شەڕی ئیسرائیل و ئێران جووەکانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە و داوای کۆتاییهێنان بە " جەنگ و خوێن رشتن " دەکەن.
وێڕای شەڕ، جووەکان خۆیان لە هەرێمی کوردستان بە پارێزراو دەزانن، چونکە لە ساڵی 2015ـەوە بە یاسا وەک پێکهێاتییەکی ئاینی ناسێندراون و لە وەزارەتی ئەوقاف نوێنەری تایبەتییان هەیە.
نزیکەی 180 خێزانی جوو لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە ژمارەیان سەرو هەزار کەس دەبێت و بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بوون.
پێشتر ژمارەی جووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بوون، بەڵام لە دوای ساڵی 1951 رەزگەزنامەی عێراقی لە جووەکانی عێراق و شارەکانی کوردستان وەرگیرایەوە و ناچارکران عێراق بەرەو ئیسرائیل جێبهێڵن.
ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، جووەکان ترسییان هەیە جارێکی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاوارەبن و ڕوبەڕوی هێرش ببنەوە.
زۆرینەی جووەکان بەهۆی دروستنەبونی مەترسی لەسەر ژیانیان لە کاتە ئاساییەکانیشدا ئامادەنەبوون ئاینی خۆیان ئاشكرا بکەن.
ئێستاش کە ئیسرائیل و ئێران لە جەنگدان هێندەی دیکە خۆیان دەشارنەوە، چونکە هەرێمی کوردستان هاوسنوری ئێرانە.
شێرکۆ عوسمان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کورستان نوێنەرایەتی جووەکان دەکات، بە دیجیتاڵ میدیای Micـی وت،" جەنگ هیچ مەترسییەکی لەسەر ئەوان دروست نەکردووە، جووەکانی هەرێمی کوردستان مەدەنین و هیچ کارێکی سیاسی ناکەن".
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم هێرشێکی راستەوخۆی کردە سەر ئێران و دواتر ئێران وەڵامی دایەوە و تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
جووەکانی هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئیسرائیل نیگەرانن، لە ڕێگەی نوێنەرەکەشیانەوە لە وەزارەتی ئەوقافەوە داوای راگرتنی شەڕ و کۆتایهێنان بە ئالۆزییەکان دەکەن تا "خوێن رشتن کۆتایی بێت و مرۆڤ" نەبێتە قوربانی.
لە جەنگی ئێران و ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکدایە کە پشتگیری خۆی بۆ ئێران دژی ئیسرائیل دەربڕیووە.
عێراق تەنها پشتگیری ئێران ناکات، بەڵکو لە رۆژی 26ـى ئایاری 2022ـەوە، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەرکردووە.
پێکاتەی جووەکان لە هەرێمی کوردستان فەرمییە و ئەوە پشتوانییەکی یاسایی بەهێزە بۆ ئەوان، پەرلەمانی کوردستان لە 21ی نیسانی 2015 یاسای ژمارە 5ى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە کوردستان پەسندکرد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەندین ئایین و ئایینزا لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەگەرچی بە روونی ناوی جووەکان نەبراوە، بەڵام لە کاتی دەرچوونی یاساکەوە ئەوان هاوشانی چەند ئایین و پێکهاتەیەک لە ناو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان نوێنەریان هەیە.
جووەکان بە بڕیاری ناساندنی جووەکان وەک پێکهاتەییەکی ئاینی خۆشحاڵن، بەڵام لەوە نیگەرانن کە هاوشێوەی پێکهاتە ئاینییەکانی دیکە گرنگیان پێ نادرێت و شوێن و جێگەی تایبەت بۆ سروتە ئاینییەکانیان دابین ناکرێت.
لە ماوەی رابردوو، رێکخراوی ئارامیک کە خۆی وەک رێکخراوێکی تایبەت بە کاروباری جووەکان لە هەرێمی کوردستان ناساندوە، راگەیاندبوو، داوایەکییان پێشكەشی بەشی یاسای پەرلەمانی کوردستان کردوە تا کورسی کۆتاکان بۆ جووەکان دابین بکرێت.
پێچەوانەی داوای ئەم رێکخراوە، شێرکۆ عوسمان نوێنەری جووەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کورستان رەتیکردەوە،ئەوان هیچ داواکارییەکییان بۆ پێدانی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کردبێت.
لە تارانی پایتەختی ئێران ماڵەکەی رەزاشا، وەک خۆی ماوە و 46 ساڵ پێش
ئێستا چۆن جێیهێشت هەروا ماوەتەوە، دەمێکە شا کۆچی دواییکردووە، بەڵام ئێستا
کوڕەکەی کە لە ئەمریکایە، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل قسەی خۆی هەیە و لەگەڵ
رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێراندایە، وەک ئەوەشی دەبینرێت رۆژئاوا خواستێتی
دەسەڵاتی شا بگەڕێتەوە.
محەمەد رەزا پەهلەوی، دواهەمین پاشای ئێران بوو کە لە شازدەی ئەیلولی
ساڵی 1941ـەوە تا کاتی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی بە شۆڕشی گەلانی ئێران، لە 11ـی
شوباتی ساڵی 1979ـدا بەسەر ئێراندا حوکمڕانی کرد.
ئێستا 46 ساڵ بەسەر روخاندنی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران تێدەپەڕێت،
بەڵام ماڵەکەی شا لە تاران بووە بە مۆزەخانە و ئەو رۆژەی شا و خێزانەکەی چۆن
جێیانهێشت هەروا ماوەتەوە، دوای زیاتر لە چوار دەیە رەزای کوڕی شا چاوی لەوەیە
کلیلی خانوەکەی رادەستبکرێتەوە و دەسەڵاتی بنەماڵەی شای قاجار بگەڕێنێتەوە بۆ
ئێران
بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران لە هێرشێکی لە ناکاودا، ئیسرائیل زنجیرەیەک
هێرشی فراوانی کرد سەر ئێران، لە هێرشەکاندا موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنرا،
جگە لە کوژارانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسدارانن و چەندین بەرپرسی
سەربازی و ئەمنی نۆ زانای بواری ئەتۆم کوژران.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێرانیش هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل
دەستپێکرد و لەو ڕۆژەوە هێرشی ئەو دوو وڵاتە بۆسەر یەکتری بەردەوامە و کاردانەوەی
زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەشێک لە بۆچونەکان بەدووی نازانن کە ئەمریکا
پشتیوانی بنەماڵەی رەزاشا بکات و بیکات بە بەدیلی دەسەڵاتی ئێستای ئێران
رەزا کە تاقانە کوڕەکەی محەمەد رەزاشای پەهلەوییە کە ساڵانێکە لەگەڵ
خێزانەکەیدا لە ئەمریکا دەژی، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران وتی، ئەمە
جەنگی ئێران و گەلی ئێران نییە، جەنگی كۆماری ئیسلامی و خامنەییە.
رەزا داوای لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان کرد، رێگای خۆیان لە ئەوان
جیابكەنەوە بچنە پاڵ خەڵك و هێرشەی توندی کردە سەر عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی
ئێران و وتی،" ئێمەی دەرگیری جەنگ كردووە و چارەسەر لەناوچوونی كۆماری
ئیسلامیی لەرێگەی ناڕەزایەتیی شەقام و مانگرتنی سەرتاسەرییەوە دەبێت".
هەرچەندە تا ئێستا کەس بەدەم بانگەوازەکەی کوڕی شای پێشوی ئێرانەوە
نەڕۆشتووە، بەڵام تادێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چڕتر دەبنەوە و ئەمریکایش
سێیەم کەشتی جەنگی رەوانەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەشداریکردنی لە
هێرشکردنە سەر ئێران یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.
سەردار عەزیز، مامۆستای زانکۆ لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ لە
نوسینێکدا باسی لەوەکردووە، هەتا بێت ئامانجی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ڕژێم زیاتر زەق
دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ناونراوە شێری
ڕاپەڕیو، ئەم شێر و ڕاپەڕینە ڕەهەندێکی ئێرانیشی هەیە، ئەوەی لە ئاڵای ئێرانی پێش
کۆماردا هەیە بە شێر و خورشید یان خۆر ناسراوە، شێر ئاماژەیە بۆ شا و خورشید یان
خۆر ئاماژەیە بۆ خودای روناکی لە ئاینی میترای پێش زەردەشتیدا.
رونیکردوەتەوە، بەستنەوەی شەڕی ئێران بە شێرەوە گەڕانەوەیەتی بۆ
سەردەمی پێش کۆماری ئیسلامی، دیارە هەرچەند کوڕی شا چانسی کەمە، بەڵام بژاردەی
خوازراوە لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە.
ئێستا گەلانی ئێران و ناوچەکە نازانن ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل و ئێران
چی دەبێت و ناوچەکە چی بارودۆخێکی نوێ چاوەڕێی دەکات، بەڵام دۆخەکە بە هەر
ئاقاردێکدا بڕوات، ئەوا ناوچەکە دەچێتە سەردەم و قۆناغێکی نوێوە.