جارێکی دیکە، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق وەزیرەکەیان شەرمەزار
دەکەن و پێچەوانی لێدوانەکانی ئەو لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان قسە دەکەن.
پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەویرێک کە
ئاوی زۆر کێشا، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق پێچەوانەی وەزیرەکەیان لێدوان
لەبارەی هەناردەی نەوت دەدەن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی
نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
دەستپێناکاتەوە.
هەر بەگوێرەی ڕۆیتەرز، هێشتا هەولێر و بەغدا نەگەیشتوونەتە
ڕێککەوتنی تەواو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان-
تورکیا بۆ بەندەری جەیهان.
جیا لە سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز، ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی لە زاری
سەرچاوەیەکی دیکە لە وەزارەتی نەوتی عێراق، جەختی لەوەکردووەتەوە بۆ هەناردەکردنەوەی
نەوت چەند وردەکارییەک ماوە ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق تەواو پێچەوانەی لێدوانێکی
فەرمی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی شەشی
ئاب لە کەرکوک وتی: لەم دوو ڕۆژەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
دەستپێدەکاتەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە، لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی
دەستپیکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاست دەرنەچوبێت، بەڵکو لە 17ـی شووباتی ئەمساڵ لە لێدوانێکی فەرمیدا عەبدولغەنی
وتی: لەم هەفتەیەدا هەناردە دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ دروست 25 هەفتە
بەسەر، لێدوانەکەی وەزیری نەوت تێدەپەڕێت، هێشتا گەرمترین هەواڵ پرسی
دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
بەمەش دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی یان وەزیری
نەوت ئاگای لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی تایبەت بە پرسی نەوت نییە، یان
زانیارییەکانی باش پێ ناگات، یان گۆڕانکارییەکان لە سەرو ئیرادەی عەبدولغەنین و
شەرمەزاری دەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 23ـی ئازاری 2023ـەوە بە بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی نەوتی
هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە ڕاگیراوە و لەوکاتەوە بەغدا و
هەولێر لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی جارێکی تر هەناردە دەست پێ بکاتەوە.
حکومەتی سوریا کشانەوەی
لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە
لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا-
ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا
لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.
بەرپرسە سورییەکە بە
توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.
حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە
بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی
نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی
ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی
ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری
تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.
لە دوای دەست
بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن
بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.
رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی
باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان
بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی
ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.
تورکیا کە لەدوای
ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو
ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە
مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.