هەواڵ

هەرێمی کوردستان پارەی پێیە و دەتوانێت 120 ملیاری دیکە بۆ بەغدا بنێرێت

Mic
2025-07-26

بەپێی بەدواداچونێکی دیجیتاڵ میدیای MIC، حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی پێویستی لە بەردەستدایە و دەتوانێت 120 ملیار دیناری دیکە وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە داهاتی پارێزگای سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای MICـی راگەیاند، داهاتی پێویستیان لە بەردەستدایە و دەتوانن بەشی سلێمانی لە داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن تا بۆ بەغدای بنێرێت.

 

بەپێی بەدواداچوونێکی دیجیتاڵ میدیای MIC، پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش پارەی پێویستیان لە بەردەستە و دەتوانرێت 120 ملیار دیناری دیکە بۆ بەغدا بنێردرێت. 

 

بەپێی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی، دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت. 

 

هەرێمی کوردستان ماوەی سێ مانگ بوو داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا نەکردبوو، هەفتەی رابردوو 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی مانگی ئایار بە حکومەتی عێراقیدا، کە نزیکەی 48 ملیار دیناری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بوو، 70 ملیار دینارەکەی دیکەشی داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوو.

 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 300 تا 350 ملیار دینارە، کە 15٪ـی کاش نییە. 

 

ئەگەر ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی بکرێت بنەما، دەبێت داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسان بۆ مانگی تەممووز نزیکەی ترلیۆنێک دینار بووبێت و تەنها بڕی 120 ملیار دیناری بۆ بەغدا نێردرا بێت. 

 

بەپێی رونکردنەوەی وەزارەتی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتی تەنها بەشی بەغدای لێ نادرێت بەڵکو مانگانە بڕی 160 ملیار دیناری بۆ خەرجی وەزارەتەکان خەرج دەکرێت، هەروەها نزیکەی 30 ملیار دیناریشی وەک مووچە دەدرێتە فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری خەرج دەکرێت. 

More News

Most Popular

هەواڵ

ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ Mic: 80 ملیارەکە پاکتاوکردنە بەڵام دەبوو بەشێکی بۆ سلێمانی بووایە

Mic
2025-07-26

ماڵپەڕی شەفافیەت زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic لەبارەی هۆکاری زیادبوونی داهاتی سلێمانی لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پشتراستدەکاتەوە و دەڵێت، پارەکە وەک داهات هەژمار ناکرێت. 

شوان جەبار سەپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، ئەو 80 ملیارەی وەک داهاتی بڵاوکراوەتەوە پارە نییە بۆ سلێمانی، بەڵکو پاکتاوکردنە لەگەڵ کۆمپانیاییەک.

وەک پێشتر دیجیتاڵ میدیای Mic بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ماس کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، باجی پارەی کارەبای سنوری پارێزگای سلێمانی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەت قەرزاریەتی پارەکەی نەداوە بەڵکو باجەکەی خستووەتە بری قەرزەکانی.

سەرپەرشتیاری شەفافیەت لەبارەی هۆکاری داخڵکردنی ئەو پارەیە وەک داهاتی سلێمانی باسی لەوەکرد، "ئەو 80 ملیارە لە ئەنجامدا داهاتێکە بۆ خەزێنەی گشتی بۆیە تۆمارمان کردووە، بەڵام داهاتەکە لای حکومەتە و ئەوان خستوویانەتە بەر ئەو قەرزانەی کۆمپانیاکە لایان بووە".

بە پەپێی یاسای کارگێڕی دارایی (الاداره المالية)ـی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 ماددەی 45ـی پاکتاوپێکردنی پار بۆ خەرجی وەبەرهێنان و فرۆشتنی وزەی کارەبا دەبێت، بەڵام نابێت هەمو خەرجیەکانی بە تەنها و بە گشتی لەسەر داهاتی یەک شار بن.

شوان جەبار سەپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت وتی،"لەو پاکتاوانەی کە بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەکرێت دەبێت دادپەروەری جێبەجێ بکرێت، بۆیە دەبوو ئەو پارەیەی لەسەری بووە بەشێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی کارەبای سنوری سلێمانی تەرخان بکرایە نەوەک هەمووی بدرێتەوە قەرز، چونکە زیانە ژینگەییەکانی بۆ ناوچەکەیە".

بەپێی  ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە.

هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار.

بەپێی داتاکانی مالپەڕەکە داهاتی هەفتەی رابردووی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 411% و داهاتی مانگانەش 91% بەرز بوونەتەوە.