هەواڵ

حزبی بەعس دەبێتە فۆبیای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

Mic
2025-08-09


دوای 22 ساڵ لە رووخانی هێشتا ناوی حزبی بەعس لەسەر شانۆی سیاسی عێراق نەسڕاوەتەوە و بووە بە مۆتەکەی بەرپرسانی باڵای سیاسی عێراق، بەوتەی چاودێرانی یاسایی و دەستوری، لایەنەکان، حزبی بەعس وەک چەکێک بەکاردێنن بۆ دوورخستنەوەی نەیارەکانیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن

نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دۆسیەی حزبی بەعسی هەڵوەشاوەی هێنایەوە پێشەوە، لە کاتێکدا ئامادەکارییە چڕوپڕەکان بۆ هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، بەردەوامە.

مالیکی کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات هۆشداری دا لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی حیزبی بەعس یان نەرمی نواندن لەگەڵ کارەکتەرەکانیان.

رۆژی 8ـی ئاب، لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " دەستوری عێراق قەدەغەکردنی حزبی بەعس دیاری دەکات و ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی سیمبولەکانی بۆ ژیانی سیاسی لەژێر هەر ناو و نازناوێکدا بێت و ئەندامێتییان لە حزبەکە بە تاوانێک دادەنرێت کە بە تێپەڕبوونی کات بەسەرناچێت.

چاودێران پێیان وایە، قسەکانی مالیکی دەربارەی "لێپرسینەوە و دادپەروەری" لەوانەیە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ هەڵمەتێک بۆ دوورخستنەوەی کاندیدەکان لە پێشبڕکێی هەڵبژاردن بە گومانی ئەندامێتی لە "حیزبی بەعس".

سەیف سەعدی پسپۆڕی دەستووری، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، کارەکتەرە سیاسییەکانی ئێستا نەیانتوانیوە واز لە هەڵبژاردنی و تۆڵەسەندنەوە بهێنن و بەرەو یاسای دەوڵەت و دەستوور و یاساکانی هەنگاو بنێن بە شێوەیەک کە لەگەڵ سیستەمی دیموکراسیدا بگونجێت."

ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرنامەی وەزارەتی حکومەتی ئێستا کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت کۆمیسیۆنی لێپرسینەوە و دادپەروەری ڕاپۆرتی کۆتایی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق بکات بۆ دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەکەی کە هێشتا ڕووی نەداوە.

هەرچەندە لە گەڵ کۆتاییهاتنی دۆسیەی بەعسدا، دەبێت کۆمیسیۆنی لێپرسینەوە و دادپەروەری لە رێگەی پەرلەمانەوە هەڵوەشاندنەوەی خۆی رابگەیەنێت، بەڵام لە ساڵی 2008وە بەردەوامە لە کارەکانی، لەگەڵ ئەوەی کۆتاییهاتنی ئەو دۆسیەیە لە کارنامەی کابینەکەی سودانیدایە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی.

More News

Most Popular

هەواڵ

سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ کورد کشایەوە

Mic
2025-08-09

حکومەتی سوریا کشانەوەی لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.

ئاژانسی هەواڵی سوریا- ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.

بەرپرسە سورییەکە بە توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.

حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.

لە دوای دەست بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.

رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.

تورکیا کە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.

کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.