گۆڕانی کوردسات وەڵامی گۆڕانی گردی زەرگەتەی دایەوە کە ڕایانگەیاندبوو، 5ـی نیسان کۆنگرە دەکەن و دەڵێت، ناتوانن ئێوە کەمینەیەکی تەوریسچین. سەرچاوە ئاگادارەکانی ناو گۆران دەڵێن، زۆرینەی ململانێکان لەسەر موڵکەکانی گۆڕانن.
باڵە جیاوازەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرە مەرگیشدا واز لە ململانێی ناوخۆیی دوایین پڕۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفا ناهێنن و ئاگر لە پووشی ناکۆکییەکان بەردەدەن.
ململانێی باڵەکانی گۆڕان لە کاتێکدایە، ژمارەی کورسییەکانی بزوتنەوەکە لە 25 کورسی پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ تەنها یەک کورسی کەمبووتەوە، زیاتر لە 400 هەزار دەنگدەریش لە بزوتنەوەکە تۆراون.
دیجیتاڵ میدیای Mic لەگەڵ بڕیار بەدەستانی هەردوو باڵەکەی گۆڕان قسەی کردووە و زانیاریی تایبەتی لەبارەی ناکۆکییەکانەوە دەستکەوتووە.
بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی ناو بزوتنەوەی گۆران، ناکۆکییەکانی ئێستا لەسەر پڕۆژە سیاسیەکە نییە، بەڵکو زۆرینەی ناکۆکییەکان لەسەر ئەو دامەزراوە، موڵک و باڵەخانەن کە بەناوی بزتنەوەکەن.
بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی خاوەندارێتی دامەزراوەی میدیای گۆران دەکات کە پێکهاتووە لە کەناڵی کەی ئێن ئێن، رادیۆی دەنگی گۆران و سایتی فەرمی گۆڕان، خاوەنی چەندین موڵکە کە زۆرینەیان ئەو باڵەخانەنان کە مەکۆکانی گۆڕان و نوسینگەی کەناڵی کەی ئێن ئێن لە شارە جیاوازەکان لە خۆدەگرن.
باڵە جیاوازەکانی گۆڕان ئێستا دەیانەوێت لە رێگەی کۆنفرانسی نیشتمانی (کۆنگرە)وە خاوەندارێتی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرژەوەندی لایەک یەکلایی بکەنەوە.
بەپێی نوسراوێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزوتنەوەی گۆران لە بەرژوەندی باڵی کوڕانی نەوشیروان مستەفا یەکلایی دەبێتەوە، وەک لەو نوسراوەدا هاتووە، بزوتنەوەی گۆڕان لە 5ـی نیسان لە گردی زەرگەتە کۆنفراسی نیشتمانی دەبەستێت.
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کە سەر بە باڵی گردی زەرگەتەن و لەلایەن چیا نەوشیروان مستەفاوە سەرۆکایەتی دەکرێت لە رایگەیەندارێکدا کە هاوپێچی نوسراوەکەی کۆمیسیۆنی تێداکراوە بڵاویکردەوە، پشت ئەستور بە یارمەتی گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لە (بەرەی دەستور) حەق بەسەر باتڵدا زاڵ بو و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری.
باڵی گۆڕانی گردی زەرگەتە باڵی کوردسات کە لەلایەن دانا ئەحمەد مەجیدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بە کودەتاچی ناوبردووە و رایگەیاندووە، بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە.
دوای نزیکەی 24 کاتژمێر، باڵی کوردساتی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی راگەیەندراوەکەی دایەوە و رایگەیاند، ئەوە کەمینەیەکی تەورسچین و ناتوانن کۆنگرە بکەن.
ئەو باڵەی بزوتنەوەی گۆران هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی بڵاونەکردوەتەوە، تەنها باسی لەوەکردووە، "بزوتنەوەی گۆڕان بە هەماهەنگی و لەژێر چاودێری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆنفرانس گرێ ئەدا".
سەبارەت بە شوێنی کۆنفرانسەکەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، ئەم کۆنفرانسە لە کات و شوێنێک ئەبێت، کە گونجاو بێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم رێکارە ڕێکخراوەییە. بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری کراوە.
بریکارنامەیەک کێشەکانی گۆڕان تەقاندەوە
عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای ئەوەی بریكارنامەیەكی لە فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی بۆ دانا ئەحمەد مەجید كردەوە و ڕۆژی 18ـی ئەیلولی 2024، لە نوسراوێكدا بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوایكرد، دانا ئەحمەد مەجید بە وەكالەت وەك رێكخەری گشتیی گۆڕان بناسێنێت، هەمان رۆژ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی نوسراوەكەی دایەوە و دانا ئەحمەد مەجیدی وەك رێكخەری گشتیی گۆڕان بە وەكالەت بۆ ماوەی شەش مانگ ناساند.
بریكارنامەكەی عومەر سەید عەلی بۆ دانا ئەحمەد مەجید گرفتێكی دیكەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستكردووە، بەشێك بریكارنامەكە بە یاسایی دەزانن و بەشێكی دیكەش كە خۆیان وەك زۆرینە دەناسێنن ڕەتیدەكەنەوە.
رێکخەر و خانە هەڵنەبژێردران
بڕیاربوو، بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژی 5ـی ئەیلولی 2024 هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی ئەنجام بدات، هەروەها ڕۆژی 7ـی ئەیلولی 2024یش، هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بکات، بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆیییەکانەوە بزوتنەوەکە نەیتوانی ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدات.
بزوتنەوەی گۆڕان
ڕۆژی 11ـی نیسانی 2009 نەوشیروان مستەفا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوست"ی لەندەنی ژمارە 11092 ئاشکرای کرد کە رێبەرایەتی لیستێکی تایبەت دەکات، جیاواز لە لیستی حیزبەکانی تری کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.
ڕۆژی 28ـی نسیانی 2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە 159 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ناساند. بۆ بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 27-8-2009 بە نوسراوی ژمارە 32 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ناساند.
مێژوی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ 31ـی ئایاری 2010 کاتێ لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە 13382 مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.
بزوتنەوەی گۆڕان خۆی ڕۆژی 25ـی تەموزی 2009 وەک ساڵڕۆژی دامەزراندنی دادەنێت، کە یەکەم بەشداریی سیاسی گۆڕان بووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.
سەنگی بزوتنەوەی گۆڕان
لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 25ـی تەموزی 2009 بەڕێوەچوو، لیستی گۆڕان 25 کورسی پەرلەمانی لە کۆی 111 کورسی بەدەستهێنا، وەک دووەم فراکسیۆنی پەرلەمان بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كه ڕۆژی 7ـی ئازاری 2010 بهڕێوهچوو لیستی گۆڕان بووه خاوهنی هەشت کورسی و پێنجەم فراکسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان كه 21ـی ئەیلولی 2013 بهڕێوهچوو لیستی گۆڕان، 24 كورسی بهدهستهێنا.
لە هەڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق لە ڕۆژی 30ـی نیسانی 2014 بەڕێوەچوو، لیستی گۆڕان توانی 9 كورسی بهدهست بهێنێت.
لیستی گۆڕان له هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە 12ـی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، 5 کورسی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش کە 30ـی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، لیستەکە 12 کورسی بە دەستهێنا.
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق کە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو لەگەڵ یەکێتی بە لیستێکی هاوبەش بە ناوی هاوپەیمانی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی کرد، بەڵام گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەک بە دەستبهێنێت، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش تەنها یەک کورسی بەدەستهێنا.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.