ئەمریکا دژایەتی راستەوخۆی بۆ یاسای حەشدی شەعبی راگەیاندووە
و ترسی هەیە لە رێگەی یاساکەوە "نفوزی ئێران بە دامەزراوەی" بکرێت؛ چاوەڕوان
دەکرێت لە ئەگەری پەسەندکردنی یاساکەدا بەغدا رووبەڕووی سزا و هێرشی واشنتن ببێتەوە.
یاسای حەشدی شەعبی کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و چاوەڕوانی
دەنگدان و پەسەنکردنە، وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو بەرۆکی عێراقی گرتووە و هەمووان چاوەڕوانی
تەقینەوەی دەکەن.
ئەمریکا دژبەری راستەوخۆی یاسای حەشدی شەعبییە، واشنتن پەسەندکردنی
یاساکە بە مەترسی بۆ سەر پێگەی خۆی لە عێراق دەزانێت و هەوڵی لەباربردنی دەدات.
بەرپرسانی ئەمریکا زیاتر لە جارێک نیگەرانی خۆی بە زمانی
زبر بە بەرپرسانی باڵای عێراق لەسەرو هەموویانەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی
عێراق گەیاندووە.
نیگەرانییەکانی ئەمریکا بە ئاڕاستەی هۆشیارکردنەوەی عێراقە
کە هەنگاوەکە سەروەری وڵات بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە داوای راگرتنی دەکات.
دوایین پەیامی واشنتن بۆ گەیاندنی نیگەرانی بە بەغدا لە
رێگەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە بوو کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەمەد
شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و "نیگەرانیی قووڵی" ئەمریکای سەبارەت
بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە.
هێزەکانی حەشدی شەعبی کە سەر بە لایەنە شیعەکانن، هەمیشە
لەلایەن ئەمریکاوە وەک هێزێکی ئێران لە خاکی عێراق سەیرکراون، هەر بۆیە زۆر کات
گرژی لە نێوانیادا دروست بووە.
تا ئێستا چەندین سەرکردە و فەرماندەی سەربازی حەشدی شەعبی
لەلایەن ئەمریکاوە کوژران، ئەوە لەگەڵ ئەوەی چەندین جار پێگەکانیان لەلایەن هێزەکانی
واشنتنەوە کراوەتە ئامانج.
چاوەڕان دەکرێت پەسەندکردنی یاسا نوێیەکەی حەشدی شەعبی
کاردانەوەی توندی ئەمریکا بە دوای خۆیدا بهێنێت کە دەکرێت سزای ئابوری و هێرشی
ئاسمانی لە خۆبگرێت.
حکومەتی عێراق تێبینی لەسەر یاساکە هەیە
ئەنجومەنی دەوڵەت و وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان لەسەر
قەبارەی دارایی پڕۆژە یاساکە هەیە، ئەنجومەنی دەوڵەت رایگەیاندووە، "هەڵاوسان
لە پەیکەری کارگێڕیی دەستەکەدا هەیە، کە پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتە بۆ بچووککردنەوەی
پەیکەری کارگێڕی".
تێبینییەکی دیکەی ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی ئەوەیە کە دەستەی
حەشدی شەعبی ئەکادیمیایەکی سەربازیی تایبەت بەخۆی هەبێت و پشتگری ناکات و دەیەوێت
سود لە ئەکادیمیای وەزارەتی بەرگری وەربگرێت.
وەزارەتی دارایی لەناو راپۆرتەکەی ئەنجومەنی دەوڵەتدا رایگەیاندووە، ناتوانین پارەی زیاتر تەرخان بکەین، ئەوەیش بەهۆی کەمیی داهاتی بەردەست و
کورتهێنان لە بودجەی گشتی و قەرزەکانەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشنیازی کردووە کە پڕۆژەیاسای دەستەی
حەشدی شەعبی کورت بکرێتەوە بۆ پێناسەکردنی دەستەکە، پێکهاتە و ئەرکەکانی، ئەرکی سەرۆکی
دەستەکە و جێگرەکانی، هەروەها ئەو پێکهاتە و بەشانەی کە هەیەتی.
یاسای حەشدی شەعبی
"یاساى دەستەى
حەشدى شەعبی" کە لە 18 ماددە پێکهاتووە، بە گوێرەى ماددەى دووى پڕۆژە یاساى دەستەى
حەشدى شەعبی، ئەرکى ئەو هێزە "پارێزگارى" دەبێت "لە سیستمى دەستووری
و دیموکراسی لە عێراق، بەرگرى لە وڵات دەکات و کار لەسەر روبەڕوبوونەوەی تیرۆر دەکات".
بەپێی پڕۆژە یاساکە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە نوێترین تەکنەلۆژیاى
سەربازى پڕچەک دەکرێن ئەکادیمایی سەربازییان بۆ دەکرێتەوە و بە فەرمانی سەرۆک وەزیران
ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەن.
پڕۆژە یاساکە بە شێوەیەک حەشدی شەعبی بە حکومەتەوە دەبەستێتەوە
کە پلەی سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی دەکرێتە وەزیر و دەبێتە ئەندامى لیژنەى ئاسایشى
نیشتمانی، دەتوانێت دەسەڵات بۆ خوار خۆشی شۆڕ بکاتەوە.
یاساکە مەرجی بۆ ئەو کەسانە دیاریی کردووە کە دەبنە سەرۆک
ئەرکانى دەستەى حەشدی شەعبى و پێویستە بڕوانامەى زانکۆى هەبێت و خزمەتى لە 10 ساڵ
زیاتر بێت لەو دەستەیە، ئەفسەر بێت بە پلەى فەریق روکن، ئەمیندارى گشتیش دەبێت 10
ساڵ خزمەتى لەو دەستەیە دا هەبێت و بەپلەى فەریقى یەکەم بێت.
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، نابێت کارمەندانى دەستەى حەشدی شەعبی
سەر بە هیچ پارتێک یان رێکخراوێکى سیاسی بن، نابێت لە هیچ چالاکییەکى حیزبی و سیاسیدا
بەشدار بن و هەژمارە داراییەکانى دەستەى حەشدی شەعبی لەلایەن دیوانى چاودێریی داراییەوە
وردبینیان بۆ دەکرێت.
لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پێشنیازى چەند
گۆڕانکارییەکی لە یاساکەدا کردووە، کە گرنگترییان سەربەخۆیی دارایی، سود وەرگرتن لە
توانا دارایی و مرۆییەکانی دەستەکە بۆ پەرەپێدانی بیناسازیی وڵات، بودجەی ساڵانەی
دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن خودی دەستەکەوە دیاریبکرێت و پەسند بکرێت.
بە پەسەندکردنی "یاساى دەستەى حەشدى شەعبی"، یاساى
دەستەى حەشدی شەعبی ژمارە 40ـی ساڵى 2016 هەڵدەوەشێتەوە، کە زیاتر تایبەت بوو بە دیاریکردنى
چوارچێوەیەکى یاسایی بۆ دەستەى حەشدی شەعبی.
حەشدی شەعبی
دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014دا، زۆربەی
شار و شارۆچکەکانی باکور و رۆژئاوای عێراقی داگیرکرد بە تایبەتیش شاری موسڵ، بە فەتوایەک
لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەکان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە 13ـی حوزەیرانی 2014، بە
ئامانجی روبەڕوبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان،
بەشی زۆری گروپە چەکدارەکانی شیعەی لە چوارچێوەی ھێزێک بە ناوی حەشدی شەعبی کۆکردەوە.
حەشدی شەعبی لە هاوپەیمانیی 60 گروپی چەکداری شیعە لە عێراق
بە ئامانجی روبەڕوبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دامەزراوە و لە ساڵی 2016 لەلایەن
ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە یاسایی کرا، لە ئێستادا ژمارەی چەکدارانی گروپەکانی سەر
بە حەشدی شەعبی بە زیاتر لە 150 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت.
جگەرەکێشان هۆکارێکی سەرەکی یە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن. تەنانەت ئەو کەسانەی کە کەمتر لە (5) خولەک جگەرە دەکێشن لە ڕۆژێکدا ڕەنگە نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی خوێنیان تێدا دەربکەوێت.
ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر دەبێت بە زیادبوونی ژمارەی ئەو جگەرانەی کە کەسەکە دەیکێشێت.
بەرکەوتن بە دووکەڵی جگەرە لەو کەسانەی کە جگەرە
ناکێشێت.(وەک ئەو کەسانەی کە دەچنە چایخانە و کافتریاکان یان ئەو کەسانەی یەکێک لە
ئەندامەکانی خێزانەکەیان جگەرە دەکێشێت لەناو ماڵدا) هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی
دڵ
چۆن جگەرە زیان بە دڵ و بۆرییەکانی خوێن دەگەیەنێت؟
یەکەم- هۆکارێکە بۆ نیشتنی چەوری و ڕەق بوونی خوێنبەرەکان بەمەش خوێنبەرەکان
تەسک دەکاتەوە.
دووەم- دەبێتە هۆی گیرانی
خوێنبەرەکانی دڵ و تووشبوون بە جەڵتەی دڵ .
سێیەم- هۆکارێکە بۆ
تووشبوون بە جەڵتەی مێشک.
چوارەم- هۆکارێکە بۆ گیران
و تەسک بوونەوەی خوێنبەری پەلەکان.
پێنجەم- گەورەبوون و
ئاوسانی شاخوێنبەر.