هەواڵ

Mic Exclusive:دەم پارتی بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی چەکدانانی قەندیل دێتە هەرێمی کوردستان

Mic
2025-07-05

شاندێکی دەم پارتی بەشداری یەکەم رێورەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکات و داواش لە چالاکوان و رۆژنامەنووسان دەکات مۆڵەت بۆ روماڵکردنی وەربگرن، سەرۆک کۆماری تورکیاش دەڵێت، چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات. 

10 رۆژی داهاتوو لە رێورەسمێکدا نزیکەی 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە سلێمانی چەک دادەنێنن. 

بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، دەم پارتی بە شاندێک بەشداری رێوڕەسمی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە دەکات.

دەم پارتی تا ئێستا ئەندامانی شاندەکەی دیاریی نەکردووە، ئۆزتورک وتی،" لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستەی گشتی دەم پارتی ئەندامانی شاندەکە دیاریی دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت، رێورەسمی چەکدانانی یەکەم پۆلی گەریلاکانی پەکەکە لە 10 بۆ 12ـی تەمووز لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت، زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان -کەجەکە بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، پرۆسەکە بە سەرپەرشتیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەدەچیت و گەریلاکان چەکەکانیان لەناو دەبن. 

رێورەسمی چەکدانانی یەکەم پۆلی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێشخەرییەکی سیمبولی پەکەکەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و بە چاودێری، هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت.

دەم پارتی بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی چەکدانانەکەدا بانگهێشتی نووسەر و نوێنەری پارتەکانی کردووە، داواشی لە میدیاکانی تورکیا کردووە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی رووماڵکردن ناویان تۆمار بکەن و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.
  
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبێتەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، تاوتوێی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، چونکە چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات. 

پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئاسمانی عێراق جمەی دێت و ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد

Mic
2025-07-06

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئاسمانی عێراق بەشێوەیەکی کارا لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری گەشتی ئاسمانیی مەدەنییەوە بەکاردەهێنرێت و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە، پاشئەوەی بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە کەرتی گەشتی ئاسمانی عێراق بەتەواوی داخرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژانە بەگشتی 300 بۆ زیاتر لە 700 فڕۆکەی مەدەنی بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن، ئەوەش پێوانەیەکی نوێیە.

بەگشتی ئاسمانی عێراق بە سێ چین لە بەرزترینەوە بۆ کەمتر بەرز، رێچکەی تێپەڕینی فڕۆکەی دیارییکردووە، ترافیکێکی زۆر بەهێز لە ئاسمانی عێراق هەیە و حەوت رۆژی هەفتە و رۆژانە 24 کاتژمێر فشارێکی زۆر لەسەر ئاسمانی عێراق هەیە و کۆمپانیاکانی گواستەوە خۆیان تۆماردەکەن.

 فاریس ئەلجیواری، توێژەر و راوێژکاری فڕۆکەوانی رایگەیاند؛ داهاتی دارایی لە فڕینی ئاسمانی فڕۆکەکان 450 دۆلارە بۆ هەر فڕۆکەیە، هەروەها هەر فڕۆکەیەک کە لە هەر فڕۆکەخانەیەکی عێراق بنیشێتەوە دەبێت 4 هەزار دۆلار بدات بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکریت، بە مەرجێک کە کاتیكی زۆر لەناو فڕۆکەخانەکەدا نەمێنێتەوە.

ئەلجیواری ئاماژە بەوەدەکات لە 12 رۆژی جەنگی ئێران و ئیسرائلدا، زیانی رۆژانەی عێراق بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە گەیشتبوە ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار.

عەباس بەیزانى، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بۆ خزمەتگوزاریی گەشتى ئاسمانى عێراق، "سەرەڕاى ئاڵنگارییە ئەمنییەکانى ناوچەکە، بەڵام ئاسمانی عێراق متمانەی کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانیى بەدەستهێناوەتەوە و ژمارەیەک زۆر لە کۆمپانیا ناوچەیى و نێودەوڵەتییەکان گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق وەک رێڕەوێکى سەرەکى بۆ گەشتەکانیان".