هەواڵ

ئۆکرانیا لەناو خاکی روسیاوە هێرشی پێچەوانە دەکاتە سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکانی روسیا

Mic
2025-06-02

ئەمڕۆ، سەرۆکی ئۆکرانیا پیرۆزبایی لە سوپا و هێزەکانی وڵاتەکەی کرد کە توانیبویان دوێنێ هێرشێکی درۆنی چڕ بکەنە سەر چەند فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی روسیا و چەندین فڕۆکە تێکبشکێنن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات بە نێوەندگیریی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەبارەی ئەو هێرشە "بەرفراوانە"ی وڵاتەکەی بۆ سەر چەند فڕۆکەخانە و بنکەیەکی سەربازی لە قوڵایی روسیا، دوێنێ ئەنجامدرابوو.

 

زێلێنسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند: هەموو وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بە وردی پلان و رێکخستنی بۆ دانرابوو. "دەتوانرێت بە متمانەوە بڵێین کە ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی ناوازە بووە".

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، 117 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان بەکارهێنراون، ئەمەش بە سەرکەوتنێکی سەربازی و پڕوپاگەندەیەکی گەورە بۆ ئۆکرانیا ئەژماردەکرێت.

 

زێلێنسکی وتی: 'ئۆفیسی' ئۆپەراسیۆنەکانمان لەسەر خاکی روسیا لە تەنیشت بارەگای دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا (FSB) بوو، لە یەکێک لە ناوچەکانیان.

سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازی لە هێرشەکە کرد و وتی: "سڵاو، ژن و پیاوی ئۆکرانیای ئازیز! من تەنها گوێم لە راپۆرتی ڤاسیل مالیوک، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بوو کە ئۆپەراسیۆنێکی شایستە بۆ سەر خاکی دوژمن ئەنجامدراوە، تەنها دژی ئامانجە سەربازییەکان بووە، بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو فڕۆکە و ئامێرانەی کە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکارهێنرابوون. روسیا زیانێکی زۆری بەرکەوت".

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئۆکرانی ئاشکرایکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە ساڵ و شەش مانگ پلانی بۆ هێرشەکە داناوە، لە پلانەکەدا بەقاچاخ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ناو خاکی رووسیا دزەی پێکراوە و شاردنەوەی لە خانووی گەڕۆکدا، کە لەسەر بارهەڵگرەکان دانراون. پاشان سەقفەکان لە دوورەوە کرانەوە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان جێگیرکران.

 

وەزارەتی بەرگری روسیا دووپاتی کردەوە کە ئۆکرانیا رۆژی یەکشەممە فڕۆکەخانەکانی رووسیای لە پێنج ناوچە کردە ئامانج و هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە "هێرشی تیرۆریستی" وەسف کرد.

وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێرشەکان لە ناوچەکانی ئیڤانۆڤۆ، ریازان و عەمور بەرپەرچدراونەتەوە، بەڵام دوای هێرشەکانی ناوچەکانی مورمانسک و ئیرکوتسک، "چەند بەشێکی فڕۆکەکان" گڕیان گرتووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ ئاگرەکان کۆنترۆڵکراون.

روسیا ئەوەشی ئاشکراکردووە بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرانیا هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە و "بەشێک لە بەشداربووانی هێرشە تیرۆریستییەکان دەستبەسەرکراون".

ئەمشە روسیا بەشێوەیەکی چڕ وەڵامی هێرشەکانی ئۆکرانیای دایەوە و بە موشەکی دورهاوێژ چەندین ناوچەی ئۆکرانیای کردە ئامانج و زیانی زۆری بە ژێرخانی ئەو وڵاتە گەیاند.

هەر ئەمڕۆ، دووشەممە، لە ئیستانبوڵ، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان شاندی سەربازیی و دیپلۆماسی روسیا و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، هەروها ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی روسپا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامدا و دواین پەرەسەندنەکان و هێرشەکانی نێوان ئۆکرانیا و روسیایان تاوتوێکرد.

More News

Most Popular

هەواڵ

هۆشداریی لە دوبارە درێژکردنەوەی سزای زیندانی شێروان شێروانی دەدرێت

Mic
2025-07-27

پارێزەری شێروان شێروانی هۆشداریی دەدات لە کردنەوەی دۆسییەی دیکە بۆ شێروان شێروانی و دەڵێت: پارتی دۆسییە لەدوای دۆسییە بۆ شێروان شێروانی دروست دەکات.

محەمەد عەبدوڵا، پاریزەری شێروان شێروانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی لە درێژکردنەوەی سزای زیندانی کردنی شێروان شێروانی دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە، جارێکی دیکە سزای ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی دەدرێت.

باسی لەوەکردووە، دوای دوو ساڵ لە شاردنەوە و دەستی دەستی پێکردنی دواین دۆسیەی ناوبراو ئەمڕۆ دادوەری دادگای لێکۆلینەوەی بنەسڵاوە پێ ی ڕاگەیاندووە دۆسیەکەی شێروان ڕەوانەی دادگای تایبەت مەندکراوە بۆ سزادان و یەکلایی کردنەوە.

ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی ماوەی سزادانی دوایین دۆسییە کەلەسەری سزادرا بوو لە ئێستادا حکومەکەی بەسەر دەبات لە چاکسازی گەوران لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ واتە مانگی نۆ کۆتایی دێت.

محمەد عوبدوڵا دەڵێت، "با بۆ هەموو لایەک ڕونبێت کە پارتی دۆسیە لە دوای دۆسیە بۆ شێروان دروست دەکات و  ناهێڵێت ئازاد بکرێت".

دوپاتیشی دەکاتەوە، یان دەبێت سازش لە هەڵوێست و مەبدەئەکانی بکات یان تا ئەم دەسەڵاتە مابێت ناهێڵێت شێروان شێروانی ئازاد بکرێت .

ئاشکراشیکردوە، لەدوا سەردانیدا، شێروان شێروانی لە چەکسازی گەورانی هەولێر پێی ڕاگەیاندووە، "چەند کەسێک لە یەکێک لە دەزگائەمنییەکان بەتایبەت بۆ لای هاتوون و دوای چەند پرسیارێک و گفتوگۆیەک پێیان ڕاگەیاندوە ئەگەر ئەو کارانە بکات ئەوان دەیانەوێت دۆسییەکانی دادەخرێت و ئازەد دەکرێت قەرەبووی ئەو پێنج ساڵەشی بۆ دەکرێتەوە کە لە زیندان بووە".

رۆژی 16ـی شوباتی 2021، دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگای تاوانی هەولێر بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، شێروان شێروانی و چوار چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینانی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا.

مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 50%ـی سزاکەی شێروان شێروانی کەمکرایەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە.

بەپێی ئەو بڕیارەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دەریکرد بوو، چوار ساڵەکە کەمکرایەوە بۆ دوو ساڵ و بڕیاربوو، مانگی ئازاری ئەمساڵ ئازاد بکرێت، بەڵام داواکاری ئازادبوونی رەتکرایەوە بۆ شەش مانگی دیکە دواخرا.