لە سنوری پارێزگای هەولێر لە ئەنجامی روبەڕووبونەوەی هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەییەکی سەربازی قەزای خەبات کەسێک کوژراو و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، چەکدارانی نزیک لەو فەرماندە سەربازییە چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکانیان بە دیل گرتووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزێکی زۆری ئەمنی سنوری پارێزگای هەولێر بە ئامانجی دەستگیرکردنی چەند داواکارێک کە چەکداری هۆزێکن بەرە گوندی گردە ڕەشەی قەزای خەبات جوڵەیان پێکرا.
بەپێی گێڕانەوەکان، ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەندووە کە هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دەستگیركردنی کەسێکیان داوە بە ناوی "خورشید هەركی" كە فەرماندەییەكی سەربازی و كەسایەتیەكی ناسراوی عەشیرەتی هەركیە و پاسەوانەكانی ئەویش روبەڕوی هێزەكە بونەوەو تەقەیانكردوە و بەهۆیەوە گرژی دروست بووە.
لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانەی لە نێوان چەکدارانی نزیک لە فەرماندە سەربازییەکە و هێزە ئەمنییەکان رویداوە، بەهۆیەوە هاوڵاتییەک کوژرا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.
هێزە ئەمنییەکانی هەولێر تا ئێستا هیچ وردەکارییەکیان لەسەر شەڕەکە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام هەموویان جەخت لە جێبەجێکردنی یاسا و دەستگیرکردنی داواکارەکان دەکەنەوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، دانیشتوانی گوندی گردە رەشە و چەکدارانی نزیک لەو فەرماندە سەربازییە، دوو پێشمەرگەی هێزەکانی زێرەڤانی بەدیل گیراون، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی گژییەکانەوە ئۆتۆمبێلێکی هەمان هێز وەرگەڕاوە.
سەرچاوەی هەموو گرژییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان بنەماڵەی "خورشید هەركی" و بنەماڵەیەکی دیکە لەسەر کێشەی زەوی و زار، کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڵۆزی لە نێوانیان روویدا.
رۆژی 8ى تەموز شەڕ
و رووبەڕووبوونەوەی سەخت لە نێوان خورشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکانی هەولێردا
روویدا و بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکەوە، هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانی خورشید هەرکی
دەستگیر بکەن، بەڵام کێشەکە مێژوویەکی قوڵی هەیە و رەنگە چارەسەرکردنی ئاسان
نەبێت.
لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتیدا و بە
دیاریکراوی شاڵی 1996 جەوهەر ئاغای هەرکی،
سەرۆک عەشیرەتی هەرکی، کە لە سنوری قەزای مەخمور دادەنیشت، بە زەبری هێز لە سەر
زەویوزاری خۆی دەرکرا.
جەوهەر ئاغای هەرکی
ئەوکاتە خاوەن زەویوزارێکی زۆربوو، زەوییەکان تاپۆبوو لەسەر بنەماڵەکەی، بەشێک لە
زەوییەکان دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆک و بەشێکی دیکەی دەکەونە سنوری پارێزگای
هەولێر.
کاتێک جەوهەر ئاغا زێدی
خۆی بەجێدەهێڵێت، زوییەکانی لەلایەن خزمەکانی خۆی و بەشێکیشی لەلایەن عەشیرەتی
گۆرانەوە بەکار دەهێنرێت، ماوەی چەند ساڵێکە خورشید هەرکی دەڵێت: ئەو زەوییانەی لە
ژێر دەستی عەشیرەتی گۆراندایە بە نا رەوا داگیرکراوە و هەوڵی وەرگرتنەوەی دەدات.
لەماوەکانی رابردوودا،
ئیدارەی ناوچەکە و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدا بووە خورشید هەرکی
رازیبکات، کە ئەو زەوییانە ساڵانێکە لە دەستی عەشیرەتی گۆراندایە و بووە بە ئەری
واقع، بەڵام خورشید هەرکی ئەوەی رەتکردووەتوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا،
بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر سەردانی خورشید هەرکی کرد لە گونگی
گردەڕەشەی قەزای خەبات، ئەو کات خورشید هەرگی بەڵگەی خاوەندارێتی زەوییەکانی
ناوچەکەی خستووەتە بەردەست، بەڵام نەک کێشەکە چارەسەر نەکرا بەڵکو کار گەیشتە
ئەوەی، عەشیرەتی هەرکی و گۆران لە میدیاکانەوە هەڕەشەی هێرشردنە سەر یەکتری بکەن.
هەڕەشەکانی خورشید هەرکی
بووەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی پارتی، رۆژژی 8ـى تەموز
هەوڵی دەستگیرکردنی بدەن، بەڵام کاتێک هێزەکان گەیشتنە گوندەکەی، خورشید هەرکی و
کەسوکارەکەی بە توندی رووبەڕوویان بوونەوە و لە ئەنجامدا گەنجێک لە عەشیرەتی هەرکی
ئەندامێکی هێزەکانی زێرەڤانی کوژران.