بنکۆڵکاری

هەڵەی پزیشکی، دەربازبون بەبێ سزا

Mic
2021-07-01

"بە هەڵە و کەمتەرخەرمی و نەزانی دکتۆرەکان، چرایەکی گەورەی ئومێدی ژیانمانیان کوژاندەوە"، قوربانییەکی دەستی هەڵەی پزیشکی وا دەڵێت کاتێك کەمتەرخەمی چەند پزیشکێک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوسەرەکەی.

قوربانییەکە، کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باس لەوە دەکات بەهۆی لێدانی دەرزییەک لە نەخۆشخانە هاوسەرەکەی گیانی لەدەستداوە لەکاتێکدا پزیشکەکان ویستوویانە چارەسەری پێ بدەن لەبەر هەبوونی بەردی گورچیلە.

هەڵەکە بووە هۆی تێکدانی مانگی هەنگوینی لە قوربانییەکە کە تەنها سێ رۆژ بوو هاوسەرگیرییان کردبوو.

"لە سلێمانی چووینە لای پزیشکێکی پسپۆری گورچیلە، وتی هیچ نییە... دوو بەردی گورچیلەی هەیە... هەروا بە پێکەنینەوە دوو دەرزی بۆ نوسیم وتی لە لاکۆڵان لێی بدە"، قوربانییەکە وا دەڵێت.

ساڵانە لەهەرێمی کوردستان، سەدان کەس دەبنە قوربانی هەڵەی پزیشکەکان، کە زۆربەی جار کەیسەکان ناچنە دادگاکان و نەخۆش ناچارە دەستبەرداری مافی خۆی بێت.

هەڵەى پزیشکى واتا کەمتەرخەمى پزیشک لە کاتى چارەسەر کردنى نەخۆشدا، وەک نەشتەرگەرى هەڵە، پێدانى دەرمان بە هەڵە، دەستنیشان کردنى جۆرى نەخۆشیەکە بە هەڵە، جێهێشتنى کەلوپەلى پزیشکى پاش نەشتەرگەرى لە جەستەى نەخۆشدا،شێواندنى جوانکارى و بێباکى لە چارەسەرى کوتوپڕ.

نەشمیل یاسین قوربانییەکی تری هەڵەی پزیشکییە کە لە زگماکەوە ناڕێکی لە دەموچاویدا هەیە و پزیشکەکان چەندین نەشتەرگەری جوانکارییان بە هەڵە بۆ کردووە.

"پزیشکەکە لەکاتێکدا تیشک (ئەشیعە)کانی پێشتری منی لابوو، دەیزانی کە شەویلگەی من ئێسك وەرناگرێت و دەتوێتەوە بەڵام بە هەمان ئازار و هەنگاو دووبارە ئێسکی بۆ دانامەوە و دووبارە ئەمیش توایەوە"، نەشمیل وا دەڵێت.

هەڵەى پزیشکى پرسێکى جیهانیە، بەڵام لەزۆربەی ووڵاتاندا، بەیاسا رێکخراوە، بە نمونە لە ووڵاتێکى وەکو ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ساڵانە 250هەزار کەس بە هەڵەى پزیشکى  گیانلەدەست دەدەن.

هەرێمى کوردستانیش بە دەر نیە لە هەڵەى پزیشکى و بەپێی ئاماری سەندیکاى پزیشکان بەراورد بە زیاد بوونى جۆرى نەخۆشیەکان و بەرزبونەوەى ڕێژەى دانیشتوان هەڵە پزیشکیەکانیش زیادى کردووە.

لە دادگاکاندا بە پێى ماددەى 411 بڕگەى 1،2 لە یاساى سزادانى عێراقى مامەڵە لەگەڵ کەیسى هەڵەى پزیشکى دەکرێت. سزاى کەسى کەمتەرخەم بریتیە لە زیندانى کردن و پێبژاردن یان یەکێک لەو سزایە کە بەپێى جۆرى هەڵەکە سزاکە دیارى دەکرێت.

ئەگەرچى هەڵە پزیشکیەکان لە هەرێمى کوردستاندا زۆرن بەڵام کەمترین سکاڵا دەبرێتە دادگاکان هۆکارەکەشى بۆ دەستنەکەوتنى بەڵگەى پێویست لەلایەن نەخۆشەوە  یان کاریگەرى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و ئاشتەواى کردن لە دەرەوەى دادگا یاخود پرسى سەروەر نەبوونى یاسایە.

ئەشواق نەجیب، پارێزەری راوێژکار، لەو بارەیەوە دەڵێت: هۆکاری ئەوەیە کە یاساکە هاوکار نییە.. قوربانییەکان هۆشیارییان نییە و نازانن کە دەبێ سکالا تۆمار بکەن لە حاڵەتێکی وەهادا.


More News

Most Popular

هەواڵ

پەرلەمانی کوردستان دەخرێتەوە ژێر رەحمی چەکوشی دادگای فیدراڵی عێراق

Mic
2025-05-08

دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.  

 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.

دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.

ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.

عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".

کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.

دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە. 

نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.

ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.

دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.