سبەینێ بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی موچە، هەناردەی نەوت، پێکهێنانی حکومەت و یەکهەڵوێستی بەرامبەر بەغدا کۆدەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی MIC بڕیارە سبەینێ دووشەممە هەریەکە لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام کۆبببنەوە.
MIC زانیویەتی، کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لە خۆدەگرێت کە گرنگترینیان، پرسی یەکهەڵوێستی لە بەغدا، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی MIC، بڕیارە پێش کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەمشەو بەسەردانێک بگەنە بەغدا بۆ بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەیەکی ئیدارەی دەوڵەت.
پارتی و یەکێتی لەسەر مامەڵەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆچوونیان لە یەکترەوە نزیکە هەردووکیان پێیان وایە هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەند لەبارەی مووچە نادەستورین.
قوباد تاڵەبانی لەسەر مامەڵەی بەغدا بە مایکی وت؛ ئەوەی ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆیە قبوڵ بكرێت هەرێمی كوردستان بچووك دەكاتەوە
نزیک و هاورابوونی پارتی و یەکێتی لەم پرسەدا وایکردووە، راگەیاندنی هەڵوێستی هاوبەشی هەردوو حزبەکە بەرامبەر بەغدا ئاسان بێت.
ئەوەی وەک رێگر دەبنێرێت، جیاوازی بۆچوونەکانی هەردوو حزبە لەبارەی پرسی مووچە و نەوتەوە کە دیدگای جیاوازیان بۆ بەڕێوەبردنی هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبونەوەکە کاریگەری ئەرێنیشی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ هەبێت، کە زیاتر لە دوو مانگە دانوستانەکانی چەقیان بەستووە.
لەدوای بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، پارتی و یەکێتی بە چڕی لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، بەڵام دوای چەندین کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا نەگەیشتوەنەتە ڕێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد.
بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە.
ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.