پارێزەرێکی کورد بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسایی بودجە سکاڵا لەسەر سەرۆکی حکومەتی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سێ وەزیر تۆمار دەکات. داوای دەرکردنی فەرمانسالاریش بۆ دیاریکردنی کۆمپانیەکی راوێژکاری نێودەگیر لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.
دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، بەهۆی ناکۆییەکانیانەوە ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە.
پارێزەر ئازاد دۆسکی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە.
سکاڵاکە تایبەتە بە پابەندبوون بە هەمواری بڕگەی (ج) ماددەی 12 لە یاسای بودجە کە تێیدا هاتووە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە 6 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد دەکرێت.
بەپێی بڕگەکە، ئەگەر لە ماوەی 60 رۆژدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی عێراق نەگەیشتنە رێککەوتن، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی هەیە تا لایەنێکى ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات.
پارێزەر ئازاد دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، داوای دەرچوونی فەرمانسالارییەکی بەپەلەی کردووە بۆ پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیاریکردنی لایەنێکی راوێژکاری چونکە لە ماوەی 60 رۆژی رابردوودا هەردووو حکومەت نەگەیشتوونەتە رێککەوتن
ئەگەرچی یاسای بودجە لەپێناو دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەموارکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتەوە تا ئێستا نەتوانراوە رێککەوتن بکرێت.
هەرێمی کوردستان و عێراق دوو رەشنووسیان تایبەت بە رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت ئامادەکردووە، هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی پێشکەش کردووە، یەکەمیان تایبەتە بە بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و دووەمیان بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانە کە لە هەردوو پێشنیازەکەدا ئامادەیی بۆ دەستبەجێ رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەربڕیووە.
لە حاڵەتی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر کاری لیژنە هاوبەشە تەکنییکییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە دوای لێدەرکردنی پێویستی ناوخۆ بەرهەمی نەوت رادەست بکات.
لە رەشنووسەکەی هەرێمی کوردستاندا، بەرهەمی ئێستای نەوت بە 282 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا دیارییکراوە، کە 65 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخانکراوە.
لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانیشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی رادەستکردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ تا ئەو کاتەی لەسەر بنەمای کاری لیژنەی تەکنیکی هاوبەش ڕێککەوتن دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لە پێشنیازەکانیدا پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەکاربردنی ناوخۆیی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان دەبێت کە بڕەکەی بە 65 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندووە.
حکومەتی عێراقی لە پێشنیازەکانیدا بۆ رادەستکردنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکۆکە و پێشنیازی دەستبەجێ رادەستکردنی تەواوی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ کە خۆی بە 236 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندوویەتی.
لە قۆناغى دووەمدا کە هاوکات لەگەڵ قۆناغى یەکەم دەبێت بۆ ماوەى مانگێک جێبەجێ بکرێت، دەبێت وەزارەتى نەوتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى راستەقینەى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دیارى بکات.
بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد.
بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە.
ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.