لە ژێر فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگەی
کردەوە تا هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە کەرتی غەززە، ئاگربەستێکی کاتی وەک ئاسانکاری
بۆ پرۆسەکە ڕاگەیاند.
جگە لە ڕێگەی ئاسمان کە فڕۆکەکان خۆراک و
پێداویستی بۆ هاوڵاتییانی غەززە بەردەدەنەوە، ئیسرائیل ڕێگای بە بارهەڵگرەکان دا
هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەح لە میسەرەوە بۆ ناو غەززە بگوازنەوە.
کەناڵی قاهیرە نیوز، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی
کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکانی میسر لە دەروازەی
رەفەحەوە دەستیان بە چوونەنێو کەرتی غەززە کرد.
لەبارەی ڕاگرتنی هێرشەکان، ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەمڕۆوە
راگرتنی تەکتیکیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە مەبەستی مرۆیی لە کاژێر 10:00ی
بەیانییەوە دەست پێدەکات و تاوەکو کاژێر 8:00ی ئێوارە بەردەوامە.
دوای شکتهێنانی هەوڵەکانی ئاگربەست لە مانگی ئازار، ئیسرائیل بە
تووندی گەمارۆی خستە سەر کەرتی غەززە، ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و
برسیکرنی خەڵکی کەرتەکە.
بەهۆی گەمارۆکانی ئیسرائیل، برسێتی بڕستی لە فەڵەستینییەکان
بڕیبوو، بەهۆیەوە دەیان کەس مردن و هەزاران منداڵیش تووشی بەخۆراکیی بوون.
دۆخی کارەساتباری غەززە وایکرد، نەتەوە
یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نا حکومییەکان بە جددی بێنە سەرخەت و هۆشدارییان دا
لەبارەی بەرزبوونەوەی بەدخۆراکی و برسییەتییەکی فراوان.
لەڕابردوودا هەوڵێکی زۆر بۆ شکاندنی گەمارۆکان و
کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی درا، بەڵام هیچکام لە هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە، تائێستا زیاتر لە
130 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە کە زۆرینەیان منداڵ و پیر بوون.
رووداوی پێکدادانی
هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا کاردانەوەی بەدواداهات و سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداریی-دا هیچ کەس لەسەرو دەوڵەتەوە نییە، چوارچێوەی هەماهەنگی-یش نیگەرانی خۆی لەبارەی
ڕووداوەکە دەربڕی.
محەمەد
شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دوای ڕووداوەکە
سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی ئەمنیی کرد و ڕایگەیاند: هیچ کەسێک مافی نییە
شوێنی دەوڵەت یان دەسەڵاتەکانی بگرێتەوە و هیچ لایەنێکیش لەسەرووی یاساوە نییە.
فەرماندەیی
گشتی هێزە چەکدارەکان جەختی لەوەکردەوە لێکۆڵینەوەی شەفاف لەبارەی ڕووداوەکە بکرێت
و خۆشی لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکات، تا بکەران دەدرێنە دادگا.
ڕۆژی
یەکشەممە لەکاتی دەست بەکاربوونی بەڕێوەبەرێک لە یەکێک لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵ لە
گەڕەکی شەهیدانی ناوچەی سەیدیەی بەغدا، لە بەری کەرخ شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی
شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە.
بەگوێرەی
میدیا عێراقییەکان شەڕەکە لە سەر زەوی کشتواڵی بووە، لە ئەنجامدا نۆ کارمەندی هێزە
ئەمنییەکان برینداربوون و کارمەندێکی پۆلیسیش کوژرا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق-یش رووداوەکەی بە مەترسیدار ناوبردووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی فەرماندەی
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشکان ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگە حکومییەکە، سەر
بە لیواکانى 45 و 46ى حەشدى شەعبی بوون، 14یان دەستگیر کراون.
ڕووداوەکە کاردانەوەی خێرای
لێکەوتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهێنەری کابینەکەی سودانییە، کۆبوونەوەیەکی
بەپەلەی کرد و نیگەرانی خۆی لەبارەی ڕووداوەکە دەربڕی.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی
کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی تەواوی بۆ بڕیار و رێکارەکانی محەمەد شیاع سودانی،
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەربڕی لەبارەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و هۆشدارى
دەدات لەوەى ئاسایش و سەقامگیریی پایتەخت هێڵی سوورە.
هاوپەیمانیی
سەروەری سوننەکان، لەبارەی ڕووداوەکە رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى سەر
بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان دەستدرێژیی ئاشکرایە بۆسەر یاسا، شکۆی دەوڵەت و
دامەزراوە فەرمییەکان، نابێت چیتر چەک لە دەرەوەی دەوڵەت بەدەست هاوڵاتییانەوە بێت.
بەهۆی
باڵادەستی گروپەکانی سەر بە حەشدای شەعبی و بوونی چەک لەدەست هاوڵاتییان، زۆر جار ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە
ئەمنییەکانی سەر بە حکومەت و ئەو گروپانە دروست دەبێت و کوژراو برینداری لێ
دەکەوێتەوە.