هەواڵ

کورد وشەی تیرۆر رەتدەکاتەوە

Mic
2025-08-05

ئەمڕۆ ئەو لیژنەیەی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دروستکراوە، یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و ناوێک بۆ خۆی دادەنێت.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیا، یەکەم کۆبوونەوەی ئەو کۆمسیۆنە بەڕێوەدەچێت، کە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا پێکهێنراوە، بڕیاریشە لە یەکەم کۆبوونەوە کۆمسیۆنەکە ناوێک لە خۆی بنێت.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە سەرەتای ئەم مانگە بانگهێشت نامەیەکی ئاڕاستەی پەرلەمانتاران کرد، بۆ ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکە بەڕێوە بچێت.

بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی ئەو کۆمسیۆنە بکرێت و ڕێکار و بڕیارەکانی کۆمسیۆنەکە تاوتوێ دەکرێت.

تائێستا پڕۆسەی لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و کورد هیچ ناوێکی فەرمی نییە، ئەنقەرە بە تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات و کوردیش بە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، کورد نیگەرانە لەو ناوەی تورکیا بۆ پڕۆسەکە بەکاری دەهێنێت و دەڵێت دەبێت ناوی پرۆسەکە گوزارشت لە چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەی کورد و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی لە تورکیا بکات و بەتەواوی وشەی تیرۆر رەتدەکاتەوە.

کۆمسیۆنی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، لە 51 ئەندام پێکدێت، لەو ژمارەیەش 21 ئەندامی بۆ ئاکەپە، 10ـی بۆ جەهەپە، چواری بۆ دەم پارتی، چواری بۆ مەهەپە، سێی بۆ ئیی پارتی، بەڵام ئی پارتی لە کۆمسیۆنەکە کشایەوە، سێ بۆ یەنی یۆل.

هەروەها هەر یەک لە هودا پار، یەنیدەن ڕەفەح، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی ڕەنج، پارتی چەپی دیموکراتیک و پارتی دیموکراتیک، کە لە پەرلەماندا فراکسیۆنیان نییە هەریەکەیان بە نوێنەرێک بەشداری کۆمیسیۆنەکە دەبن.

ئامانج لە دامەزراندنی کۆمیسۆنەکە دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ پرۆسەی ئاشتی و سەرخستنی پڕۆسەکە لە تورکیا.

کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە بەتەوقەیەک لەگەڵ ئەندامانی دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیا پێشنیازی کرد عەبدوڵا ئۆجەلان، بێتە پەرلەمان و لە وتارێکدا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەینێت و سەردەمێکی نوێ لە تورکیا دەست پێبکەن و ئاشتی بەدیبێنن.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە وەڵامی پێشنیازەکەی باخچەلی دایەوە و لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.

پەکەکەش لە 5-7ی ئایاری ئەمساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆ هەڵوەشاندنەوەی دا.

11ی تەمموزی 2025 گرووپێکی 30 گەریلای پەکەکە کە چواریان بەرپرسی باڵابوون، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.



More News

Most Popular

هەواڵ

سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ کورد کشایەوە

Mic
2025-08-09

حکومەتی سوریا کشانەوەی لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.

ئاژانسی هەواڵی سوریا- ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.

بەرپرسە سورییەکە بە توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.

حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.

لە دوای دەست بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.

رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.

تورکیا کە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.

کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.