ئەنجومەنی وەزیرانی
عێراق بەبەشداریی وەزیرە کوردەکان کۆدەبێتەوە، ڕەنگە پرسی موچەی هەرێم یەکێکبێت لە
تەوەرەکانی کۆبونەوەکە.
ئەگەر هیچ پێشهاتێک
ڕونەدات، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە بەشداریی هەردو وەزیرەکەی پارتی
دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە، بەشدارییکردنی وەزیرەکانی پارتی وەک ئاماژەیەکی
ئەرێنی لێکدەدرێتەوە، لەبارەی گەیشتن بە جۆرێک ڕێککەوتن لەبارەی ناردنی مووچەی
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی
عێراق و وەزیری دەرەوە، هەروەها بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، دوو وەزیری
پارتی دیموکراتی کوردستانین کە پێشتر وەکو هەڵوێستێکی حزبەکەیان بەشداریی کۆبوونەوەکانی
ئەنجومەنی وەزیرانیان نەدەکرد.
سەرچاوەیەک لە بەغداد بە
مایک میدیای ڕاگەیاند، شەڕی ئیسرائیل و ئێران و پرسی بەزاندنی ئاسمانی عێراق لە
تەوەرە گرنگەکانی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبن.
لەبارەی تاوتوێکردنی
پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکەی مایک وتی، تائێستا
هیچ ئاماژەیەک بۆ باسکردنی پرسی مووچەی هەرێم نییە، بەڵام باسکردنی ئەگەرێکی
کراوەیە.
شەوی ڕابردو، شاخەوان
عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک
ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەت و لە کۆبونەوەیەکی دیکەی تایبەت
لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستانیان تاوتوێ کردوە.
موچەخۆرانی هەرێمی
کوردستان هێشتا موچەی مانگی ئایار-یان وەرنەگرتووە، ئەوەش پاش نوسراوێکی وەزارەتی
دارایی عێراق بوو بۆ هەرێمی کوردستان کە چیتر هەرێم پشکی نەماوە لەناو بودجەی ساڵی
2025 و موچەی هەشت مانگی داهاتوو نانێردرێت.
لە تارانی پایتەختی ئێران ماڵەکەی رەزاشا، وەک خۆی ماوە و 46 ساڵ پێش
ئێستا چۆن جێیهێشت هەروا ماوەتەوە، دەمێکە شا کۆچی دواییکردووە، بەڵام ئێستا
کوڕەکەی کە لە ئەمریکایە، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل قسەی خۆی هەیە و لەگەڵ
رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێراندایە، وەک ئەوەشی دەبینرێت رۆژئاوا خواستێتی
دەسەڵاتی شا بگەڕێتەوە.
محەمەد رەزا پەهلەوی، دواهەمین پاشای ئێران بوو کە لە شازدەی ئەیلولی
ساڵی 1941ـەوە تا کاتی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی بە شۆڕشی گەلانی ئێران، لە 11ـی
شوباتی ساڵی 1979ـدا بەسەر ئێراندا حوکمڕانی کرد.
ئێستا 46 ساڵ بەسەر روخاندنی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران تێدەپەڕێت،
بەڵام ماڵەکەی شا لە تاران بووە بە مۆزەخانە و ئەو رۆژەی شا و خێزانەکەی چۆن
جێیانهێشت هەروا ماوەتەوە، دوای زیاتر لە چوار دەیە رەزای کوڕی شا چاوی لەوەیە
کلیلی خانوەکەی رادەستبکرێتەوە و دەسەڵاتی بنەماڵەی شای قاجار بگەڕێنێتەوە بۆ
ئێران
بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران لە هێرشێکی لە ناکاودا، ئیسرائیل زنجیرەیەک
هێرشی فراوانی کرد سەر ئێران، لە هێرشەکاندا موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنرا،
جگە لە کوژارانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسدارانن و چەندین بەرپرسی
سەربازی و ئەمنی نۆ زانای بواری ئەتۆم کوژران.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێرانیش هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل
دەستپێکرد و لەو ڕۆژەوە هێرشی ئەو دوو وڵاتە بۆسەر یەکتری بەردەوامە و کاردانەوەی
زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەشێک لە بۆچونەکان بەدووی نازانن کە ئەمریکا
پشتیوانی بنەماڵەی رەزاشا بکات و بیکات بە بەدیلی دەسەڵاتی ئێستای ئێران
رەزا کە تاقانە کوڕەکەی محەمەد رەزاشای پەهلەوییە کە ساڵانێکە لەگەڵ
خێزانەکەیدا لە ئەمریکا دەژی، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران وتی، ئەمە
جەنگی ئێران و گەلی ئێران نییە، جەنگی كۆماری ئیسلامی و خامنەییە.
رەزا داوای لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان کرد، رێگای خۆیان لە ئەوان
جیابكەنەوە بچنە پاڵ خەڵك و هێرشەی توندی کردە سەر عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی
ئێران و وتی،" ئێمەی دەرگیری جەنگ كردووە و چارەسەر لەناوچوونی كۆماری
ئیسلامیی لەرێگەی ناڕەزایەتیی شەقام و مانگرتنی سەرتاسەرییەوە دەبێت".
هەرچەندە تا ئێستا کەس بەدەم بانگەوازەکەی کوڕی شای پێشوی ئێرانەوە
نەڕۆشتووە، بەڵام تادێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چڕتر دەبنەوە و ئەمریکایش
سێیەم کەشتی جەنگی رەوانەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەشداریکردنی لە
هێرشکردنە سەر ئێران یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.
سەردار عەزیز، مامۆستای زانکۆ لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ لە
نوسینێکدا باسی لەوەکردووە، هەتا بێت ئامانجی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ڕژێم زیاتر زەق
دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ناونراوە شێری
ڕاپەڕیو، ئەم شێر و ڕاپەڕینە ڕەهەندێکی ئێرانیشی هەیە، ئەوەی لە ئاڵای ئێرانی پێش
کۆماردا هەیە بە شێر و خورشید یان خۆر ناسراوە، شێر ئاماژەیە بۆ شا و خورشید یان
خۆر ئاماژەیە بۆ خودای روناکی لە ئاینی میترای پێش زەردەشتیدا.
رونیکردوەتەوە، بەستنەوەی شەڕی ئێران بە شێرەوە گەڕانەوەیەتی بۆ
سەردەمی پێش کۆماری ئیسلامی، دیارە هەرچەند کوڕی شا چانسی کەمە، بەڵام بژاردەی
خوازراوە لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە.
ئێستا گەلانی ئێران و ناوچەکە نازانن ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل و ئێران
چی دەبێت و ناوچەکە چی بارودۆخێکی نوێ چاوەڕێی دەکات، بەڵام دۆخەکە بە هەر
ئاقاردێکدا بڕوات، ئەوا ناوچەکە دەچێتە سەردەم و قۆناغێکی نوێوە.