هەواڵ

شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا مووچەی مانگی شەش یەکلایی دەکاتەوە

Mic
2025-08-06

هەفتەی داهاتوو بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش یەکلاکەرەوە دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت بەغدا تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەش بنێرێت.

شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و مووچەی مانگی شەش یەکلایی دەکەنەوە.

ئامانجی کۆبونەوی شاندەکان، تەواوکردنی کارەکانی ئەو لیژنەیەیە کە لەسەر داهاتی نانەوتی پێکهێندراوە و دەبێت تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، هەموو کارەکانیان تەواو بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی ئامادەیە و تەنها چاوەڕێی فەرمانە بۆ ئەوەی پارەکە بخاتە سەر هەژماری وەزارەتیی دارایی عێراق.

پرسی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکان گرفتی بۆ دروستبوو چارەسەر کرا، ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: هەرێم ئێستا 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەنێنێت و ئامادەن لەو بڕە 80 هەزاری وەربگرن و 50 هەزار بەرمیلیشی بۆ ناوخۆی خۆی بەکار بهێنێت.

واتە ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە لیژنەکان ڕاپۆرتەکانیان تەواوبکەن، بەوپێیەش ئاماژەکان بۆ ئەوەن لە ناوەڕاست تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو هەرێمی کوردستان نەوت و داهات ڕادەست بکات و بەغداش مووچەی مانگی شەش بنێرت.

ئەەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 06ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە و لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمێنراو و داهاتی نانەوتی کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەمموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دەنگی بە ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەپێی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت حکومەتی هەرێم مانگانە 120 ملیار لە داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بداتە حکومەتی فیدراڵ.

More News

Most Popular

هەواڵ

سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ کورد کشایەوە

Mic
2025-08-09

حکومەتی سوریا کشانەوەی لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.

ئاژانسی هەواڵی سوریا- ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.

بەرپرسە سورییەکە بە توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.

حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.

لە دوای دەست بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.

رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.

تورکیا کە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.

کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.