە وردی چاودێری راپۆرتە هەواڵگرییەکانی کرد و پێداگری لەسەر بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە کرد.

ئیبراھیم عەواد ئیبراھیم عەلی سامەڕایی ناسراو بە ئەبوبەکر بەغدادی، یەکەم خەلیفەی داعشبوو، لە ساڵی 2014 بەشێک لە خاکی عێراق سوریای داگیرکرد، لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئیدلیب، لە ئۆپراسیۆنێکدا و لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا و کۆتایی بە خەلافەتەکەی هێنرا.

ئەو فەرماندە کوردەی شوێنی ئاشکراکرد و سوربوو لەسەر کوشتنی، نورەدین سۆفی، فەرماندەی باڵا و دامەزرێنەری یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو لە رۆژئاوای کورستان.

نورەدین سۆفی ساڵی 2021 بووە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی سوپای تورکیا بۆ سەر چیای گارا و شەهیدبوو، رۆژی 12ـى ئاب لە مەراسیمێکی گەورەدا لە رۆژئاوای کوردستان تەرمەکەی بەخاک سپێردرا.