هەواڵ

هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ مووچە چاوەرێی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات

Mic
2025-08-17

چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی شەش خەرجبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن، دوو وەزیری کوردیش دڵنیایی لە چارەسەربوونی کێشەی مووچە دەدەن.

هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە چاوەڕیی پرسی مووچە دەکات، بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC کە لەسەرچاوەیەکی تایبەت دەستی کەوتووە ئەم هەفتەیە دوو شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچەی مانگی شەش سەردانی بەغدا دەکەن.

MIC زانیویەتی شاندەکانی هەرێمی کوردستان دوو لێژنە دروست دەکەن و لەگەڵ لیژنەیەکی وەزارەتی دارایی کاردەکەن بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لیژنەکان راپۆرتێک ئامادە دەکەن و دەینێرن بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە بڕیار لەسەر مووچەی هەرێمی کوردستان بدرێت، ئەگەر کارەکان بە باشی بچنە پێشەوە چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەغدا مووچەی مانگی شەش خەرج بکات.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC سەرەڕای ئەو دوو لیژنەیەی باسمان کرد، لیژنەیەکی دیکەش بۆ پێداچوونەوە بۆ داهاتە نانەوتییەکان بۆ مانگەکانی داهاتوو دروست دەکرێت.

گرفتی داهاتی ناوخۆ و نەوت تا ڕادەیەک چارەسەر بووە، هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری ئامادەیە و چاوەڕیی بەغدایە مووچەی مانگی شەش خەرجبکات و هەرێم-یش پارەکە بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان-یش تاڕادەیەک چارەسەربووە، رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کراوە، ئەوەی ماوەتەوە رازیکردنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی رێککەوتنەکان و پرسی نەوت و مووچە، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'شەمس' د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند: ئەم چارەسەرانەی ئێستای مووچە کاتییە و تا کۆتایی ئەمساڵە، چارەسەری هەمیشەی لە رێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و غازەوە دەبێت.

وەزیرە کوردەکە پێیوایە بەغدا بەشێوەیەکی ناوەندی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات دەستدرێژی دەکاتە سەر دەسەڵاتەکانی و دەڵێت، دەبێت بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێرێت و دەستوەردان لە چۆنێتی خەرجکردنی نەکات و ئەو کارە بۆ هەرێم جێبهێڵێت.

هەر تایبەت بە پرسی مووچە د. پشتیوان سادق-یش کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەبارەی پرسی مووچە رایگەیاند، سەرۆک وەزیران لەسەر هێڵە و لەم رۆژانەدا کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

بەپێی یاسای بودجە دەبێت حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێرێت و هەولێریش رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا، نابێت حکومەتی فیدراڵ دەست وەردان لە چۆنییەتی خەرجکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بکات.

لەدوای راگردنی هەناردەکردنی نەوەتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئازاری 2023 لەلایەن دادگای نێوبژیوانی پاریس، گرفت بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دروست بوو، ئاستی بەرهەمهێنانیش بۆ 250  بۆ 280 هەزار دابەزیی، لەسەر ئەو بنەمایە هەولێر و بەغدا رێککەوتنی نوێیان لەبارەی نەوت و مووچە واژۆکرد

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی شەش یەکلایی دەبێتەوە، ئەگەر هیچ پێشهات و ئەگەرێکی نوێ رونەدات کۆتایی هەفتە مووجە خەرجدەکرێت، هەفتەی داهاتووش لیستی مووچە رادەگەینرێت.

More News

Most Popular

تەندروستی

10 سوودی گرنگی ڕێکردن بزانە

Mic
2025-08-19

ڕێکردن ژمارەیەکی زۆر سوودی تەندروستی هەیە بۆ هەموو تەمەنەکان، کە ئەمانەی خوارەوە گرنگترین سوودەکانین:

1. سووتاندنی وزە: یارمەتیت دەدات لە سووتاندنی وزە و بەدەستهێنانی کێشێکی تەندروست.

2. بەهێزکردنی دڵ: لانی کەم 30 خولەک ڕێکردن ڕۆژانە، پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، ئەگەری تووشبوونت بە تەسک بوونەوەی خوێنەرەکانی دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 19 کەم دەکاتەوە.

3. دابەزاندنی شەکری خوێن: بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە شەکرەیان هەیە، ڕێکردن بۆ ماوەیەکی کورت لە دوای نان خواردن یارمەتی دابەزاندنی شەکری خوێن دەدات.

4. نەهێشتنی ئازاری جومگەکان: یارمەتی پاراستنی جومگەکان دەدات، بەتایبەت جومگەکانی ئەژنۆ و سمت، ئەمەش لە ڕێگەی چەورکردن و بەهێزکردنی ئەو ماسولکانەی کە پاڵپشتی جومگەکان دەکەن.

5. بەهێزکردنی بەرگری جەستە: ئەگەری تووشبوونت بە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا کەم دەکاتەوە.

6. زیادکردنی توانا و تاقەت: ئەگەر هەستت بە ماندوویی کرد، ڕێکردن بۆ ماوەیەک دەکرێت زۆر زیاتر لە خواردنەوەی کوپێک قاوە توانات پێ ببەخشێتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی زیاد بوونی ڕێژەی ئۆکسجین بۆ تەواوی جەستە، و بەرزبوونەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ و ئیپینفرین و نۆرئیپنفرین کە یارمەتی زیاکردنی توانا و تاقەت دەدەن.

7. ئارام کردنەوەی دەروون: تەندرووستی عەقڵ و هۆش دەپارێزێت و یارمەنی کەمکردنەوەی قەلەقی و خەمۆکی دەدات.

8. درێژکردنی تەمەن: بەتایبەت بە هەنگاوی خێرا، ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 24 کەم دەکاتەوە.

9. بەهێزکردنی ماسولکەی قاچەکان: یارمەتی بەهێزبوونی ماسولکەی قاچەکان دەدات، بەتایبەت ڕێکردن لە شوێنە لێژەکان وەک گرد، هێزێکی زیاتر بە ماسولکەی قاچەکان دەبەخشێت.

10. زیادکردنی توانای بیرکردنەوە: توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێکردن توانای بیرکردنەوە و بیرۆکە زیاد دەکات.