بەرپرسێکی باڵای پەکەکە رادەستکردنەوەی دوو
ئەندامی هەواڵگیری بە تورکیا بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic پشتراست دەکاتەوە و دەڵێت،
لە ماوەی دەستگیرکردنەکەدا یەکێکیان بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی
رادەستکراوەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان -
پەکەکە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، لە چەند
رۆژی رابردوودا ئەندامێکی دەزگای هەواڵگیری تورکیا ناسراو بە میت و تەرمی ئەندامێکی
دیکەیان رادەستی تورکیا کردوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دیجیتاڵ میدیای Mic دراون، ئەو دوو ئەندامەی میت ناوییان "ئایدن گونێل" و "ئێرهان
پێكچهتین" بووە و پلەیان ئەفسەری هەواڵگیری بووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان؛ "ئایدن گونێل" ئەو ئەفسەرەیان بووە کە لە ماوەی دەستگیرکردنیدا
لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا گیانی لەدەستداوە.
دیجیتاڵ میدیای Mic توانی ئەوە پشتراست
بکاتەوە، ئەو کەسەی ئازادکراوە و ئەو کەسەشی کە تەرمەکەی رادەستکراوەتەوە، ئەو دوو
کەسەن کە رۆژی 4ـی ئابی 2017 لە شارۆچکەی دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەلایەن
تیمێکی تایبەتی سەر بە هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەستگیرکرابوون.
رۆژی 31ـی ئابی 2017، دیار غەریب کە ئەوکات
ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆماجڤاکێن کوردستان - کەجەکە بوو بە میدیاکانی نزیک لە
پارتی کرێکانی کوردستان - پەکەکەی راگەیاندبوو، ئەو کەسانەی پلانی تیرۆرکردنی جەمیل
بایک هاوسەرۆکی کەجەکەیان داناوە، بەڵام لەلایەن گەریلاوە دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، لە هەشت ساڵی رابردوودا تورکیا لە رێگەی چەند کەناڵێکی جیاوازی پەیوەندییەەوە
داوای ئازادکردنی ئەو دوو ئەفسەرەی میتی کردووە، بەڵام پەکەکە رەتیکردوەتەوە.
ئازادکردن و رادەستکردنەوەی تەرمی ئەو دوو ئەفسەرە
هەواڵگیرییە بە تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدایە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە لە نێوان پەکەکە و
تورکیا دەستی پێکردوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە چوارچێوەی
ئەو پرۆسەیەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی داوە و 30 ئەندامیشی وەک نیازپاکی لە رێورەسمێکی
سیمبولیدا چەکەکانیان سوتاندووە.
حکومەتی سوریا کشانەوەی
لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە
لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا-
ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا
لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.
بەرپرسە سورییەکە بە
توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.
حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە
بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی
نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی
ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی
ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری
تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.
لە دوای دەست
بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن
بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.
رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی
باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان
بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی
ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.
تورکیا کە لەدوای
ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو
ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە
مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.