هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی
هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، وەزیری نەوتی عێراق-یش ڕایگەیاند: لەم دوو
ڕۆژەدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە.
هێرشە درۆنییەکانی ناوەڕاستی مانگی تەمموز بۆ سەر
کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بوونە هۆی پەکخستنی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان
و بەرهەمهێنانی نەوتیان بە بڕێکی زۆر کەمکردەوە.
ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا
نەوتییەکانی هەرێم بەهۆی هێرشەکانەوە، گرفتێکی گەورەی بەردەم جێبەجێکردنی دوایین
ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بوو.
بەگوێرەی لێدوانێکی ئەمڕۆی وەزیری نەوتی عێراق بۆ
میدیاکان، لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەی
نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووە بەبەغدا، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
چارەسەرێکی کاتی بۆ کراوە.
پەیوەست بەو پرسە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی
عێراق ڕایگەیاند: ئێستا هەرێمی کوردستان توانای هەیە ڕۆژانە 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، ئەوان
ئامادەن لە قۆناغی یەکەمدا تا ئاساییبوونەوەی دۆخی بەرهەمهێنان؛ بڕی بەردەست کە 80هەزار
بەرمیلە لە ڕۆژێکدا وەر بگرن و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆ بەکار بهێنێت.
وەزیرە عێراقییەکە ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ یان سبەینێ
دەست بەوەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەڕێگەی بەندەریی جەیهانی تورکیا
هەناردە دەست پێ دەکەنەوە.
ئەگەر ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی پێکرد
جێبەجێ بکرێت، گرفتی ناردنی مووچەش لە بەغداوە چارەسەر دەبێت، چونکە حکومەتی فیدراڵ
ڕادەستکردنی نەوتی کردبووە مەرجی ناردنی مووچە.
ئەم ڕێککەوتنەی کراوە، بۆ ئەم قۆناغە کاری
پێدەکرێت هەتا ئەو کاتەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
ئاسایی دەبێتەوە.
بەپێی دواین ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا،
دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230هەزار
بەرمیل نەوت و مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ڕادەستی حکومەتی
فیدراڵ بکات، لە بەرامبەریشدا حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
حکومەتی سوریا کشانەوەی
لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە
لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا-
ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا
لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.
بەرپرسە سورییەکە بە
توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.
حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە
بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی
نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی
ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی
ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری
تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.
لە دوای دەست
بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن
بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.
رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی
باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان
بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی
ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.
تورکیا کە لەدوای
ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو
ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە
مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.