هەوڵەکانی یەکێتی و پارتی بۆ
کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی و یەکەمین هەنگاوی پێکەویی
بۆ دروستکردنی کابینەی نوێ شکستی هێناوە.
لەکاتێکدا نزیکدەبینەوە لە
ناوەراستی مانگی ئەیلول، هیچ ئاسۆییەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەئارادا
نییە.
پێچەوانەی ئەوەی لە دوایین
کۆبوونەوە یەکێتی و پارتی لە مانگی ئاب لەسەری رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان،
تائێستا هیچ هەنگاوێکی کردەی بەو ئاراستەیە نەنراوە.
پێشتریش
ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران کاراکردنەوەی پەرلەمانیان لە مانگی ئەیلول بەدوردەزانی؛ پێیان
وابوو بەبێ رێککەوتنی پێشوەخەتە، کاراکردنەوەی پەرلەمان لە مەحاڵ نزیکە.
ئەوەی
ئەو هەوڵەی لەباربرد رووداوەکەی لالەزار و کاریگەریی دوایی رووداوەکە و هێرشی
میدیای هەردوو لابوو بۆ سەر یەکتریی و درزی پەیوەندییەکانی نێوانی فراوانترکرد و
یەکێتی بڕیاری هەڵپەساردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دا.
رۆژی
20ـى تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، پارتی 38
کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا و بەبێ یەکتر ناتوان حکومەت پێکبهێنن.
لەسەرەتای
ئەمساڵەوە دانوسانەکانی پارتی و یەکێتی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـى
حکومەتی هەرێم دەستیپێکرد، لیژنەیان پێکهێنا، بەڵام تائێستا بێ ئەنجامن.
ئەو
دوولایەنە مانگی ئادار رێککەوتیان لەسەر رەشنوسی بەرنامەی حکومەتی هەرێم راگەیاند
و هەرئەوکاتە وتیان، دابەشکردنی پۆستەکان ماوە.
دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی دانوستانکاری دوو حزبەکە، 21ـی ئایاری
رابردوو لە هەولێر بەڕێوەچوو، ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە تایبەتبوو بە دابەشکردنی
پۆستەکان.
بەپێی زانیارییەکانی MIC یەکێتی و پارتی دیدگای جیاوازیان بۆ
دابەشکردنی پۆستەکان هەیە و یەکێتی جەختدەکاتەوە، کە دەبێت بەشدار و بڕیاردەری
راستەقینەی حکومەت بن، پارتیش سورە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن.
بۆ
گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە MIC هەوڵیدا لەگەڵ هەریەک لە وتەبێژی یەکێتی و پارتی قسەبکات، بەڵام
پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبوو.
بەپێی بەدواداچوونەکانی MIC پێکهێنانی کابینەی 10 دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش
هیچ هیوایەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی نۆدا نابنرێت.
لە ئەگەری رێکنەکەوتنی
هەرێم و بەغدا لەسەر رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، ئەوا سەرۆک وەزیرانی عێراق
بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان پەنادەباتە بەر دادگای فیدراڵی، دۆسیەکەیش بچێتە دادگای
فیدراڵی یەکلاییکردنەوەی وا بە ئاسانی نابێت و کاتی زۆری پێویستە، بۆیە مووچەی شەش
مانگی هەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە.
حکومەتی عێراق رێککەوتنی
کۆتایی و بێ پێچوپەنای لەگەڵ هەرێم دەوێت و حکومەتی هەرێمیش دەڵێت بەزیادەوە داواکارییەکانی
بەغدامان جێبەجێکردووە، بەڵام لەسەر پرسی رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ تائێستا
رێکنەکەوتوون و هەردولایش یەکتری تۆمەتباردەکەنن.
هەفتەی رابردوو، محەمەد
شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندبوو، ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەن بە رێککەوت، کرۆکی کێشەکان
دەخاتە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ یەکلاییکردنەوەی.
سبەینێ کۆبونەوەی ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کۆبونەوەکەدا کۆنوسی کۆبونەوەکانی شاندی هەرێم و بەغدا
دەخرێتەڕوو، خاڵە کۆک و ناکۆکەکان جیاکراونەتەوە، لەئەگەری رەتکردنەوەی لەلایەن ئەنجومەنی
وەزیرانەوە، ئەوا دۆسیەکە رەوانەی دادگای فیدراڵی دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەی پێشتر
دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی هەرێم بڕیاریدا بە ناچارکردنی بەغدا بە ناردنی مووچەی
هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لەگەڵ پابەندکردبوونی هەرێم بەو ئەرکانەی
لەسەریەتی، بەڵام پێناچێت ئەمجارە دۆخەکە لە قازانجی هەرێم بێت.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەرى
فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، سبەینێ
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، هاوکات دوا مۆڵەتیشە بۆ رێککەوتنی هەولێر و
بەغدا لەسەر پرسی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوت.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە،
بەشێکی هۆکاری رێکنەکەوتنەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لێکدانەوەی جیاوازییان
هەیە بۆ داهاتی نانەوتی، بەجۆرێک حکومەتی هەرێم پێی وایە دەبێت لە ٪50ی داهاتی نانەوتی
فیدراڵی رادەست بکات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عیراق پێی وایە پێویستە لە ٪50ی کۆی
داهاتی نانەوتی بداتە عێراق، لەکاتێکدا یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لە ماددەی 29 دا
و یاسای بودجە لە مادەی 11 و 12دا روونیکردووەتەوە، کە پێویستە هەرێم چۆن داهاتی
نانەوتی تەسلیم بکات.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:
بەشێکی تر لەکێشەکان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتە، کە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانەوە هەیە،
چونکە پێشتر لەگەڵ هەرێمدا گرێبەستیان هەبووە و لەئێستاشدا داوا دەکەن، گرێبەستێکی
نوێ لەگەڵ بەغدا و هەرێم بکەن و لەژێر هەندێک فشاردا عیراقیش بەمە رازی بووە، ئەوەی
ماوەتەوە شێوەی رێککەوتنەکە و نوسینەوەی رەشنوسەکەیە.
رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا
لەکاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێم ممووچەی مانگەکانی 7 و 8یان وەرنەگرتووە و لە چارەنوسی
مووچەی شەش مانگی ئەمساڵ دڵنیانین.
کاروان یاروەیس ترسی خۆی
لە چوونی دۆسیەکە بۆ دادگای فیدراڵی نەشاردەوە و وتی: هیوادارین تا سبەینێ کێشەکانی
نێوان هەرێم و بەغدا لەنێوان خۆیاندا چارەسەربکرێن و بگەنە رێککەوتن، چونکە ئەگەر
وانەبێت دەنێردرێتە دادگای فیدراڵی و ئەمەش خەڵکی هەرێمی کوردستان لێی زەرەرمەند دەبن
بەوپێیەی کاتێکی زۆری پێدەچێت و رێککاری خۆی هەیە.