پرۆژە یاسای خزمەتی
حەشدی شەعبی ناکۆکی قوڵی خستووەتە نێوان لایەنە عێراقییەکانەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمریکا
بە فەرمی هۆشداری توندی داوە لە تێپەڕاندنی پرۆژەکە، دیجیتاڵ میدیای mic قسەی لەگەڵ بەشێک لە
فراکسیۆنە کوردییەکان کردووە و ئەوان بە مەترسی دەزانن.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق
کۆبووەوە، لایەنەکان ترسی گەورەیان هەبوو لەوەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی بخرێتە
بەرنامەی کارەوە، بۆیەوە ئامادەکارییان کردبوو، لەگەڵ خستنەبەرنامەی کاری پرۆژەکە هۆڵی
پەرلەمان جێبهێڵن.
چیایی تەیمور، ئەندامی
فراکسیۆنەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند، سێ مانگ ماوە
ئەم خۆلەی پەرلەمانی عێراق کۆتایی پێ بھێت، لایەنە شیعەکان پەلەیانە پرۆژە یاسای حەشدی
شەعبی پەسەند بکات بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی قانوونی حەشدی شەعبی، ئەو کاتە دەرفەت نەمێنێت
ببنە ئامانجی ھێرشەکان.
ئەو پەرلەمانتارە
وتیشی: ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل ھێرش بکاتە سەر حەشد تووشی ئیحراجى ببێت چونکە ئەو
کات عێراق دەڵێت ئەم ھێزانە چوارچێوەی قانوونیان ھەیە، چون ھێرشیان دەکرێتە سەر.
لەسەر ئەو پرسە، دوای هەڵگرتنی
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی
ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای mic وت: ئێمە دژی
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبین.
ئەو پەرلەمانتارە
مەترسییەکانی خۆی لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەکە نەشاردەوە و وتی: پێمانوایە تێپەڕاندنی پرۆژەکە بۆ دیموکراسیەت و
دەوڵەتسازی خراپە.
هەروەها، سۆران عومەر،
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای mic وت: من لەگەڵ
تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبیدانیم.
رۆژی دووی ئاب، ستیڤن
فەیگن، هەڵسوڕینەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی پڕۆژەیاسای
حەشدی شەعبی بۆ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتکرەوە.
هەروەها، مارکۆ روبیۆ،
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "نیگەرانیی قووڵی"ی
وڵاتەکەی سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاند.
داهات و نەوت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەباتەوە سەرمێزی گفتوگۆ، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت، رێککەوتن لەسەر نەوت کراوە و لێکتێگەیشتنى باشیش لەسەر دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان هەیە.
دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، چارەنووسی مووچەی مانگی حوزەیرانیان و مانگەکانی دواتریان بە ئەنجامدانی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراق بەستوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، حکومەتی عێراق داوای نیووەی کۆی داهاتە نانەوتییەکان دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە رەتدەکاتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە، تەنها نیووەی ئەو داهاتانە بۆ حکومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە کە بە داهاتی فیدراڵی دادەنێرن.
هەرێمی کوردستان پشتی بە مادەی 29ـی یاسای کارگێڕیی دارایی ساڵی2019ـی عێراق بەستووە، کە تێیدا هاتووە، 50%ی داهاتی رسومات و باجی فیدراڵی لەو فەرمانگانەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ پارێزگاکان دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەبێ باسکردنی وردەکارییەکان زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Micـی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، لەئێستادا لێکتێگەیشتنى باش لەسەر دۆسییەى داهاتە نانەوتییەکانى هەرێمى کوردستان هەیە.
دۆسیەی نەوت یەکێکی دیکەیە لە تەوەرەکانی گفتوگۆ، حکومەتی عێراق داوای 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات، هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە ناتوانێت ئەو بڕە بدات.
عێراق وەک تێگەیشتنێک بۆ دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت ئامادەیی دەبری هەر بڕە نەوتێک وەبگرێت کە لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستیان بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق سەبارەت بە دۆسییەى نەوت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کۆتایی هاتووە و هەرێمى کوردستان و عێراق رێککەوتنیان لەسەر کردووە.
نزیک دەبینەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوەڕوانی مووچەی مانگی حوزەیرانن.
سەبارەت بە چارەنووسی مووچە و وادەی ناردنی لەلایەن بەغداوە شاخەوان عەبدوڵا وتى، لەگەڵ رێککەوتنى کۆتایی، بەغداد مووچەش دەنێرێت.
ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و نەوت رێککەوتنێکییان راگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، جگە لە رادەستکردنی بڕی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ.
دوای ئەو دوو مانگەش مانگانە 50٪ی داهاتی نانەوتی رادەست بکرێت لەگەڵ هەمان بڕی نەوت، لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، بەڵام وادیارە ئەو رێککەوتنەش نەگەیشتووەتە ئەنجام و رێککەوتنی نوێ دەکرێت.