هەواڵ

70 رۆژ بێ مووچەیی.. مووچەخۆرانی هەرێم ئاسۆیەک نابینن بۆ وەرگرتنی مووچە

Mic
2025-07-08


دوای نزیکەی 70رۆژ لە وەرنەگرتنی مووچە، مووچەخۆرانی هەرێم ئاسۆیەکی روون نابینن بۆ وەرگرتنی مووچە و تادێت دۆخی خەڵک و بازاڕ خراپتر دەبێت و تائێستاش بەغدا و هەرێم رێکنەکەوتوون لەسەر پرسی نەوت و دهاتی نانەوتی.

حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، کە بەو داهاتەی ناوخۆ و نەوت کە دەستی دەکەوێت ناتوانێت مووچە دابەش بکات، بەغدایش سورە لە نەناردنی مووچە و داوای نەوتی هەرێم و نیوەی داهاتی ناوخۆ دەکات لە بەرامبەر ناردنی مووچەدا.

ئەمڕۆ، رۆژنامەی سەباحی عێراقی بڵاویکردەوە،  پێشبینی دەکرێت پێش دەستکردن بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد واژوو بکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەی چەند رۆژێکە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەری پرسی مووچە چڕکراونەتەوە.

سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، رێککەوتنێکی مەبدەئی لەنێوان هەرێم و بەغداد کراوە، بە رادەستکردنی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە، لەگەڵ هێشتنەوەی 46 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و پاڵاوتنی.

باسی لەوەشکردووە، چاوەڕێدەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا و پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێککەوتنەکە واژوو بکرێت و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەروو.

بەوتەی عەلی حەمە ساڵەح، ئەندامی پەرلەمانی کورستان، ئەمریکییەکان هەوڵەکانیان چرکردووەتەوە بۆ رێککەوتنی هەرێم و بەغدا و ترسیان هەیە، ئەگەر پرسی مووچە لە هەرێم چارەسەر نەکرێت دۆخی هەرێم تێکدەچێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

سودانی و ئیبراهیم کاڵن لە بەغداد کۆبوونەوە

Mic
2025-07-08

ئەمڕۆ، سێشەممە، لەشاری بەغداد، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) کۆبوویەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکران.

بەپێی راگەیاندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، شاندی تورکیا جەختیان لە خواستی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو هاوکاریی زیاتر و پێشکەوتن لە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بە سودانی گەیاندووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسە ئەمنییە هاوبەشەکان و هەماهەنگی زانیاری هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات کرا، بە شێوەیەک کە سەقامگیری لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان و ناوچەکە بە گشتی بەرزبکاتەوە".

لە چەند رۆژی رابردوودا چەند شاندێکی عێراق سەردانی تورکیایان کرد، پاشان تورکیا بڕێکی زۆر ئاوی بەنداوەکانی بەردایەوە بۆ زیادکردنی بڕی ئاوی دیجلە و فورات، هەروەها بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لە شاری سلێمانی مەراسیمی دانانی چەک لەلایەن چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوەش دۆسیەیەکە تورکیا زۆر جەختی لێدەکاتەوە.