هەواڵ

پشێوییەکانی خەبات و تێکەڵبوونی دۆست و دوژمن

Mic
2025-07-09

چەند رۆژێکە پشێوییەک لە چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر بەدیدەکرێت، بەڵام 8ی تەموز تەقە روویدا و دیسان چەند هێزێکی زێرەڤانی و ئاسایش رووبەڕووی ژمارەیەک چەکدار بوونەوە کە پێدەچێت لە بنچینەدا هەر سەر پێشمەرگە بووبن، یان سەر بە هێزە ئەمنیییەکان بووبن، بەڵام بەرگرییکردن لە گرفتێکی خێڵ و بنەماڵە و عەشرەتەکەیان کردنی بە دژبەر.

بەمدواییە لەسەر زەوی و زار كێشە كەوتوەتە نێوان خورشید هەركی، كە كەسایەتیەكی ناسراوی عەشیرەتی هەركییە لەگەڵ عەشیرەتی گۆران، بەرپرسانی ئاسایشی پارتی دەستوەردانیان لە كێشەكە كرد، بەڵام نەیانتوانی چارەسەری بكەن. 

ئێواری 8ی تەموز، شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و  خورشید هەركی، كە فەرماندەییەكی سەربازی و كەسایەتیەكی ناسراوی عەشیرەتی هەركیە لە قەزای خەبات رویدا، بەپێی زانیارییەکانی مایک میدیا، دوو کەس کوژراون و چەند کەسێکیش بریندار بوون و چەند ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش سوتێنراون.

هێزە ئەمنییەکەی هەولێر چوبوونە قەزای خەبات بۆ دەستگیركردنی خورشید هەركی، كە فەرماندەییەكی سەربازی و كەسایەتیەكی ناسراوی عەشیرەتی هەركیە و پاسەوان و کەسوکار و ئەندامانی عەشیرەتەکەی ئەویش روبەڕوی هێزەكە بونەوە و شەوێکی نائارام تێپەڕی.

 

هەر شەوی رابردوو، ژمارەیەک کەسایەتی و ریشسپی هەرکییەکان، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، وابەستەبوونی خۆیان بە یاسا و رێبازی بارزانییەوە دوپاتکردەوە و داوایانکرد خودی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بێتەپێشەوە و چارەسەری دۆخەکە بکات "تا زیاتر کار لەکار نەترازاوە".

هەیسەم هەركی، کە سایەتییەکی عەشیرەتی هەرکییە و ژماریەك چەكدار لە پشتیەوە دەردەكەون، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: "هەمو هەركییەكان یەكن و داوا دەكەین ئەو شەڕە رابگیرێت، چونكە گەنجەكانمان دڵگەرمن و رەنگە ئەو شەڕە لە ناوچەی بادینانیش پەرەبسەنێت".

 

هەروەها جەوهەر ئاغای هەرکیش لە پەیامێدا دەڵێت، "هێرش بۆ سەر هەركییەكان قبوڵ ناکەین و داواش لەسەرجەم هەرکییەکان دەکات بەزوترین کات بێنە نێو شەڕەکەوە".

لەکاتێکدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ هێمنکردنەوەی دۆخەکە و دەستگیرکردنی خورشید هەرکی، بەڵام ئەمڕۆ، بەشێک لە ئەندامانی عەشیرەتی هەرکی بە ئامێری حەفارە دەستیانکرد بە هەڵکەندنی خەندەق لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری قەزای خەبات.

یاسا لەکوێ و شەڕەکەی دوێنێ لەکوێ؟
بەپێی ماددەی چوارەم لە بڕیاری ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت هیچ هێز و چەکدارێک لەدەرەوەی ریکخستنەکانی هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە نەمێننەوە و دەبێت لە چوارچێوەی هێزە نیشتمانییەکاندا رێکبخرێنەوە.

ساڵی 2014 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، کە تا ئەمڕۆ شانازی بەوە دەکات پێشمەگەری کوردستانە و خەبات دەکات بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و لەچەندین بۆنە و بەیاننامە و وتاردا جەختی لەوە کردووەتەوە.

ئەوەی رۆژی 8ی تەموز رویدا، سەلمێنەری ئەوەبوو کە هێشتا یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و کۆکردنەوەی سەرجەم چەکدارەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا و دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی هیچ هەنگاوێکی بۆنەنراوە.

بەشدارییکردنی هێزە پەرتەوازەکان لە جەنگ دژی داعش هێندەی دیکە هێزە پەرتەوازەکانی بەهێزکردووە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، هەربۆیە لە بڕگەی دەیەم لە هەمان یاسادا هاتووە: "پێویستە هەموو ئەو چەك و تەقەمەنی و پێداویستیی وئامێرە سەربازییانەی لە پاش رووداوەكانی گرتنی موسڵ كەوتوونەتە دەست هێزە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنرێنەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە".

ئەم بڕگەیەش هاوشێوەی بڕگەکانی دیکەی یاساکە جێبەجێنەکراوە و خەباتگێڕەکانی دوێنێ، وەکو کەسانی یاخی و دوور لەیاسا ئەمڕۆ رووبەڕووی یاسا دەبنەوە و سەخت دۆست و دومن لەیەکتریی جیادەکرێتەوە و نازانرێت ئەم ئاگرە ئەگەر زوو خامۆشنەکرێت هەرێمی کوردستان بەرەوکوێ دەبات.

More News

Most Popular

هەواڵ

کێشەی زەوییەکانی خورشید هەرکی چۆن پەرەی سەند و لە کۆنترۆڵ دەرچوو؟

Mic
2025-07-09



رۆژی 8ى تەموز  شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەخت لە نێوان خورشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکانی هەولێردا روویدا و بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکەوە، هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانی خورشید هەرکی دەستگیر بکەن، بەڵام کێشەکە مێژوویەکی قوڵی هەیە و رەنگە چارەسەرکردنی ئاسان نەبێت.

لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتیدا و بە دیاریکراوی شاڵی 1996 جەوهەر ئاغای هەرکی، سەرۆک عەشیرەتی هەرکی، کە لە سنوری قەزای مەخمور دادەنیشت، بە زەبری هێز لە سەر زەویوزاری خۆی دەرکرا.

جەوهەر ئاغای هەرکی ئەوکاتە خاوەن زەویوزارێکی زۆربوو، زەوییەکان تاپۆبوو لەسەر بنەماڵەکەی، بەشێک لە زەوییەکان دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆک و بەشێکی دیکەی دەکەونە سنوری پارێزگای هەولێر.

کاتێک جەوهەر ئاغا زێدی خۆی بەجێدەهێڵێت، زوییەکانی لەلایەن خزمەکانی خۆی و بەشێکیشی لەلایەن عەشیرەتی گۆرانەوە بەکار دەهێنرێت، ماوەی چەند ساڵێکە خورشید هەرکی دەڵێت: ئەو زەوییانەی لە ژێر دەستی عەشیرەتی گۆراندایە بە نا رەوا داگیرکراوە و هەوڵی وەرگرتنەوەی دەدات.

لەماوەکانی رابردوودا، ئیدارەی ناوچەکە و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدا بووە خورشید هەرکی رازیبکات، کە ئەو زەوییانە ساڵانێکە لە دەستی عەشیرەتی گۆراندایە و بووە بە ئەری واقع، بەڵام خورشید هەرکی ئەوەی رەتکردووەتوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر سەردانی خورشید هەرکی کرد لە گونگی گردەڕەشەی قەزای خەبات، ئەو کات خورشید هەرگی بەڵگەی خاوەندارێتی زەوییەکانی ناوچەکەی خستووەتە بەردەست، بەڵام نەک کێشەکە چارەسەر نەکرا بەڵکو کار گەیشتە ئەوەی، عەشیرەتی هەرکی و گۆران لە میدیاکانەوە هەڕەشەی هێرشردنە سەر یەکتری بکەن.

هەڕەشەکانی خورشید هەرکی بووەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی پارتی، رۆژژی 8ـى تەموز هەوڵی دەستگیرکردنی بدەن، بەڵام کاتێک هێزەکان گەیشتنە گوندەکەی، خورشید هەرکی و کەسوکارەکەی بە توندی رووبەڕوویان بوونەوە و لە ئەنجامدا گەنجێک لە عەشیرەتی هەرکی ئەندامێکی هێزەکانی زێرەڤانی کوژران.