بەپێی بەدواداچوونەکانی مایک میدیا، عێراق لەڕێکەی چەند شاندێکەوە هەوڵی
قایلکردنی تورکیایداوە بۆ بەردانەوەی بڕێکی زیاتری ئاوی دیجلە و فورات لەم وەرزی
هاوینەدا، بۆئەوەی ناڕەزایەتییەکان کەمببنەوە لەناوخۆی عێراقدا، بەتایبەتی کە لە
مانگی 11 ی داهاتوودا بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕیوەبچێت.
پاش ئەوەی تورکیا پرۆژەی زنجیرە بەنداوە گەورەکانی لەسەر لقەکانی روبارەکانی
دیجلە و فورات جێبەجێکرد، عێراق هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە بۆئەوەی لەڕێی چەند
رێکەوتنێکەوە تورکیا قایل بکات پشکی عێراق لە بەردانەوەی ئاو زیاتر بکات.
بێگومان تورکیاش داخوازیی ئاشکرانەکراوی هەیە... لێرەدا بەشێکی
لێدەخەینەڕوو.
عەون زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق، ئەوەی ئاشکراکردووە، لەگەڵ تورکیا رێککەوتن
کراوە، لە ئەنجامدا ئاوی رووباری دیجلە بەرزبووەتەوە بۆ (212 متر سێجا لە چرکەیەک)
کە پێشتر (114 متر سێجا لە چرکەیەک) بوو، بەڵام ئەم رێژەیە بەشی پێداویستییەکان ناکات.
بۆ نمونە ، ئەو بڕە ئاوەی
تورکیا بۆ روباری فورات بەریداوەتەوە، 370 مەتر سێجا لەچرکەیەکدایە، بەڵام پاش
ئەوەی بەخاکی سوریادا تێدەپەڕێت، تەنها 141 متر سێجا لە چرکەیەک دەگاتە ناو خاکی
عێراق، ئەوەش لەگەڵ بڕی رێکەوتن لەسەرکراو یەکناگرێتەوە.
ئەو بڕە ئاوەی لە رێگەی رووبارەکانی
دیجلە و فوراتەوە دەڕژێتە عێراق لە ئێستادا لە (353) مەتر سێجا لە چرکەیەک تێناپەڕێت،
ئەو بڕەش نیوەی خواستی راستەقینەی عێراقە لەم وەرزەدا پێداویستییەکان بە 600 مەتر
سێجا لە چرکەیەک خەمڵێنراوە.
بەپێی رێکەوتنەکانی
پێشوو لەگەڵ تورکیا، دەبوایە لەم وەرزەدا بڕی ئاوی دیجلە و فورات کەمتر نەبوایە لە
420 مەتر سێجا لەچرکەیەک، بەڵام تەنها 353 مەتر سێجا لەچریەکە.
واتە تورکیا لە ئاستی
ئاوی پێشتر زامنکراو، بڕی 67 مەتر سێجا لە چریەکی گرتووەتەوە، کاتێکیش رێکەوتنی نوێ
لەگەڵ تورکیاکراوە هێشتا ئەو بڕە ئاوەی بەرنەداوەتەوە کە عێراق پێویستیەتی.
ئاوەکە لە کاتێکدا بۆ
عێراق بەردەدرێتەوە کە سودی ئەوتۆی بۆ کشتوکاڵ نەماوە، چونکە ماوەیەک لەمەوپێش عێراق
راگرتنی کشتوکاڵی هاوینەی راگەیاند و تەنها ئەو ژمارە کەمە جوتیارە سود لە ئاوەکە
دەبینن کە بەڕێگەی تەقلیدی کشتوکاڵ دەکەن.
پەرلەمانتار جەواد
یاسری، ئاماژە بەوەدەکات ئەو بڕە ئاوەی بڕیارە تورکیا بەرەو عێراق بەڕێی بکات،
تەنها 5٪ی پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و رەنگە تەنها بۆئەوە سودی هەبێت کە
رێڕەوی ئاوی دیجلە و فورات ئاوێکی رونتر و خاوێنتری تێدابێت.
ڕوونیشیکردەوە،
"لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاستی ئاوی رووباری دیجلە وردە وردە دەست بە بەرزبوونەوە
دەکات، دەگاتە ئاستی پێشبینیکراو. هەندێک ناوچە، وەک بەغدای پایتەخت، دواتر هەست بەم
بەرزبوونەوەیە دەکەن".
ناوەڕۆکی رێکەوتنە
نوێیەکە
"تورکیا ئاوی
زیاتر بەردەداتەوە، لەبەرامبەردا تورکیا وەبەرهێنانی زیاتربکات لەناو عێراقدا"،
ئەمە ناوەڕۆکی رێکەوتنی ئەمجارەی تورکیا و عێراقە، بەڵام هێشتا جۆری وەبەرهێنانەکانی
تورکیا ئاشکرا نەکراوە کە چ بوارێکی دیکە دەگرێتەوە.
تورکیا لە دوو دەیەی
رابردوودا دەیان بەنداوی لەسەر لق و سەرچاوەکانی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات
دروستکردووە، هەروەها چەند بەنداوێکی زەبەلاحی لەسەر ئەو دوو روبارە دروستکردووە.
بەنداوی ئەلیسۆ، لەسەر
روباری دیجلە دروستکراوە و 70 کیلۆمەتر لە خاکی عێراقەوە دوورە، توانای گلدانەوەی
10.4 ملیار سێجا ئاوی هەیە، بەڵام تورکیا سەرقاڵی پرۆژەی بەنداوی جەزیرەیە و 45
کیلۆمەتر لە خاكی عێراقەوە دوورە و گەورەترین مەترسی لەسەر بەرکەوتەی ئاو بۆ
هەرێمی کوردستان و عێراق دوستدەکات و هەر کاتێک بخوازێت دەتوانێت بڕی تێپەڕینی ئاوی
دیجلە لەسەر سنورەوە بۆ سفر نزیک بکاتەوە.
ئەمرۆ، قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ
دامەزراوەی مایک میدیا، چەندین زانیاریی گرنگی لەبارەی چارەنوسی موچەی موچەخۆران،
پرسی نەوت و چەندین بابەتی دیکە خستەڕوو.
قوباد تاڵەبانی،
وتی: پرسی نێوان هەرێم و بەغداد ئاڵۆزە، پێشتر رێکەوتبوین
لەسەر چەندین بابەت کە پرسی موچە یەکلابوبێتەوە و بۆ چەند مانگێک موچەکە وەردەگیرا
و گرفتەکان کەمبوبونەوە، بەڵام ئەمجارە پرسی نەوت هاتووەتە پێشەوە.
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی کە پرۆسەکەی ئاڵۆزکردووە، تێڕوانینی
جیاوازە لەسەر دەستوری عێراق، پرسی نەوت، داهاتی نا نەوتی، بابەتی نێوان
کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی فیدراڵی، ئەم سێ پرسە لە بەغداد ئێستا گفتوگۆی لەسەر
دەکرێت، بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەری پێویست بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و بڕەکەی،
پرسی داهاتە نانەوتییەکان، رێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی عێراقی.
جەختی لەوەکردەوە: ئێمە (هەولێر و بەغداد) هەر دەبێت رێکبکەوین کۆڵنادەین،
هەر رێکدەکەوین، بەدیلی نیییە رێکەوتن، شتێک نییە ناوی رێکنەکەوتن بیت، بەڵام
پرۆسەکە ئاڵۆزە و شەڕەکان قورسن، بەو داواکارییانەی حکومەتی فیدراڵی داوای دەکات
لە ئێمە، کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و بچوککردنەوەی
قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
هەروەها وتی: ئەگەر ئەوەی ئێستا لەسەر میزە، هەرێمی کوردستان پەسەندی بکات،
مەترسیدارە و هەنگاوێکی خراپە بۆ بچوککردنەوەی هەیبەتی هەرێمی کوردستان و بچوککردنەوەی
دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
باسی ئەوەشیکرد: ئێمە دەمانەوێت بگەینە رێکەوتنێک، درێژخایەن بێت و قابیلی
جێبەجێکردن بێت، ئەوە نەبێت کە سبەی بێن و گۆڕانکارییەکی دیکەی تێدا بکەن، هەنگاو
بە هەنگاو، چونکە سەرەتا بە موچە دەستی پێکرد، ئێستا چووە بۆ نەوت و سبەی دەچێت بۆ
فڕۆکەخانە و دوو سبەی دەچێت بۆ دەروازە سنورییەکان و سێسبەی دەچێت بۆ داهاتە
ناوخۆییەکان و دوایی هەڵدەستین دەبینین هەرێمی کوردستان نەماوە.
ئەوەی ئێستا بەغداد خستویەتیەڕوو، نەهێشتنی شتێکە بەناوی هەرێمی کوردستان، ئەوەی
ئێمە داوامانکردووە، داوای شتێک دەکەین کە بگەینە رێکەوتنێکی هاوبەش، کە ئێستا
کۆبوونەوەکان چڕکراونەتەوە، دەمانەوێت کۆبوونەوەکان بگەنە ئاستێک کە من ئێستاش
گەشبینم کە دەگەینە رێککەوتن و هەوڵەکانمان لەپێناوی رێککەوتنە، بەدیلی رێککەوتن
هەر رێککەوتنە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی
هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم (بودجەی وەبەرهێنان
و کارپێکردن) لە ئاستیکدایە کە ناتوانریت بە داهاتی نەوتی و نانەوتیی موچە دەستەبەر
بکرێت.
لێرە کۆی چاوپێکەوتنەکە ببینە: