هەواڵ

بۆئەوەی هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت دەبێت 18رۆژ جارێک مووچە دابەشبکرێت

Mic
2025-09-08


مووچەخۆرانی هەرێم تائێستا مووچەی شەش مانگی ئەمساڵیان وەرگرتووە،  بۆئەوەی موچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9 و 10 و 11 و 12، وەربگرن دەبێت حکومەتی هەرێم 18 رۆژ جارێک مووچە دابەشبکات، چارەنوسی ئەو شەش مووچەیەش هێشتا دیارنییە.

لەگەڵ ئەوەیمووچەخۆرانی هەرێم دەبوایە مووچەی مانگی 8 وەربگرتایە و چاوەڕوانی مووچەی مانگی 9 بونایە، بەڵام تائێستا شەش مووچەیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا مووچە خۆران چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی مووچەی مانگی 7 و 8، بەڵام تائێستا مووچەی شەش مانگی ئەمساڵ چاەنوسی بە ناروونی ماوەتەوە.

چەند رۆژێکە شاندێکی هەرێم بۆ یەکلاییکردنی پرسی داهاتی ناوخۆ و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە بەغدان، چارەنوسی مووچەی هەرێم بەستراوە بە دەرئەنجامی ئەو کۆبونەوانەوە.

ڕێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێم ئەمڕۆ رایگەیاند، هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا نزیكن له‌ ڕێكه‌وتن و موچه‌ی مانگه‌كانی حه‌وت و هه‌شتی ئه‌مساڵ په‌یوه‌سته‌ به‌و گفتوگۆیانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ردوولا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

لیژنەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بەچڕی کۆبونەوەکانیان بەردەوامە، دوێنێ بەشێک لە وردەکاریەکان ئاراستەی سودانی کراون، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردەدات، ئاخۆ دۆسیەکە بخرێتە کۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران یاخود نا.

تا ئێستاش کۆمپانیاکان لەسەر ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ بڕیاری کۆتاییان نەداوە، لەسەر ڕادەستکردنی داهاتە نەوتیەکانیش هێشتا هەردوولا بەپێشنیاری یەک ڕازی نەبوونە

بۆ کۆتاییهاتنی ئەمساڵ تەنیا 112 رۆژی ماوە و مووچەی شەش مانگیش دەبێت دابەش بکرێت، لە ئێستاوە تا کۆتایی ساڵ ئەگەر 18 رۆژ جارێک مووچە دابەشبکرێت ئەوکاتە موچەی هیچ مووچەخۆرێک لەمساڵدا نافەوتێت.



More News

Most Popular

هەواڵ

هەرێم و بەغدا رێکنەکەون چارەنوسی مووچە دەکەوێتە دەست دادگای فیداراڵی

Mic
2025-09-08


لە ئەگەری رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، ئەوا سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان پەنادەباتە بەر دادگای فیدراڵی، دۆسیەکەیش بچێتە دادگای فیدراڵی یەکلاییکردنەوەی وا بە ئاسانی نابێت و کاتی زۆری پێویستە، بۆیە مووچەی شەش مانگی هەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە.


حکومەتی عێراق رێککەوتنی کۆتایی و بێ پێچوپەنای لەگەڵ هەرێم دەوێت و حکومەتی هەرێمیش دەڵێت بەزیادەوە داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێکردووە، بەڵام لەسەر پرسی رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ تائێستا رێکنەکەوتوون و هەردولایش یەکتری تۆمەتباردەکەنن.

هەفتەی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندبوو،  ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەن بە رێککەوت، کرۆکی کێشەکان دەخاتە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ یەکلاییکردنەوەی.

سبەینێ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کۆبونەوەکەدا کۆنوسی کۆبونەوەکانی شاندی هەرێم و بەغدا دەخرێتەڕوو، خاڵە کۆک و ناکۆکەکان جیاکراونەتەوە، لەئەگەری رەتکردنەوەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئەوا دۆسیەکە رەوانەی دادگای فیدراڵی دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی پێشتر دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی هەرێم بڕیاریدا بە ناچارکردنی بەغدا بە ناردنی مووچەی هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لەگەڵ پابەندکردبوونی هەرێم بەو ئەرکانەی لەسەریەتی، بەڵام پێناچێت ئەمجارە دۆخەکە لە قازانجی هەرێم بێت.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەرى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، هاوکات دوا مۆڵەتیشە بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوت.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەشێکی هۆکاری رێکنەکەوتنەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لێکدانەوەی جیاوازییان هەیە بۆ داهاتی نانەوتی، بەجۆرێک حکومەتی هەرێم پێی وایە دەبێت لە ٪50ی داهاتی نانەوتی فیدراڵی رادەست بکات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عیراق پێی وایە پێویستە لە ٪50ی کۆی داهاتی نانەوتی بداتە عێراق، لەکاتێکدا یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لە ماددەی 29 دا و یاسای بودجە لە مادەی 11 و 12دا روونیکردووەتەوە، کە پێویستە هەرێم چۆن داهاتی نانەوتی تەسلیم بکات.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: بەشێکی تر لەکێشەکان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتە، کە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانەوە هەیە، چونکە پێشتر لەگەڵ هەرێمدا گرێبەستیان هەبووە و لەئێستاشدا داوا دەکەن، گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ بەغدا و هەرێم بکەن و لەژێر هەندێک فشاردا عیراقیش بەمە رازی بووە، ئەوەی ماوەتەوە شێوەی رێککەوتنەکە و نوسینەوەی رەشنوسەکەیە.

رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا لەکاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێم ممووچەی مانگەکانی 7 و 8یان وەرنەگرتووە و لە چارەنوسی مووچەی شەش مانگی ئەمساڵ دڵنیانین.

کاروان یاروەیس ترسی خۆی لە چوونی دۆسیەکە بۆ دادگای فیدراڵی نەشاردەوە و وتی: هیوادارین تا سبەینێ کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەنێوان خۆیاندا چارەسەربکرێن و بگەنە رێککەوتن، چونکە ئەگەر وانەبێت دەنێردرێتە دادگای فیدراڵی و ئەمەش خەڵکی هەرێمی کوردستان لێی زەرەرمەند دەبن بەوپێیەی کاتێکی زۆری پێدەچێت و رێککاری خۆی هەیە.