سەردەمانێک سوریا بەهێزترین هاوپەیمانی ئێران بوو، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا پشتیوانی ئێران رەتدەکاتەوە و بەڵێنیشی داوە رێگە نەدات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنرێت.
دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە چاوەڕوان نەکراوەکەی تەلئەڤیڤ بۆ سەر تاران، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەرچەندە بەشێکیان دۆستی ئێرانیش نین، ئیدانەی هێرشەکەیان کرد.
لەنێوان شەپۆلی ئیدانە و سەرکۆنەی وڵاتانی عەرەبی، یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ناوچەکە، کە پێشتر هاوپەیمانی نزیکی ئێران بوو، بێدەنگی هەڵبژاردوە و تەنانەت بە بەیاننامەیەکیش ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێرانی نەکرد، ئەویش سوریایە.
هۆکاری بێدەنگی سوریا بۆ ئەو گۆڕانە جیۆپۆلەتیکییە سیاسییانە دەگەڕێتەوە کە لە دوای هاتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا رویداوە و چیتر دیمەشق دۆستە دێرینەکەی جارانی تاران نییە.
رۆژگارێک، بریکارەکانی ئێران لە رۆژهەڵات تا رۆژئاوای سوریا چالاکییان دژی ئیسرائیل ئەنجامدەدا، بەڵام لەدوای دەستبەکاربونی، حکومەتی نوێ؛ ئەحمەد شەرع بە ئاشکرا رایگەیاندووە، چیدیکە بریکارەکانی ئێران پێشوازیان لێناکرێت و رێگەش نادەن خاکی سوریا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنن.
بەپێی رۆنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی، بەڵێنەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزەری سوریا، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی رۆژئاوا و ناڕەزاییە لە دژی هاوکارییەکانی ئێران بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، دژی ئەو گروپانەی لەسەردەمی حکومی رژێمی بەعس خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناساند.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە دەرفەت بۆ حکومەتی نوێی سوریا لێکدەدرێتەوە، بۆ سەلماندنی بەڵێنەکانیان و بەدەستهێنانی پشگیری رۆژئاوا، کە شەرع بە هەموو توانایەوە کاری بۆ دەکات.
ئیبراهیم ئەسیل، کە هاوکارێکی پەیمانگای واشنتۆنە بۆ توێژینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نیۆرک تایمزی وتوە، بێدەنگی سوریا ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا کە دیمەشق ئیتر بەشێک نییە لە بەرەی مەقاوەمە و خاکەکەی لەلایەن هیچ هێزێکی ناوچەییەوە بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەکارناهێنرێت.
ئیدارەی نوێی سوریا لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە جۆرێک لە کرانەوەی بە روی ئیسرائیل نیشانداوە، لە هەفتەکانی رابردودا ئەحمەد شەرع گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەڤیڤ لەبارەی دۆسیە ئەمنییەکانی تایبەت بە هەردو وڵات کردوە.
ئیسرائیل لە دوای شەڕی ساڵی 1967 بەشێک لە بەرزاییەکانی جۆلانی سوریای کۆنترۆڵکردووە، دوای لابردنی حکومەتی ئەسەدیش، هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردوە و سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و کۆگاکانی چەک لە سوریا ئەنجامداوە، ئەوەیش بە ئامانجی ئەوەی باشوری سوریا نەکەوێتە دەست گروپە توندڕەوەکان.
لە ئێستادا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا کەمبونەتەوە، ئەمریکاش داوای لە ئیدارەی نوێی سوریا کردوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل پەرەپێبدەن و ئاسایی بکەنەوە، بێدەنگی سوریاش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبنێرێت.
لە تارانی پایتەختی ئێران ماڵەکەی رەزاشا، وەک خۆی ماوە و 46 ساڵ پێش
ئێستا چۆن جێیهێشت هەروا ماوەتەوە، دەمێکە شا کۆچی دواییکردووە، بەڵام ئێستا
کوڕەکەی کە لە ئەمریکایە، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل قسەی خۆی هەیە و لەگەڵ
رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێراندایە، وەک ئەوەشی دەبینرێت رۆژئاوا خواستێتی
دەسەڵاتی شا بگەڕێتەوە.
محەمەد رەزا پەهلەوی، دواهەمین پاشای ئێران بوو کە لە شازدەی ئەیلولی
ساڵی 1941ـەوە تا کاتی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی بە شۆڕشی گەلانی ئێران، لە 11ـی
شوباتی ساڵی 1979ـدا بەسەر ئێراندا حوکمڕانی کرد.
ئێستا 46 ساڵ بەسەر روخاندنی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران تێدەپەڕێت،
بەڵام ماڵەکەی شا لە تاران بووە بە مۆزەخانە و ئەو رۆژەی شا و خێزانەکەی چۆن
جێیانهێشت هەروا ماوەتەوە، دوای زیاتر لە چوار دەیە رەزای کوڕی شا چاوی لەوەیە
کلیلی خانوەکەی رادەستبکرێتەوە و دەسەڵاتی بنەماڵەی شای قاجار بگەڕێنێتەوە بۆ
ئێران
بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران لە هێرشێکی لە ناکاودا، ئیسرائیل زنجیرەیەک
هێرشی فراوانی کرد سەر ئێران، لە هێرشەکاندا موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنرا،
جگە لە کوژارانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسدارانن و چەندین بەرپرسی
سەربازی و ئەمنی نۆ زانای بواری ئەتۆم کوژران.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێرانیش هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل
دەستپێکرد و لەو ڕۆژەوە هێرشی ئەو دوو وڵاتە بۆسەر یەکتری بەردەوامە و کاردانەوەی
زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەشێک لە بۆچونەکان بەدووی نازانن کە ئەمریکا
پشتیوانی بنەماڵەی رەزاشا بکات و بیکات بە بەدیلی دەسەڵاتی ئێستای ئێران
رەزا کە تاقانە کوڕەکەی محەمەد رەزاشای پەهلەوییە کە ساڵانێکە لەگەڵ
خێزانەکەیدا لە ئەمریکا دەژی، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران وتی، ئەمە
جەنگی ئێران و گەلی ئێران نییە، جەنگی كۆماری ئیسلامی و خامنەییە.
رەزا داوای لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان کرد، رێگای خۆیان لە ئەوان
جیابكەنەوە بچنە پاڵ خەڵك و هێرشەی توندی کردە سەر عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی
ئێران و وتی،" ئێمەی دەرگیری جەنگ كردووە و چارەسەر لەناوچوونی كۆماری
ئیسلامیی لەرێگەی ناڕەزایەتیی شەقام و مانگرتنی سەرتاسەرییەوە دەبێت".
هەرچەندە تا ئێستا کەس بەدەم بانگەوازەکەی کوڕی شای پێشوی ئێرانەوە
نەڕۆشتووە، بەڵام تادێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چڕتر دەبنەوە و ئەمریکایش
سێیەم کەشتی جەنگی رەوانەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەشداریکردنی لە
هێرشکردنە سەر ئێران یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.
سەردار عەزیز، مامۆستای زانکۆ لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ لە
نوسینێکدا باسی لەوەکردووە، هەتا بێت ئامانجی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ڕژێم زیاتر زەق
دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ناونراوە شێری
ڕاپەڕیو، ئەم شێر و ڕاپەڕینە ڕەهەندێکی ئێرانیشی هەیە، ئەوەی لە ئاڵای ئێرانی پێش
کۆماردا هەیە بە شێر و خورشید یان خۆر ناسراوە، شێر ئاماژەیە بۆ شا و خورشید یان
خۆر ئاماژەیە بۆ خودای روناکی لە ئاینی میترای پێش زەردەشتیدا.
رونیکردوەتەوە، بەستنەوەی شەڕی ئێران بە شێرەوە گەڕانەوەیەتی بۆ
سەردەمی پێش کۆماری ئیسلامی، دیارە هەرچەند کوڕی شا چانسی کەمە، بەڵام بژاردەی
خوازراوە لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە.
ئێستا گەلانی ئێران و ناوچەکە نازانن ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل و ئێران
چی دەبێت و ناوچەکە چی بارودۆخێکی نوێ چاوەڕێی دەکات، بەڵام دۆخەکە بە هەر
ئاقاردێکدا بڕوات، ئەوا ناوچەکە دەچێتە سەردەم و قۆناغێکی نوێوە.