یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پیرمام پێشنیازێک بۆ رادەستکردنی نەوت دەداتە پارتی دیموکراتی کوردستان؛ رێککەوتنیش وەک تاکە رێگەی چارەسەری پێشنیاز دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی دەستی کەوتووە؛ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بڕیاریداوە پشتیوانی رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی عێراق بکات.
بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆببنەوە، دیجیتاڵ میدیای Mic زانیویەتی لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتی پێشنیازەکەی بۆ رادەستکردنی نەوت دەداتە پارتی.
پێشتر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاندبوو، رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەدیلی نییە و دەبێت رێککەوتن بکرێت.
لێدوانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆچوونی فەرمی یەکێتییە؛ مەکتەبی سیاسی حزبەکەش وەک بەرزترین دەسەڵاتی ناو حزب پشتیوانی ئەو بۆچوونە دەکات.
پرسی کشانەوە لە بەغدا، یەکێکە لەو کارتە فشارانەی پارتی لەم ماوەیدا زیاتر لە جارێک باسی کردووە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکەی پەسەند نەکردووە.
یەکێتی پشتیوانی ئەم بۆچوونە ناکات، بەغدا بە چەقی ستراتیژی بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان دەزانێت، وەک سەرچاوەیەکی ئاگاداری یەکێتی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی وت؛ یەکێتی بڕیاری بەردەوامبوونی لە بەغدا داوە و لە کشانەوەدا پشتیوانی پارتی ناکات.
ئەگەرچی بڕیارەکانی بەغدا بۆ نەناردنی پارەی مووچە هەرێمی کوردستانی روبەڕوی قەیرانێکی قوڵی دارایی کردوەتەوە و دوو مانگە زیاتر مووچە دابەشنەکراوە، بەڵام دابەشبوونی ناوخۆیی لەناو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەبینرێت.
دیجیتاڵ میدیای Mic زانیویەتی، یەکێتی بڕیارداوە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی عێراق هاوهەڵوێستی پارتی بێت و پشتیوانی بکات.
حکومەتی عێراقی لە مانگی ئایارەوە بڕیاریداوە پارەی مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکات، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان بە تایبەت لەسەر پرسی رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام تا ئێستا لەسەر وردەکاری و ژمارەکان رێککنەکەوتوون.
بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد.
بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە.
ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.