هێڕشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان و
کردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکان بەردەوامە، فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی
بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکات لەسەر ئەو پرە و جەختدەکاتەوە، هێرشەکان، سەروەریی
عێراق، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی تێک دەدەن.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە 15 هێرشی درونی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەشێکیان
کێڵگە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەمڕۆی درۆنێکی تر لە نزیک ناحیەی بەحرکەی
سنوری پارێزگای هەولێر کەوتەخوارەوە.
حکومەتی هەرێم راگرتنی هێرشە درۆنییەکان دەخاتە
ئەستۆی حکومەتی عێراق و ئەمڕۆیش، فراکسیۆنی پارتی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و
تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان،
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە،
ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی
کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە.
فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی
بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە
بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە" دەکات، ئەمەش بە مەبەستی "بەهێزکردنی
ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا".
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنی
پارتی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر
سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان
زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن.
بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد.
بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە.
ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.