هەواڵ

گەروی هورمز داخرێت؛ بۆریەکەی هەرێم دەتوانێت یەک لە سەر چواری نەوتی عێراق هەناردە بکات

Mic
2025-06-15

زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەگەرەکانی داخستنی گەروی هورمزی هێناتەوە بەرباس، بە داخستنی ئەو گەروە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەبێتە فریادەڕەسی بەشێکی نەوتەکەی عێراق، بەڵام ناتوانێت هەمووی بگوازێتەوە.

ئێران و ئیسرائیل لە شەڕێکی راستەوخۆدان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان ئەگەرەکانی داخستنی گەروی هورمزیش زیاتر دەبن. 

لە ئەگەری داخستنی گەروی هورمز، کە بەیەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت هەژماردەکرێت، جارێکی دیکە بازاڕگەرمی بۆ بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا دروست دەبێتەوە.

بە داخستنی گەروی هورمز بۆری نەوتی کوردستان - تورکیا دەبێتە تاکە دەرچەی ناردنە دەرەوەی نەوت لە عێراقەوە بۆ جیهان، چونکەداخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی و بەندەری بەسرە پەکی دەکەوێت. 

بۆ عێراق، داخستنی گەرووی هورمز کەمتر نییە لە کارەساتێکی ئابووریی نیشتمانی، چونکە عێراق رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و زیاتر لە 95%ی لە رێگەی گەروی هورمزەوەیە.

ئەگەرچی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا تاکە دەرچەی هەناردەی نەوتی عێراقە، بەڵام ئەو بۆرییەش فریادەڕەسی کۆتایی نییە و ناتوانێت هەموو نەوتەکەی بگەیەنێتە جیهان. 

بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا لە توانایدایە لە ڕۆژێکدا یەک ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل نەوت(هەرێمی کوردستان بە کەرکووکیشەوە 450 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد) بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بگوازێتەوە، کە ئەوەیش نزیکەی تەنها یەک لەسەر چواری ئەو نەوتەیە عێراق هەناردەی دەرەوەی دەکات. 

لە بەکارهێنانی بۆری نەوتی کوردستان - تورکیا تەنها توانای هەناردە گرفتی بەردەم عێراق نابێت، بەڵکو نەخشەی دابەشبوونی بۆرییەکەش گرفتێکی دیکە و ناتوانرێت هەموو پاڵاوگە و بیرە نەوتییەکانی پێەوە ببەسرێتەوە.

بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات و هەتا بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر دەریای ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، بەدیاریکراوی بۆرییەکە 896 کیلۆمەترە و نزیکەی یەک لەسەر چواری لە سنوری هەرێمی کوردستانە و سێ لەسەر چواریشی لە دەکەوێتە سنوری تورکیا.

ئەو بەشەی بۆری نەوت کە دەکەوێتە سنوری هەرێمی کوردستان، (221) کیلۆمەترە و لە کەرکوکەوە تا فیشخاپور درێژدەبێتەوە دەکاتە (%24.6) بۆرییەکە.

هەرچی بەشە زۆرەکەشیەتی کە (675) کیلۆ مەترەو (74.6%) بۆرییەکەیە دەکەوێتە ناو خاکی تورکیا لە فیشخاپورەوە تا بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر دەریای ناوەڕاست درێژدەبێتەوە.

ئەو بەشەی کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانی کار و ڕۆزنەفتەوە خاوەندارێتیی دەکرێت و بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی دەگەڕێتەوە کۆمپابیای (بۆتاش) سەرپەرشتی دەکات.

ئەگەرچی تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی فەرمی بۆ داخستنی گەروی هورمز نییە، بەڵام بە داخستنی ئەو گەروە دەرگای بەخت لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

داخستنی گەروەکە هەوڵە دوو ساڵییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەی نەوت دەگەیەنێتە ئەنجام و داشی دانوستانیشی بەرامبەر بەغدا سوار دەکات، بە شێوەیەک کە دەتوانێت بەشێک لە مەرج و داواکارییەکانی بەسەپێنێت. 

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئازاری 2023ـەوە بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق راگیراوە، تا ئێستا چەند جارێک کۆبوونەوە بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە، بەڵام کۆبوونەوەکان ئەنجامیان نەبووە.


More News

Most Popular

هەواڵ

پەرلەمانی عێراق دژی بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڵوێست وەردەگرێت

Mic
2025-06-16


پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای 55 پەرلەمانتار، دژی بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام دەدات.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە "هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و بەزاندنی ئاسمانی عیراق لەلایەن ئەو وڵاتەوە".

 وەک لە راگەیەندراوەکەی پەرلەماندا هاتووە، دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق نائاسایی دەبێت و رۆژی 17ی مانگ بەڕێوەدەچێت.

ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای 55 پەرلەمانتارە، کە یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و داوای دانیشتنێکی نائاساییان کردووە.

ئەو 55 پەرلەمانتارە داوایان کردووە، ئاسمانی عیراق بەکارنەهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک.