هەواڵ

"بەبێ رێککەوتن لەسەر پۆستەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان لە مانگی ئەیلول ئەگەرێکی دورە"

Mic
2025-08-17

مانگی ئەیلول پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکانی دەستپێدەکات و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمان-یش دەڵێت: ئامادەکاریی تەواویان کردووە، بۆچونێکیش پێیوایە قورسە بەبێ رێککەوتن دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکات، پێکهاتەکانیش داوا دەکەن لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان پشکیان پێ بدرێت.

لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی یەکێتی و پارتی رێککەوتوون لە سەر ئەوەی لە مانگی ئەیلول دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکات و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرێت.

ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مانگی داهاتوو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات و پەرلەمان کارا دەکرێتەوە.

تەنها سێ ڕۆژ ماوە بۆ تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە 20ـی تشرین یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، بەهۆی ململانێکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان تائێستا نەتوانراوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی زیاتری وت و ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم کاریان لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلول هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەبێت و بەشێوەیەکی هەمیشەیی و دواتر لیژنە بەردەوامەکان پێکدەهێنرێت.

 پەیکەری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان پێکدێت، لە خولی پێشوو سەرۆک لای یەکێتی و جێگری سەرۆک لای پارتی بوو، سکرتێری پەرلەمانیش لای پێکهاتەی تورکمان بوو.

 سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای MICـی  راگەیاند، ستافی پەرلەمان ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان لە مانگی ئەیلول.

ئەگەر دانیشتنەکەی پەرلەمان لە مانگی ئەیلول بەڕێوەبچێت، بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات و لە فراکسیۆنی یەکێتی دەبێت، کە ئەویش ئازاد حەمەئەمین-ە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو،  دیوانی پەرلەمان ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوهەڵوێستی لایەنەکانە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی باسی لێوەکراوە.

بۆچونێکیش هەیە پێیوایە، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئەیلول ئەگەرێکی دوورە و ناکرێت، چونکە پێویستی بە رێککەوتنی پێشوەختە هەیە لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستەکان و تائێستا ئەو رێککەوتنە نەکراوە.

هێشتا دیارنییە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئەیلول دەکرێت یان نا، مونا قەهوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمان داوا دەکات لە پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پێکهاتەکان بێبەش نەکرێت و پۆستیان پێ بدرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر بکرێت، لەدوای نزیکەی هەشت مانگ و 15 رۆژ دێت لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 2-12-2024 بەڕێوەچوو و تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی نەکردووە.

More News

Most Popular

تەندروستی

10 سوودی گرنگی ڕێکردن بزانە

Mic
2025-08-19

ڕێکردن ژمارەیەکی زۆر سوودی تەندروستی هەیە بۆ هەموو تەمەنەکان، کە ئەمانەی خوارەوە گرنگترین سوودەکانین:

1. سووتاندنی وزە: یارمەتیت دەدات لە سووتاندنی وزە و بەدەستهێنانی کێشێکی تەندروست.

2. بەهێزکردنی دڵ: لانی کەم 30 خولەک ڕێکردن ڕۆژانە، پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، ئەگەری تووشبوونت بە تەسک بوونەوەی خوێنەرەکانی دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 19 کەم دەکاتەوە.

3. دابەزاندنی شەکری خوێن: بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە شەکرەیان هەیە، ڕێکردن بۆ ماوەیەکی کورت لە دوای نان خواردن یارمەتی دابەزاندنی شەکری خوێن دەدات.

4. نەهێشتنی ئازاری جومگەکان: یارمەتی پاراستنی جومگەکان دەدات، بەتایبەت جومگەکانی ئەژنۆ و سمت، ئەمەش لە ڕێگەی چەورکردن و بەهێزکردنی ئەو ماسولکانەی کە پاڵپشتی جومگەکان دەکەن.

5. بەهێزکردنی بەرگری جەستە: ئەگەری تووشبوونت بە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا کەم دەکاتەوە.

6. زیادکردنی توانا و تاقەت: ئەگەر هەستت بە ماندوویی کرد، ڕێکردن بۆ ماوەیەک دەکرێت زۆر زیاتر لە خواردنەوەی کوپێک قاوە توانات پێ ببەخشێتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی زیاد بوونی ڕێژەی ئۆکسجین بۆ تەواوی جەستە، و بەرزبوونەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ و ئیپینفرین و نۆرئیپنفرین کە یارمەتی زیاکردنی توانا و تاقەت دەدەن.

7. ئارام کردنەوەی دەروون: تەندرووستی عەقڵ و هۆش دەپارێزێت و یارمەنی کەمکردنەوەی قەلەقی و خەمۆکی دەدات.

8. درێژکردنی تەمەن: بەتایبەت بە هەنگاوی خێرا، ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 24 کەم دەکاتەوە.

9. بەهێزکردنی ماسولکەی قاچەکان: یارمەتی بەهێزبوونی ماسولکەی قاچەکان دەدات، بەتایبەت ڕێکردن لە شوێنە لێژەکان وەک گرد، هێزێکی زیاتر بە ماسولکەی قاچەکان دەبەخشێت.

10. زیادکردنی توانای بیرکردنەوە: توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێکردن توانای بیرکردنەوە و بیرۆکە زیاد دەکات.