عێراق رەنگی واژۆی بەرپرسان تا
فەرمانبەرێکی ئاسایی دیاریکرد و ئەو رەنگانەی بۆ واژۆکردن بەکاردێن لە پێنج رەنگ
پێکدێن.
لەموودوا بەم ڕەنگانە واژۆی بەرپرسانی
عێراق لەسەر نووسرافەرمییەکانی دەوڵەت بناسنەوە و بزانن هەر رەنگێک لەلاین کێوە
بەکاردێت.
یەکەم: رەنگی سووری تۆخ بۆ واژۆی سەرۆک
کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و سەرۆکی
دادگەی باڵای فیدراڵی.
دووەم: رەنگی سووری کاڵ بۆ واژۆی جێگری
سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیر و ئەوانەی پلەی وەزیریان
هەیە، لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
سێیەم: رەنگی سەووز بۆ واژۆی بریکارانی
وەزارەتەکان و ئەوانەی پلەی بریکاریان هەیە لەگەڵ خاوەن پلە تایبەتەکان،
بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆکی دەستەکان، سەرۆکی یەکێتی سەندیکا و ڕێکخراوە نا حکومییەکان.
چوارەم: رەنگی شین بۆ واژۆی سەرجەم
فەرمانبەران لە پلەی یاریدەدەری بەڕێوەبەر بۆ خوارەوە.
پێنجەم: رەنگی ڕەش بۆ واژۆی پەیماننامە و
ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن.
حکومەتی سوریا کشانەوەی
لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە
لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا-
ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا
لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.
بەرپرسە سورییەکە بە
توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.
حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە
بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی
نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی
ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی
ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری
تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.
لە دوای دەست
بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن
بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.
رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی
باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان
بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی
ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.
تورکیا کە لەدوای
ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو
ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە
مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.