لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگی
نێوان ئیسرائیل و ئێران و بەرزبونەوەی ئاستی مەترسییەکان، عێراق دەستیکردوە بە جێگیرکردنی
سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە دەوری کێڵگە نەوتییە ستراتیژییەکانی لە باشوری وڵاتەکەی.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیا
ناوخۆییەکانی عێراق، ئەحمەد تەمیمی، شارەزای بواری ئەمنی ڕاگەیاند، حکومەت هەنگاوی
جددی دەنێت بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی سروشتی، لەڕێگەی دانانی
سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوی دروستکراوی ڕوسیا.
کێڵگە نەوتییەکان بڕبڕەی
پشتی ئابوریی عێراقن و لە %90 داهاتی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە پاراستنی
کێڵگەکان پێویستییەکی نیشتمانی و گرنگە.
دەست گەیشتنی گروپە
چەکدارە جۆراوجۆرەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەندێک جۆری چەکی پێشکەوتوو، هەمیشە
مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییە ئابورییەکانی عێراق و ناوەندە
دیبلۆماسییەکان، بۆیە شارەزایان بەردەوام هۆشداریی لە سنوردارکردنی توانای
گروپەکان دەدەن و بە مەترسی بۆسەر ئابوری و ئاسایشی وڵاتیان دەزانن.
ئەو شارەزا ئەمنییە، جێگیرکردنی
سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵە نەوتییەکان، بەسەرەتایەکی گرنگ ناودەبات
و دەشڵێت، ئەو هەنگاوە پێویستی بە پەرەپێدان و دروستکردنی ئەڵقەی پارێزەرە لە
دەوری کێڵگەکان.
لەگەڵ بەرزبونەوەی ئاستی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی و
ناوچەییەکان، هەڵکشانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و مەترسی تێوەگلانی عێراق لە
شەڕەکە، پێویستە عێراقیش بیر لە پاراستنی ناوەندە گرنگە ئابورییەکانی بکاتەوە.
هەرهێرشێک بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان عێراق، لەلایەن گروپە
پڕۆکسییەکان یان ئیسرائیل بۆسەر گروپەکان بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لە تەلئەڤیڤی دەکەن،
عێراق ڕوبەڕوی قەیرانی ئابوری و دارایی قوڵ دەبێتەوە.
لە تارانی پایتەختی ئێران ماڵەکەی رەزاشا، وەک خۆی ماوە و 46 ساڵ پێش
ئێستا چۆن جێیهێشت هەروا ماوەتەوە، دەمێکە شا کۆچی دواییکردووە، بەڵام ئێستا
کوڕەکەی کە لە ئەمریکایە، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل قسەی خۆی هەیە و لەگەڵ
رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێراندایە، وەک ئەوەشی دەبینرێت رۆژئاوا خواستێتی
دەسەڵاتی شا بگەڕێتەوە.
محەمەد رەزا پەهلەوی، دواهەمین پاشای ئێران بوو کە لە شازدەی ئەیلولی
ساڵی 1941ـەوە تا کاتی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی بە شۆڕشی گەلانی ئێران، لە 11ـی
شوباتی ساڵی 1979ـدا بەسەر ئێراندا حوکمڕانی کرد.
ئێستا 46 ساڵ بەسەر روخاندنی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران تێدەپەڕێت،
بەڵام ماڵەکەی شا لە تاران بووە بە مۆزەخانە و ئەو رۆژەی شا و خێزانەکەی چۆن
جێیانهێشت هەروا ماوەتەوە، دوای زیاتر لە چوار دەیە رەزای کوڕی شا چاوی لەوەیە
کلیلی خانوەکەی رادەستبکرێتەوە و دەسەڵاتی بنەماڵەی شای قاجار بگەڕێنێتەوە بۆ
ئێران
بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران لە هێرشێکی لە ناکاودا، ئیسرائیل زنجیرەیەک
هێرشی فراوانی کرد سەر ئێران، لە هێرشەکاندا موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنرا،
جگە لە کوژارانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسدارانن و چەندین بەرپرسی
سەربازی و ئەمنی نۆ زانای بواری ئەتۆم کوژران.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێرانیش هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل
دەستپێکرد و لەو ڕۆژەوە هێرشی ئەو دوو وڵاتە بۆسەر یەکتری بەردەوامە و کاردانەوەی
زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەشێک لە بۆچونەکان بەدووی نازانن کە ئەمریکا
پشتیوانی بنەماڵەی رەزاشا بکات و بیکات بە بەدیلی دەسەڵاتی ئێستای ئێران
رەزا کە تاقانە کوڕەکەی محەمەد رەزاشای پەهلەوییە کە ساڵانێکە لەگەڵ
خێزانەکەیدا لە ئەمریکا دەژی، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران وتی، ئەمە
جەنگی ئێران و گەلی ئێران نییە، جەنگی كۆماری ئیسلامی و خامنەییە.
رەزا داوای لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان کرد، رێگای خۆیان لە ئەوان
جیابكەنەوە بچنە پاڵ خەڵك و هێرشەی توندی کردە سەر عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی
ئێران و وتی،" ئێمەی دەرگیری جەنگ كردووە و چارەسەر لەناوچوونی كۆماری
ئیسلامیی لەرێگەی ناڕەزایەتیی شەقام و مانگرتنی سەرتاسەرییەوە دەبێت".
هەرچەندە تا ئێستا کەس بەدەم بانگەوازەکەی کوڕی شای پێشوی ئێرانەوە
نەڕۆشتووە، بەڵام تادێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چڕتر دەبنەوە و ئەمریکایش
سێیەم کەشتی جەنگی رەوانەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەشداریکردنی لە
هێرشکردنە سەر ئێران یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.
سەردار عەزیز، مامۆستای زانکۆ لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ لە
نوسینێکدا باسی لەوەکردووە، هەتا بێت ئامانجی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ڕژێم زیاتر زەق
دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ناونراوە شێری
ڕاپەڕیو، ئەم شێر و ڕاپەڕینە ڕەهەندێکی ئێرانیشی هەیە، ئەوەی لە ئاڵای ئێرانی پێش
کۆماردا هەیە بە شێر و خورشید یان خۆر ناسراوە، شێر ئاماژەیە بۆ شا و خورشید یان
خۆر ئاماژەیە بۆ خودای روناکی لە ئاینی میترای پێش زەردەشتیدا.
رونیکردوەتەوە، بەستنەوەی شەڕی ئێران بە شێرەوە گەڕانەوەیەتی بۆ
سەردەمی پێش کۆماری ئیسلامی، دیارە هەرچەند کوڕی شا چانسی کەمە، بەڵام بژاردەی
خوازراوە لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە.
ئێستا گەلانی ئێران و ناوچەکە نازانن ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل و ئێران
چی دەبێت و ناوچەکە چی بارودۆخێکی نوێ چاوەڕێی دەکات، بەڵام دۆخەکە بە هەر
ئاقاردێکدا بڕوات، ئەوا ناوچەکە دەچێتە سەردەم و قۆناغێکی نوێوە.