یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی
عێراق دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لاری نییە، بە مەرجێک ئەو بابەتە
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەرقاڵی
گفتوگۆکردنن بۆ دروستکردنی لیستێکی هاوبەش لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق
تا زۆرترین دەنگ کۆبکەنەوە.
دەزگای هەڵبژاردنی هەردوو حزبەکە بۆ تاوتوێکردنی هاوپەیمانێتی لە
هەڵبژاردنی داهاتوو یەک کۆبوونەوەی بێ ئەنجامیان کردووە، ئەوەیش تەنها بۆ
تاوتوێکردنی پرسەکە.
پەنابردنی پارتی و یەکێتی بۆ لیستی هاوبەش، لەبەر ئەو یاسایەیە کە
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی پێئەنجام دەدرێت، چونکە یاساکە لە بەرژەوەندیی
حزب و هاوپەیمانێتییە گەورەکانە.
دروستکردنی لیستی هاوبەش لەم هەڵبژاردنەدا بیرۆکەی یەکێتییە، بە
تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەک بافڵ
تاڵەبانی رایگەیاندووە، "خۆی ئەو پێشنیازە بۆ پارتی دەکات".
پارتی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی ئامادەیی بۆ
گفتوگۆکردن دەبڕیووە، دەسەڵات دەداتە مەکتەبی سیاسیی تا ئەوان بڕیاری کۆتایی بدەن.
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆنگرەیەکی
رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشداریکردنی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان بە یەک لیست
زۆر گرنگە، چونکە کورد کێبڕکێ لەگەڵ لایەنە "غەیر" کوردییەکان
دەکات و یەک دەنگیش بۆ کورد زۆرە.
لە لێدوانی بەرپرسانی باڵای پارتییەوە دەبینرێت، حزبەکە لە
ناوخۆی هەرێمی کوردستان چاوی لە یەک لیستی نییە، وەک ئەشواق جاف وتی،"
کورسییەکان لە هەرێمی کوردستان دابەشکراون، کێبڕکێکە لە نێوان حزبە
کوردییەکاندایە".
یەکێتی تەبایی لە بەغدا بە کلیلی سەرکەوتن دەبینێت، لەتیف نێروەیی،
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە
هەڵبژاردنەکانی رابردوودا کە یەک لیست نەبوون کورد بەشێکی دەنگەکانی فەوتاوە و
کورسی کەمتریشی بە دەستهێناوە".
یەکێتی خوازیارە لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردندا، کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی
ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پارتی و یەکێتی بە یەک لیست بەشداریی بکەن، بەڵام وەک لەتیف نێروەیی وتی، "دروستکردنی لیستی هاوبەش لە
ناوچە دابڕێندراوەکان گرنگترە".
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە
دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی
پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021
بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.